هاکان فیدان و سیاسەتی نوێی تورکیا لە عێراق؛ ئاشتبوونەوە لەگەڵ یەکێتی

هاکان فیدان، وەزیری تازەدانراوی دەرەوەی تورکیا کە متمانەپێکراوی سەرسەختی ئەردۆغانە ئەرکی نوێی هەیە لە عێراق، هەر لە هەرێمی کوردستان و ئاشتبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و بەردەوامی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی، تا دەگاتە هێشتنەوەی و پتەوکردنی سوننەکان بۆ روبەروبوونەوەی گروپە چەکدارییە شیعەکانی نزیک لە ئێران، هەموو ئەوانەش ئەرکێکی پڕ لە ئانگارییە و فیدان لە عێراق جێبەجێیان دەکات.

پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک بابەتێکی لەبارەى سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە عێراق و ئەرکی هاکان فیدان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، دوابەدوای سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئایاری ئەمساڵدا، بەهۆی هاکان فیدانەوە کە پێشتر بەرپرسی هەواڵگریی تورکیا بووە، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە عێراق توانای پەرەسەندنی بە چەند ئاراستەیەکی جیاوازدا هەیە.

لەدوای سەرکەوتنی خودی ئەردۆغان، دانانی فیدان بە وەزیری دەرەوە زۆرترین مشتومڕی لە میدیاکان دروستکرد، ناوبراو وەک بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتیمانی سەرپەرشتی هەستیارترین دۆسییەکانی دەکرد لەگەڵ کەسایەتی و دەوڵەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە جیاوازەکان، ئەو ڕۆڵی پێشەنگی بینی لە داڕشتنی سیاسەتی هەواڵگری و ئاسایشی تورکیا، هەروەها سەرکردایەتی هەوڵەکانی ئاشتەوایی تورکیای کرد لەگەڵ چەندین نەیار، لەوانە میسر و سعودیە. لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە راستەوخۆ و کارا بەشداربوو، ئەو دەستی هەبوو لە کوشتنی چەندین سەرکردەی دیاری پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا.

بۆیە فیدان پێشوەختە خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق، بە کورد و عەرەبەوە، تەنانەت هاوڕێی نزیکی فالح فەیاز، سەرۆکی حەشدی شەعبیی شیعەکانیشە و لە کانونی یەکەمی 2022دا، فیدان لە سەرکردانە نهێنییەکەیدا بۆ عێراق چاوی بە ناوبراو کەوت، ئەو رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی سودانی.

 

فراوانکردنی کاریگەریی سیاسی و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان

بەپێی راپۆرتەکەی پەیمانگای واشنتن، بەراورد بە پەیوەندییەکانی فیدان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، پەیوەندییەکانی فیدان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لە ئاڵۆزیدایە، بە تایبەت دوای هێرشە درۆنییەکەی تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە نیسانی ئەمساڵدا کە کاروانێکی سەربازیی تایبەت بە مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی کردە ئامانج.

راپۆرتەکە دەڵێت، دوابەدوای ئەو هێرشە، موتلو تۆجا، جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا سەردانی سلێمانی کرد وەک هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، ئەوەش بە گۆڕانکارییەکی روون لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت، چونکە تورکیا ئێستا درک بەوە بەوە دەکات کە بوونی پەیوەندی باش تەنها لەگەڵ پارتی بە زیان دەشکێتەوە، چونکە پاڵ بە یەکێتییەوە دەنێت بەرەو ئێران و زیاتر دژایەتی تورکیا دەکات، واتە ساردی پەیوەندیی ئەنقەرە لەگەڵ یەکێتی ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت.

بۆیە ئێستا تورکیا دەیەوێت هاوسەنگی لەنێوان پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی و پارتی بپارێزێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی باشتر بکات، ئامانجی نزیک و دووری فیدان ئەوەیە رێگری بکات لە خراپبوونی سەقامگیری و ئاشتەوایی ناوخۆیی کورد لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بەردەوامبوونە لە دژایەتی و روبەڕوبوونەوەی پەکەکە، بە تایبەت بە هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری یەکێتی دوای ئاشتبوونەوە.

 

بەرەنگاربوونەوەی لایەنەکانی نزیک لە ئێران

بۆ تورکیا، تەنها پشتبەستن و نزیکبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئێران جێگەی نیگەرانی نییە، بەڵکو بە هەمانشێوە بەردەوامی هەژموونی ئێران بەسەر لایەن و گروپە چەکدارییە شیعییەکانی عێراقیش وەک حیزبوڵڵا، عەسائیب ئەهلی حەق، کاتایب سەید شوهادا، و بزووتنەوەی بابلییەکانیش جێگەی نیگەرانییە، چونکە بوونی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و موسڵ بەهۆی هێرشی ئەو لایەنانەوە لاواز بوو و لە ژێر مەترسیدایە، هەروەها پەیوەندی نزیک و بەردەوامی ئێران بە یەکینەکانی پاراستنی شنگال کە باڵێکی سەر بە پەکەکەیە دەبێتە لەمپەر بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە قەندیل و ناوچەکانی تر.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، تورکیا بەردەوام دەبێت لە ئۆپراسیۆنە سەربازی و هەواڵگرییەکانی دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها دژی گروپە چەکدارییە شیعەکانیش لە عێراق، لە هەمانکاتدا پەیوەندی و نزیکایەتی خۆی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی عێراقی پەرەپێدەدات.

