فەرەنسا تانک و ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ بە ئۆکراین دەدات

لە گەشتێکیدا بۆ وڵاتانی ئەوروپا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین بەڵێنی ناردنی تانک و ئۆتۆمبێلی دیکەی سەربازیی لەلایەن فەرەنساوە پێدرا. ئێستاش لە بەریتانیایە و سەرۆکوەزیرانى وڵاتەکە بەڵێنى پشتیوانى بەردەوامى پێدەدات.

بەڵێنەکەی فەرەنسا، کە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکەوە لە ئێوارەخوانێک رۆژی یەکشەممە لە کۆشکی ئیلیزێ بە زێلێنسکی درا، دوای ئەوە دێت زێلێنسکی لەلایەن ئەڵمانیاوە بڕی 3 ملیار دۆلاری وەک هاوکاریی پێدرا بۆ دابینکردنی پێداویستییە جەنگییەکانی روبەڕوبوونەوەی لەشکركێشی روسیا بۆسەر وڵاتەکەی.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، هەردوو سەرۆک رایانگەیاند، “لە چەند هەفتەی داهاتوودا، فەرەنسا راهێنان بە سەربازانی ئۆکراین دەکات و تانکی سوک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی گولـلەنەبڕ بۆ چەندین بەتالیۆنی سوپای ئۆکراین دابیندەکات.”

سەرەڕای ئەوەش فەرەنسا رایگەیاند سزاکانی بۆسەر روسیا زیاتر دەکات و ئاماژەی بەوەشکرد، “ئۆکراین و فەرنسا رێککەوتن کە فشارەکان لەسەر روسیا زیاتر بکەن، ئەمەش لەرێگەی سزاکانەوە دەبێت بۆ لاوازکردنی توانای روسیا بۆ بەردەوامیدان بەو شەڕە نایاساییەی کە لەدژی ئۆکراین هەڵیگرساندووە.”

هۆکاری سەردانەکەی زێلێنسکی بۆ وڵاتانی ئەوروپا تایبەتە بە کۆکردنەوەی هاوکاراریی دارایی و سەربازیی بەر لە دەستپێکردنی ئەو هێرشە پێچەوانەیەی کە بە نیازە بۆسەر روسیا ئەنجامی بدات.

لەدوای دابینکردنی بڕی 3 ملیار دۆلار لەلایەن ئەڵمانیاوە، زێلێنسکی رۆژی یەکەشەممە رایگەیاند کە هاوپەیمانان دەتوانن هەر لەمساڵدا شکست بە روسیا بهێنن.

لە بەیاننامەکەی پاریسدا هاتووە کە فەرەنسا، تا ئەوکاتەی کە پێویست بێت، ئامادەیە هاوکاریی سیاسی، دارایی، مرۆیی و سەربازی ئۆکراین بکات.

سەرچاوەیەکی سەرۆکایەتی فەرەنساش بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند کە فەرەنسا سیستمی بەرگریی زیاتر بۆ ئۆکراین دابیندەکات.

جۆری ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییەی بۆ ئۆکراین دابیندەکرێت AMX-10RCs فەرەنسییە و خێراییەکی زۆری هەیە و توانای مانۆڕی بەرزە، ئەمەش رێگەیان پێدەدات لە بەرەکانی شەڕدا بە خێرایی بجوڵێن و شوێنەکانیان بگۆڕن.

سەرۆکى ئۆکراین گەشتى یەکەمى سەردانەکەى لە ئیتاڵیاوە دەستپێکرد، ئەمڕۆش لە لەندەن لەگەڵ ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا کۆبوونەوەیەکى دوو کاتژمێرى ئەنجامدا و سوناک لە پەیامێکدا بۆ روسیا گوتى، “ئێمە دورناکەوێنەوە”.

ئەو بەڵێنى دابینکردنى سەدان موشەک و کەلوپەلى دیکەى سەربازى بە زێلێکى دا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button