“ئەگەر تێنەگەن، لە یۆبیلی زێڕیندا یەکێتی ئیرادە لەدەست دەدات”

یەکێتی نیشتمانی کوردستان مۆمی 48 ساڵەی خۆی دادەگیرسێنێت، یەکێتی نایشارێتەوە کەبەردەوام کێشەی ناوخۆی هەبووە ئەمە چەکێک بووە بەدەست نەیارە سیاسیەکانی و بۆ یەکێتی خۆیشی مانای دیموکراسی و ئازادی بووە، هەر بۆیە حزبەکە ناکۆکییەکانی ناو ناوە بیروڕای ئازاد.

هەرچەندە پارتی و یەكێتی نزیکەی مانگێکە پەیوەندییە شەش مانگییە ئاڵۆزەکەیان ئاسایی بوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی بەیاننامەکەی جێگری سەرۆکی پارتی بێت رەنگە هێشتادۆخەکە نەگەیشتبێتە ئەو ئاستەی مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆکی حزبەکە بکات، هەربۆیە مەسرور بارزانی پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی  کرد، رەنگە ئەمەش پەیوەندیی بەو ناکۆکییە تازەیەی بەغدادەوە هەبێت کەلەسەر پرۆژەیاسایی بودجەی عێراق لە نێوان پارتی و یەکێتی دروستبوو.

جگە لە مەسرور بارزانی هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی پیرۆزباییان لە یەکێتی کرد

نێچیرڤان بارزانی پێچەوانەی مەسرور بارزانی بەتەلەفۆن پەیوەندی بە سەرۆکی یەکێتیەوە کردووە و لە رێگەی بافڵ تاڵەبانیەوە پیرۆزبایی لە ئەنجومەنی باڵا و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی وئەندامانی یەکێتی کردووە.

هاوکات مەکتەبی سیاسی پارتی پەیامێکی بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناردووە و جەخت لەوەدەکاتەوە کە هەماهەنگی زیاتر بکەن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكان.

جگە لە پارتی سەرۆکی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی دوو پەیامیان بڵاوکردوەتەوە.

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاڵنگاری گەورەمان لەپێشە، سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەکات کە  یەکڕیزی و تەبایی زامنی مانەوە و بەهێزیی قەوارەی هەرێم دەکات.

بافڵ تاڵەبانی دەرفەتی ساڵیادی یەکێتی قۆستەوەتەوە بۆ ئەوەی باس لە كێشەکانی هەرێم بکات و بێ ناوهێنانی هیچ لایەنێکی سیاسی دەڵێت، دەمانەوێت دوور لە خۆسەپێنی، بە گفتوگۆ و سازان کێشەکان چارەسەربکەین.⠀

جگە لە پیرۆزبایی حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ یەکێتی، دەیان کادر و بەرپرسی ناوخۆی حزبەکە پەیامی پیرۆزباییان بڵاوکردەوە، بەڵام لە ناوخۆی یەکێتیش کەسانێک هەن رەخنەکانیان هاوپێچی ساڵیادەکە کردووە.

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی یەکێکە لەوانە، ئەو پەیامێکی پیرۆزبایی رەخنەئامێزی بڵاوکردووەتەوە.

مەلا بەختیار نووسیویەتی، بەداخەوە حکومەتی هەرێم بەتایبەتی لە دەڤەری سەوز، لە یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان و  مووچە و  رێگەگرتن لە گەندەڵی و سزادانی چەتەکانی بازاڕی نەوت و گاز شکستی خواردووە.

مەلا بەختیار دەڵێت یەکێتی سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی رابردووەوە، بەچڕی هەوڵیداوە وای نیشانبدات کە غەدر لە سلێمانی دەکرێ، بۆیە دۆخی ئابوریی و سیاسی دەڤەری سەوز خراپە، بەڵام ئەم هەوڵ و پاساوە، هەستی رایگشتی سەبارەت بە پێگەی یەکێتی، خراپتر نەکردبێ، چاکتری نەکردووە.

مەلا بەختیار باسی ناوخۆ حزبەکە دەکات و دەڵێت، چیدیکە ئەو دۆخە مەترسیدارە، بەپینەوپەڕۆ، یان بەسازدانی فێستیڤاڵی “دیدار” و بەڵێنی بریقەدار و گۆڕینی دەمامکەکانی، ئەم دۆخەی یەکێتی راناگیرێت.

ئەندامەکەى ئەنجوومەنی بالای سیاسی یەکیتی  پێی وایە ئاشتەوایی گشتیی وادەکات هیچ کێشەیەک لەدەرەوەی یەکێتی هەڕەشە لە حزبەکە نەکات.

کۆنگرەی نائاسایی  و رێککەوتنی سیاسی لەسەر ریشەکێشکردنی گەندەڵی وادەکات یەکێتی لەو کێشانە دەربازی ببێت.

مەلا بەختیار لە کۆتایی نوسینەکەیدا دەڵێت، دڵنیام، ئەوانەی پێشنیازمکردوون، جێبەجێ نەکرێن، یەکێتی دەچێتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.

مەلا بەختیار خۆی دەزانێت گوتارەکەی بۆ یەکێتی توندە بۆیە دەڵێت، ئەوەی لەگووتارەکەم تیدەگات خزمەتی یەکێتی پێدەکات، ئەوەی تێشی ناگات، دوو ساڵی دیکە و لەیادی ئاڵتونی (٥٠) ساڵەی یەکێتیدا،تیدەگات کە ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی لەدەستدەدرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button