 

پاراستنی هاوکێشەی سیاسیی سوننەکان

پێشتر تورکیا سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی هاوپەیمانی بەهێزی سوننەکان لەناو خۆیاندا، بە تایبەت کە فیدان وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا، توانی سەرپەرشتی چەند کۆبوونەوەیەکی هەردوو جەمسەرە دژەکەی سوننە بکات و یەک هاوپەیمانێتی لەنێوان خەمیس خەنجەر کە سەرۆکایەتی عەزمی دەکرد و محەمەد حەلبوسی کە سەرۆکایەتی تەقەدومی دەکرد دروستبکات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2021 لەژێر ناوی هاوپەیمانێتی سیادەی سوننەکان.

ئێستا تورکیا ترسی هەیە کە ناکۆکی و درزی نێوان سوننەکان، داهاتووی ئەنقەرە لە تورکیا لاواز بکات، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی فیدان بریتییە لە هێشتنەوەی هاوپەیمانێتی و یەکگرتووی نێوان سوننەکان، بە تایبەت سەرەداوی هەندێک گۆڕانکاری و ناکۆکی لەنێوانیان دەرکەوتووە، بۆ نمونە محەمەد حەلبوسی دەیەوێت دەست لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بکشێنێتەوە و لایەنە شیعییەکانیش هەوڵ دەدەن سەرۆکێک لە بەرەیەکی تری سوننەکان لەجێگەی دابنێن و دووبەرەکی و درز بخەنە نێوان سوننەکانەوە.

راستە حەلبوسی هاوپەیمانێکی نزیکی تورکیا نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەستلەکارکێشانەوەکەی کاریگەری نەرێنی بۆسەر سیاسەتی تورکیا لە عێراق دەبێت، بۆیە ئەرکی فیدان لەم کاتەدا هێشتنەوەی ئەو یەکگرتوویی و هاوپەیمانێتییەیە. تورکیا دەیەوێت پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سوننەکان بهێڵێتەوە بە تایبەت بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە بڕیارە لە 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چونکە ئەنقەرە سوورە لەسەر وەبەرهێنانی سیاسی و ئابوری لە پارێزگا سوننەنشینەکان، ئەمەش بە ئاسانی ناچێتەسەر ئەگەر پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی سوننەدا نەبێت کە هاوکاربێت بۆ جێگیرکردنی هەژموونی تورکیا لە عێراق.

 

پاراستنی جموجوڵیی ئابوری

لەبەر رۆشنایی دۆخی سەختی ئابوری تورکیا لە ناوخۆدا، جموجوڵی ئابوریی فیدان لە عێراق زۆر گرنگە و دەبێت پشکی شێری تێدا هەبێت، چەقی پەیوەندی ئابوریی عێراق و تورکیاش لە پڕۆژەی پێشنیازکراوی “ڕێگای گەشەپێدانی” سەرۆکوەزیرانی عێراقدا خۆی دەبینێتەوە کە بریتییە لە دروستکردنی تۆڕێکی هێڵی گواستنەوەی وشکانی و هێڵی ئاسن بۆئەوەی لەڕێگەی عێراقەوە، کەنداو بە ئەوروپاوە ببەسترێتەوە.

ئەم پڕۆژە ستراتیژی و گەورەیە کە بە 17 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە هاوکاری و هەماهەنگی تورکیا لە بەستنەوەی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن و سەرپەرشتیکردنی کاروبارە هاوبەشەکان، هەرچەندە ئەردۆغان پێشتر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سودانی لە مانگی ئازاری 2023دا پشتگیری تورکیای بۆ پڕۆژەکە دەربڕی، بەڵام فیدانیش کاریگەریی خۆی هەیە کاتێک باس دێتە سەر دانوستان لەسەر پڕۆژەکان، بە تایبەتی فیدان دەتوانێت مەرجەکانی پەیوەست بە هەڕەشەی پەکەکە بسەپێنێت بۆ پەکخسنی پڕۆژەکە، چونکە پڕۆژەکە بەناو باکوری عێراقدا تێپەڕدەبێت کە چەقی گرژی و ئاڵۆزییەکانی تورکیا و پەکەکە و گروپە چەکدارییە شیعەکانە، تورکیا لە یەک بەرد دوو چۆڵەکە دەشکێنێت و چەندین ئامانجی ستراتیژی بەدی دەهێنێت.

فیدان دەرفەتێکی باشی هەیە بۆ بەهێزکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” بە زیادبوونی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق، بەم کارە دەتوانێت تۆڕی ئابووری خۆی لە عێراق و دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بکات، بە تایبەت بەرەو بازاڕەکانی کەنداو هەنگاو دەنێت.

لە پرسی وزەشدا، بێگومان فیدان هەوڵ دەدات ئیمتیازاتی زیاتر لە هەولێر و بەغدا بەدەستبهێنێت پێش ئەوەی ڕەزامەندی بدات بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی کەرکوک – جەیهان کە لە مانگی ئازاری 2023دا و دوای ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوت، بەپێی بڕیارێکی دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس راگیرا، راگرتنی هەناردەکەش بووەتەهۆی دابەزینێکی بەرچاو لە داهاتی نەوتی عێراق و مانگانە زیانێکی زۆر لە بودجەی عێراق دەدات، بۆیە فیدان هەوڵدەدات ئەم دۆخە بقۆزێتەوە بۆ دانوستاندن لەسەر هاوبەشیی زیاتری هەردوو وڵات لە بواری وزەدا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button