ئازەربایجان و ئەرمینیا لە واشنتن کۆبوونەوە

گفتوگۆ لەبارەى پرسی قەرەباخ کرا

بەمیوانداری ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەیهون بایرامۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان و ئارارات میرزۆیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا  لە واشنتن کۆبوونەوە، ناوەرۆکى کۆبوونەوەکە پرسی قەرەباخ بوو.

وەزیرانی دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا بە مەبەستی دانوستان بۆ هێنانەدی ئاشتی لەنێوان هەردوو وڵات بۆ جاری دووەم کۆبوونەوە. پێشتر بلینکن، بایرامۆڤ و میرۆزیان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆببوونەوە.

پێش کۆبوونەوەکە، بلینکن رایگەیاند، وەک بەردەوامیدان بەو دانیشتنەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستمانپێکرد کۆدەبینەوە و وڵاتەکەم، پابەندە بە دانوستانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەپێناو هێنانەدی ئاشتی.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە جەختکردنەوە، کە باشترین رێگە بۆ هێنانەدی ئاشتییەکی یەکجارەکیی، دیالۆگی راستەوخۆیە، گوتی: “زۆر خۆشحاڵین” پشتیوانی لەوە دەکرێت، ئەمریکا پشتیوانی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی ئەرمینیا و ئازەربایجان دەکاتەوە.

بلینکن ئاماژەی بەوەدا، پرسی قەرەباخ و بەردەوامیدان بە پێکدادانەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ زیانی زۆرى مرۆیی و ماددی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینین هەنگاونانی راستەقینە و بوێرانەی هەردوولایە بۆ هێنانەدی ئاشتییەکی یەکجارەکی و بەجێهێشتنی رابردوو، هەردوو وڵات هەوڵدەدەن بۆ هێنانەدی ئاشتی لە باشوری قەفقازیا و بونیادنانی داهاتوویەکی پڕشنگدارتر.

لە 27ی ئەیلولی ساڵی 2020دا، سوپای ئازەرباینجان بە پشتگیری تەکنیکی تورکیا هێرشی کردە سەر هەرێمی قەرەباغ کە دەیان ساڵ بوو، ناوچەیەکی جێناکۆکی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بوو.

سەرەنجام دوای 44 رۆژ شەڕ و پێکدادان زۆربەی هەرێمی قەرەباغ کە ‘کوردستانی سور’ لەوێ دامەزرابوو، لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە کۆنتڕۆڵکرا.

چەندین جار سوپای ئەرمینا هێرشی پێچەوانەی ئەنجامدا، بەڵام نەیتوانی هەرێمەکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. بۆ ئەوەی شەڕەکە زیاتر درێژە نەکێشێت، روسیا و ئەمریکا بەجیا نێوەندگیریان کرد و ژمارەیەک رێککەوتن لەنێوان باکۆ و ئێریڤاندا واژۆکران کە تاوەکو ئێستاش لەبارەی هەندێک پرسی ناوچەکە، کۆبونەوە و دانوستان بە نێوەندگیری ئەمریکا و روسیا بەڕێوە دەچن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button