چوار وڵات لەسەر کێشەى کوردستانى سور ناکۆکن

کوردستانی سور، یاخود قەرەباخ یاخود ناگۆرنو، ئەو خاکە دێرینەی کوردانە کە زیاتر لە 100 ساڵە ئەرمەن و ئازەربایجان لەسەری شەڕیانە. جگە لەوە ئێران و تورکیاش هاتونەتە نێو ناکۆکیەکان و دەیانەوێت کێشەی ناوچەکە بە بەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێبهێنن.

کێشەی قەرەباخ، پێشتر وەک کێشەیەکی نێوان ئەرمینیا و ئازربایجان دەبینرا، بەڵام بە لێدوانێکی رەجەب تەب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کە سەردانی ئازەربایجانی کردبوو، ئاشکرا بوو کە ئەکتەرەکانی پشت شەڕەکە ئێران و تورکیان.

ئەردۆغان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا کە ئیلهام عەلیەف سەرۆکی ئازەربایجانیش ئامادە بوو، گوتی، ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەرمینیا نییە، بەڵکو کێشەی رێرەوی زەنگەزور ئێرانە.

پێشتر کێشەی رێرەوی لاچین هۆکاری شەڕ و پێکدادانەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان بوون، بەڵام لە ئێستادا رێرەوی زەنگەزور بووەتە هۆی ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەڵام ئەم جارە نە تورکیا و نە ئێران، بیدەنگ نین لەم پرسەدا.

رێرەوی زەنگەزور کە ئازەربایجان دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بکات و لەو رێگەیەوە بگاتە هەرێمی نەخچەوان و لەوێشەوە بۆ تورکیا، دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەموو جۆرە پەیوەندیەکی زەمینی ئێران و ئەرمینیا کۆتایی پێبهێندرێت. لەبەرئەوەی ئێران و ئەرمەنستان تەنیا 44 کیلۆمەتر سنوریان لەنێواندا هەیە.

ئازەربایجان و تورکیاش تەنیا ئەو رێرەوە شک دەبەن کە لە رووی زەمینیەوە بە یەک بگەن و بەتایبەتی کە لەم ماوەیەی دواییدا، یەکدیان وەک یەک گەل لە دوو وڵاتدا پێناسە کردووە و رایانگەیاندووە، لە هەموو روویەکی ئەمنی و سیاسی و بازرگانیەوە پێکەوە هەنگاو دەنێن.

لە چەند مانگی رابردوودا، ئیسرائیلیش رایگەیاندووە کە لە رووی دابینکردنی کەرەستە سەربازیەکان و چەکەوە هاوکاری ئیسرائیل دەکات. بۆیەش ئێران پێی وایە، هەوڵەکانی ئازەربایجان و تورکیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێرەوی زەنگەزور، دەستی ئیسرائیلیشی لە پشتەوەیە.

رێرەوی زەنگەزور لەلایەکی دیکەوە لە بەرژەوەندی ئەوروپاشە، بەو پێیەی دەتوانرێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە روسیا بێت، گازی سروشتی ئازەربایجان لەو رێگەیەوە بە تورکیا و لەوێشەوە بە ئەوروپا بگەیەندرێت. بۆیەش لە ئێستادا رێرەوی زەنگەزور بووەتە خاڵێکی گرنگ بۆ ناوچەکە و جیهان و ئەگەری هەیە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت تاوەکو بەرپابوونی جەنگێک لە ناوچەکە هەنگاو بنێت، بەتایبەتی بە دەستوەردانی روسیا کە رۆڵێکی گرنگی لە کێشەکانی قەفقاسیای باشوردا هەیە.

دوای پێکدادانەکانی ساڵی 1993 لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دۆخی ناگۆرنۆ قەڕەباغ کە لەلایەن کوردانەوە وەک (کوردستانی سور) دەناسرێت، تاڕادەیەک ئارام بوو، تاوەکو ساڵی 2020.

کوردستانی سور، ناوی لە ناوانا نەمابوو، هەرێمەکە وەک ئارتساخ دەناسرا و لەژێر دەسەڵاتی ئەرمینیادا بوو. لە ناوەڕاستی ساڵی 2020دا ئازەربایجان رایگەیاند، هیچ هەرێمیک بەناوی ئارتساخ ناناسن و ئەو ناوچەیە قەرەباخە و بەشێکە لە خاکی ئازەربایجان.

لە ئەنجامی زیادبوونی لێدوانی توندی بەرپرسانی ئازەربایجان و ئەرمینیا، لە 17ی ئەیلولی هەمان ساڵدا، شەڕ لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەستیپێکرد.

جەنگەکە تەنها چەند مانگێکی خایاند، بەڵام ئەنجامەکەی لە سودی ئازەربایجان و لە زیانی ئەرمینیا کۆتایی هات. بە نێوەندگیری روسیا، سنورەکانی قەرەباخ سەرلەنوێ کێشرانەوە و ئازەربایجان 60٪ ئەو خاکەی، کە لە ساڵی 1994 لەدەستیدابوو بە هاوکاری تورکیا وەریگرتەوە.

سوپای ئازەربایجان لە ماوەی 44 رۆژدا پێنج شار و چوار ناوچە و 286 گوندی کۆنترۆڵکردەوە، کە گرنگترینیان شار و ناوچە و گوندە کوردییەکانی وەک، لاچین (ناوەندی کوردستانی سور)، کەلبەجار، قوبادلی، شوشە، بەردە و زەنگلان بوون. شەڕەکە لەسەر زێدی کورد کرا، ئەمجارەش دەیان کوردی ناوچەکە کوژران. بەم شێوەیە هیچ کوردێک لە کوردستانی سور نەماوە، یان ئەگەر مابێت، بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button