خۆپیشاندەرانى پیرۆ رێگەى هاتوچۆ لەگەڵ دراوسێکانى دادەخەن

لە باشورى پیرۆ قەدەغەى هاتوچۆ راگەیەندراوە

زووم, ئاژانسەکان:

سەدان خۆپیشاندەرى پیرۆ، رۆژی پێنجشەممە 12ى کانوونى دووەم رێگەی خێرای  وڵاتەکەیان داخست، رێگەکە پیرۆ و شیلی پێکەوە دەبەستێتەوە.

خۆپیشانەکان لە رۆژى 8ى کانوونى یەکەمەوە بەردەوامن، لە رۆژێکی نوێی خۆپیشاندانەکاندا، خۆپیشاندەران داوای هەڵبژاردنی گشتی و دورخستنەوەی دینا بۆلورتێ، سەرۆکى وڵاتەکە دەکەن، ئەوان داواى دادپەروەری بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و راگرتنى توندوتیژییەکان دەکەن.

لە ناوچەی پونۆ قەدەغەى هاتوچۆیە راگەیەندراوە

حکومەتى پیرۆ، رۆژی سێشەممە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی لە ناوچەی پونۆی باشوری وڵاتەکەی دەرکرد، دوای ئەوەی رۆژێک پێشتر لە شەڕ و پێکدادانی توندوتیژی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا 18 کەس کوژران.

ئەلبێرتۆ ئۆتارۆلا، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە رایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، لە کاتژمێر 8:00ی ئێوارە تاوەکو 4:00ی بەیانی بە کاتى ناوخۆیی ناوچەکە.

روداوە کوشندەکانی رۆژی دووشەممە، کاتێک دەستیپێکرد، کە گروپێکى نزیکەی دوو هەزار کەسی هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر فڕۆکەخانەی شاری جولیاکا، کە دەکەوێتە هەزار و 300 کیلۆمەتر لە باشوری لیما لە شاری پونۆ.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ئەوکاتە دەستیپێکرد، کە رۆژى 7ی کانوونی دووەم پێدرۆ کاستیلۆ، سەرۆکى پیرۆ بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى و حکومەتى دەرکرد، بەڵام پەرلەمان هەڵنەوەشایەوە و بەزۆرینە بڕیارى لەکارلادانى کاستیلۆى دەرکرد.

کاستیلۆ دەستبەسەرکرا و دادگاى باڵاى وڵاتەکە بڕیاریداوە تاوەکو 18 مانگ بەدەستبەسەرکراوى بمێنێتەوە. پێشئەوەى دادگایی بکرێت، ئەوە لایەنگرانى توڕەتر کرد و داواى ئازادکردنى دەکەن.

وڵاتەکە روبەڕوى قەیرانى سیاسی و ئەمنیی بووەتەوە، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا نزیکەى 50 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.

داواى هەڵبژاردنى پێشوەختم کردووە

دینا بۆلورتێ، سەرۆکى پیرۆ

ئەنجامدانى هەڵبژاردن یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانى خۆپیشاندەران، دینا بۆلورتێ، کە شوێنی کاستیلۆی گرتەوە رایگەیاند، پێشتر پێشنیازی هەڵبژاردنى پێشوەختەى بۆ پەرلەمان کردووە.

ئەو دەڵێت، تاکە شتێک لە دەستماندایە هەڵبژاردنى پێشەوەی هەڵبژاردنەکانە و پێشتر پێشنیازمان کردووە. “لەکاتی ئاشتیدا، هەموو شتێک بەدی دەهێنرێت، بەڵام لەنێو توندوتیژی و ئاژاوەگێڕیدا قورستر دەبێت.”

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button