روسیا خۆی بۆ شەڕێکى سەخت لە خێرسۆن ئامادە دەکات

روسیا لە سەنتەرى شارەکە خەریکی خۆ ئامادەکردنە

شەڕى خێرسۆن، ئێستا ناونیشانى سەرەکى جەنگى ئۆکراینایە، روسیا هێندەى ئۆکراینا و بگرە زیاتریش، خۆى بە خاوەنى خاکى خێرسۆن دەزانێت، چونکە بەهۆى ئەو ریفراندۆمەى کە مانگى رابردوو تێیدا ئەنجامیدا، وەکو بەشێک لە سنورى قەڵەمڕەویی وڵاتەکەى تەماشاى دەکات.

لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی ‌هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکرایناوە، روسیا لە ناوچەکانی دەوروبەری خێرسۆن پاشەکشەى کردووە و ئێستاش لە سەنتەرى شارەکە خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ روبەروبونەوەی هێزەکانی ئۆکراینا، پێشبینی دەکرێت شەڕێکى قورس لە نێوان هەردوولا رووبدات.

لە کۆی ئەو چوار ناوچەیەی کە ڤلادیمێر پوتین لە مانگی ئەیلولدا لکاندنی بە خاکی روسیاوە، خێرسۆن گرنگترینیانە لە رووی ستراتیژییەوە، کۆنترۆڵی دوو رێگای وشکانی دەکات بۆ نیمچە دوورگەی کریمیا.

‌هێزەکانی روسیا ئێستا سەرقاڵی گواستنەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەن لەبەرەی رۆژئاواوە بۆ بەرەی رۆژهەڵاتی ناوچەکە، چونکە روسیا بەهۆی رو,باری دنیپرۆوە لە بەرەی رۆژئاوە پێشی لێگیراوە.

ئۆلێکسی ئارێستۆڤیچ، راوێژکاری ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هیچ ئاماژەیەک نییە کە هێزەکانی روسیا خۆیان بۆ جێهێشتنی شارەکە ئامادە بکەن.

ئارێستۆڤیچ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی “لە خێرسۆن هەموو شتێک روون و ئاشکرایە، روسەکان هێزەکانیان کۆدەکەنەوە و خەریکی خۆ توندکردنەوەن، ئەوەش بەو مانایە دێت کە کەس خۆی بۆ کشانەوە ئامادە ناکات، بە پێچەوانەوە رەنگە شەڕێکى زۆر قورس لە خێرسۆن رووبدات.”

یوری سۆبۆلێڤسکی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوچەیی خێرسۆن کە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، گوتی دەسەڵاتدارانی روسیا لە خێرسۆن فشاری زۆر لە دانیشتوانی ناوچەکە دەکەن بۆ ئەوەی چۆڵی بکەن.

بەهۆی ئەوەی کە کارەبا، غاز، خۆراک و ئاوی خواردنەوە لە ناوچەکەدا نەماوە، زۆرێک لە دانیشتووان هەڵاتوون و ئاژەڵەکانیان لەنێو جەرگەی شەردا جێهێشتووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button