دووکەڵ هەناسەی لە شارە گەورەکانی ئێران بڕیوە

"ئێمە لەگەڵ مردن دەژین"

▪️زووم..

“ئێمە لەگەڵ مردن دەژین” ڕستەیەکە لەم ڕۆژانەدا زۆرێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تاران و شارە گەورەکان بەهۆی پیسبوونی هەواوە نووسیویانە و دەڵێن، هەست بە ماندوویەتی و سەرئێشە و هەناسەتەنگی و سووتانەوەی چاو دەکەن.

ئاسمانی تاران و چەند شارێکی گەورەی دیکەی وەک ئەسفەهان و مەشهەد تاریک بووە، چاو چاو نابینێت، دەسەڵاتداران هۆشداری سەبارەت بە بارودۆخی کەشوهەوا بە هاووڵاتیان دەدەن، قوتابخانەکانیش داخراون.

بەهۆی پیسبوونی هەوا لە پێنج شوێنی سەرەکیی تاران ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دانراون و داوا لە خەڵک کراوە کە خۆیان لە “هاتووچۆی ناپێویست” بەدوور بگرن. بە پێچەوانەی ئەم ڕاسپاردانە، زۆرێک لە خەڵک دەڵێن: ئەی چۆن خەرجی ژیان پەیدا بکەین؟

ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران لە دوایین ئاماری خۆیدا سەبارەت بە ڕێژەی مردن بەهۆی پیسبوونی هەوا ڕایگەیاندووە کە “لە ساڵی ڕابردوودا 26 هەزار کەس بە هۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە”. کۆی گشتی زیانەکانی ئابووریی پیسبوونی هەوا لە ئێران بە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت لە ساڵێکدا.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاران تەنها نۆ ڕۆژ هەوای پاکی هەبووە، هەندێک لە دامەزراوەکان لە ژمارەیەک شاری گەورە داخراون، زەرەرمەندی سەرەکی تارانی پایتەختە کە “پیسبوونی هەوا لەو شارە تەمەنی خەڵک نزیکەی پێنج ساڵ کەم دەکاتەوە”.

لە کاتێکدا کە حکوومەت بە شاردنەوەی سووتاندنی سووتەمەنی پیس کە زۆرجار روونی رەشە لە وێستگەکانی کارەبا و گەندەڵی و کێشەی بەڕێوەبەرایەتی تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتیش خەڵک تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن: هۆکاری سەرەکی پیسبوونی هەوا ئۆتۆمبێلەکانن و ئێستا لە تاران نزیکەی پێنج ملیۆن ئۆتۆمبێل هاتوچۆ دەکەن کە زۆربەیان بەنزینی ستاندارد بەکار ناهێنن.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button