“ئەمڕۆ من خەونێکم هەیە”

ساڵڕۆژى گوتارە بەناوبانگەکەى مارتن لوسەر کینگە

زووم

ئەمڕۆ 60 ساڵ بەسەر گوتارە بەناوبانگەکەى مارتن لوسەر گینگ رێبەرى شۆڕشى ڕەشپێستەکاندا تێپەڕ دەبێت، کە لە واشتن بۆ رەتکردنەوەى جیاکارى نێوان سپی پێست و رەشپێستەکان پێشکەشیکرد.

ئەو بەمشێوەیە دەستى بە گوتارەکەى کرد:

ئێستا کاتی ئەوەیە لە دۆڵە تاریک و چۆڵەکانی جیاکارییەوە هەستینەوە بەرەو راڕەوی شەبەقی دادپەروەری رەگەزی.

ئێستا کاتی دەرهێنانی نەتەوەکەمانە لەنێو لیتەی ستەمکاریی رەگەزی و خستنی بۆ سەر تاوێری بتەوی برایەتی.

ئێستا کاتی ئەوەیە وابکەین دادپەروەری ببێتە واقیعی هەموو منداڵانی خودا.

ئەم هاوینە گەرمەی داواکارییە رەواکەی رەشپێستەکان نابێت کۆتایی بێت، هەتا پایزی پڕ جۆش و خرۆشی ئازادی و یەکسانی بەدوای خۆیدا نەهێنێت.

باهۆزی شۆڕش بەردەوام دەبێت بۆ هەژاندنی سەراپای دامەزراوەکانی وڵاتەکەمان، هەتا ئەو کاتەی رۆژی گەشی دادپەروەری سەرهەڵدەدات.

هاوڕێیان ئەمڕۆ پێتان دەڵێم با نەتلێینەوە لەناو دۆڵی نائومێدیدا، ساڵی 1963 کۆتایی نییە، بەڵکو سەرەتایەکە.

“من ئەمڕۆ خەونێکم هەیە”

بەر لە گوتنی ئەم وشانە، لە ئەمریکا رێگە نەدەدرا رەشپێست و سپیپێست پێکەوە لە پۆلێکدا بخوێنن، مافی دەنگدانیان نەبوو، نەیاندەتوانی لە رێستۆرانتەکاندا دابنیشن، تەنانەت رێگەیان پێنەدەدرا سواری پاس ببن، بەڵام شۆڕشی رەشپێستەکان هەموو کۆت و بەندەکانی تێکشکاند و بۆ هەتاهەتایە گوتارە مەزنەکەی مارتن لوسەر کینگ، رێبەری شۆڕشەکەش لە گوێی مرۆڤایەتیدا دەزرنگێتەوە، کە کۆتایی بە جیاکاری رەگەزی بەرامبەر بە رەشپێستەکان هێنا.

مارتن لوسەر کینگ، ساڵی 1929 لەدایکبووە، خانەوادەکەی لەو هاوڵاتییە ئەفریقییانەیە، کە لە سەدەی 16 بەدواوە، وەکو کۆیلە گوازرانەوە بۆ ئەمریکا، باوکی تاوەکو لە ژیاندا بوو کرێکار بوو.

مارتن چالاکێکی سیاسی و مافی مرۆڤ بوو دکتۆرای لە فەلسەفەدا هەبوو، دژی جیاکاری رەگەزی بوو لە ئەمریکا، یەکێکە لە دیارترین ئەو کەسایەتییانەی بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ خەباتی کردوە.

سەرەتا رێکخراوێکی بۆ داکۆکی لە مافی هاوڵاتییە ئەفریقییە ئەمریکییەکان دامەزراند و جیاوازی نێوان رەشپێست و سپیپێستەکانی رەتدەکردەوە، دواتر خۆپیشاندانی دەستپێکرد.

ئەو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی ساڵی 1962 لە شاری سەلمای ویلایەتی ئەلاباما خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، بۆ داواکردنی مافی رەشپێستەکان، زیاتر لە ساڵێک بێ وەستان بەردەوام بوون، تاوەکو شەپۆلی ناڕەزایەتی گەیاندە واشنتۆنی پایتەخت.

 

دەنگی زیندوو

ساڵی 1862 ئەبراهام لینکۆڵن، 16 هەمین سەرۆکی ئەمریکا، لەسەردەمی جەنگی ناوخۆی وڵاتەکەیدا بڕیاری ئازادکردنی کۆیلەکانی دەرکرد و رێگە بە رەشپێستەکان درا بچنە نێو سوپاوە و راهێنانیش بە کۆیلەکان کرا ببنە جەنگاوەر.

