وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: بۆ هەمیشە لە عێراق نامێنینەوە

دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، گفتوگۆی ئەمریکا و عێراق تایبەتمەندییەکانی قۆناغی داهاتووی دیاریکردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا “هەوڵی مانەوەی هەمیشەیی سەربازی نادات لە عێراق”.

قسەکانی سترۆڵ لە چاوپێکەوتنێکی بوو لەگەڵ کەناڵی “الحرة”ی ئەمریکی و جەختیکردەوە، “ئێمە لە قۆناغێکی نوێین لە هاوبەشی بەرگریی لەنێوان ئەمریکا و عێراق.”

گوتیشی، “دەخوازین ئێران هیچ دەنگ و کاریگەرییەکی بەسەر بڕیاربەدەستانی ناوچەکەدا نەبێت.”

لە دوو رۆژی رابردوودا، شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق بە بەشداری شاندی وەزارەتی پێشمەرگە چوونە ئەمریکا و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا هەردوولا پشتیوانی و پابەندبوونی خۆیان بۆ کاری هەماهەنگی لەبواری ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە دووپاتکردەوە.

وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا لەبارەى کۆبوونەوەکە رایگەیاند، هەردولا پابەندبوونی خۆمان بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی ئەمنیی عێراق و توانا بەرگرییەکانی وڵاتەکە دووپاتکردووەتەوە. ئامادەیی ئەوەشمان نیشانداوە پەیوەندییە هەماهەنگیی ئەمنییەکانیان قوڵتر بکەینەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردولا لە رێگەی ئاسایش، سەروەریی و سەقامگیری خاکی عێراقەوە.

وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا جەختدەکاتەوە هیچ هێزێکی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراقدا نییە و ئەوەی هەیە کارمەندی سەربازی ئەمریکین، کە لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ راهێنان، راوێژکردن، هاوکاریی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هێزە عێراقییەکان ماونەتەوە، کە مەبەست لێی پشتیوانی عێراقە لە روبەڕوبوونەوەی شانە نوستووەکانی داعش.

هەروەها شاندەکان لەبارەی پێویستی بەپەلەی ئاوارەکان و دەستبەسەرکراوانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا) گفتوگۆیانکرد و رایانگەیاند، دەبێت بەپەلە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانی خۆیان و تێکەڵ بە کۆمەڵگاکانیان ببنەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button