لە کۆتایی ساڵی 1865 دەستوری نوێی ئەمریکا پەسەندکرا و سیستمی کۆیلایەتی هەڵوەشاندەوە و زیاتر لە 10 هەزار کۆیلەش ئازادکران.

هەرچەندە بەگوێرەی دەستور و بەفەرمی کۆیلایەتی کۆتایی پێهێندرا، بەڵام لەمامەڵەکردندا جیاوازی رەزگەزی بەردەوام بوو، لە هەندێک شوێن زیاتریش بوو، تەنانەت رێگە نەدەدرا رەشپێستێک و سپیپێستێک لە یەک دەستشۆر، دەست بشۆرن.

بەکەمزانینی رەشپێستەکان لە واقیعدا کۆتایی پێنەهێندرا، هەربۆیە شۆڕشی مەدەنیانەی رەشپێستەکان بە سەرکردایەتی مارتن لوسەر رۆژ لەدوای رۆژ فراوانتر دەبوو.

 

ئەو رۆژە مارتن لوسەر کینگ گوتارە مێژوییەکەی پێشکەشکرد و گوتی:

دەنگی زیندوو

هاوڕێیانم هەرچەندە ئەمڕۆ یان سبەی روبەڕوی ئاستەنگ دەبینەوە، بەڵام من هێشتا خەونێکم هەیە، خەونێک، کە رەگوریشەی لە خەونی ئەمەریکیيەکانەوە سەرچاوەی گرتوە.

خەونێکم هەیە رۆژێک دێت ئەم نەتەوەتە سەردەکەوێت و ئەم راستییە بەرجەستە دەکات، کە هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی دروستکراون.

خەونێکم هەیە رۆژێک بێت هەر چوار منداڵە خنجیلانەکەم لە وڵاتێکدا بژین بەهۆی رەنگی پێستیانەوە حوکمیان بەسەردا نەدرێت، بەڵکو بەهۆی لێهاتوییانەوە بێت.

خەونێکم هەیە رۆژێک لەسەر تەپۆڵکە سورەکانی جۆرجیا نەوەی کۆیلەکانی پێشوتر و نەوەی خاوەن کۆیلەکانی پێشوتر، بتوانن پێکەوە لەسەر مێزی برایەتی دابنیشن.

ئەمڕۆکە من خەونێکم هەیە!

خەونێکم هەیە رۆژێک بێت لە ئەلاباما، کوڕ و کچی رەشپێست لەگەڵ کوڕ و کچی سپیپێست دەست لەناو دەست وەک خوشک و برا پێکەوە هەڵ بکەن.

ئەمە ئومێدی ئێمەیە، بەم بیروباوەڕەوە دەتوانین تاشەبەردی هیوا لە شاخی نائومێدی دابتاشین. دەتوانین دەنگی ژاوەژاوی نەشازی، وڵاتەکەمان بگۆڕین بە سیمفۆنیای دڵگیری برایەتی.

بەم بیروباوەڕەوە دەتوانین پێکەوە کار بکەین، پێکەوە نوێژ بکەین، پێکەوە رکابەری یەکتری بکەین، پێکەوە بچینە زیندان، پێکەوە هەستینە سەرپێ لەپێناو ئازادیدا.

دەزانین ئەو رۆژە هەردێت، کە ئازاد ببین.

مارتن لوسەر، کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو، گوێی بەو هەڕەشانە نەدەدا، کە بەردەوام لەسەری بوو، رۆژی 3ی نیسانی 1968 لەبەردەم سەدان کەس گوتی “لە کەس ناترسم”.

 

رۆژێک دواتر ئەوکاتەی لە بەلەکۆنی ژورەکەی وەستابوو، لە نهۆمی دوەمی هۆتێلی لۆریان لە ویلایەتی تێنسی، کاتژمێر 6:05 خولەکی ئێوارە بە فیشەکێک تیرۆرکرا.

شۆڕشی مەدەنیانەی رەشپێستەکان، بوو بە وەرچەرخانێک لە مێژوی ئەمریکادا و جیاوازی رەگەزی لەگەڵ خۆی راماڵی.

ساڵی 2009 باراک ئۆباما، وەک یەکەم هاوڵاتی رەشپێست بوو بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.

بەوشێوەیە هاوینی گەرمی داواکاری رەشپێستەکان کۆتایهات و پایزی پڕ جۆش و خرۆشی ئازادی و یەکسانی بەدوای خۆیدا هێنا، وەک ئەو دروشمەی مارتن لوسەر کینگ بەرزی کردبووەوە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button