بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى بەغداد: شایەنى ئەو رەفتارە نەبووم کە سودانى بەرامبەرم کردى

40 ساڵ خزمەتم هەیە، ئێستا خەڵک بە چاوێکى دیکە سەیرم دەکەن

زووم:

ئەندازیار حسێن قاسم بەڕێوەبەرى دەستلەکارکێشاوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغداد بۆیەکەمجار باس لە رووداوى “سەرزەنشتکردن”ـى دەکات لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە و دەڵێت “هەرگیز شایەنى ئەو رەفتارە نەبووم کە سودانى بەرامبەرم کردى”.

شەممەى رابردوو گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە و بەخێرایی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانى لە عێراق تەنى، تێیدا دەردەکەوێت محەمەد سودانى سەرۆکوەزیران لە سەردانێکیدا بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغداد “سەرزەنشت”ـى بەڕێوەبەر و کارمەندانى فڕۆکەخانەکە دەکات و دەڵێت “ئەم فەوزایە چییە”.

حسێن قاسم کە کەمتر لە سێ مانگ بوو وەکو بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى بەغداد دەستبەکارببوو رۆژێک پاش بڵاوبوونەوەى گرتە ڤیدیۆکە واتە رۆژى یەکشەممەى رابردوو داواى دەستلەکارکێشانەوەى لە پۆستەکەى پێشکەشکرد و داواکەى لەلایەن دەستەى فڕۆکەوانى عێراقەوە پەسەندکرا.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى “ئەلتەغییر”ـى عێراقى، حسێن قاسم بۆیەکەمجار باسى لەو رووداوەکە کرد و گوتى “شایەنى ئەو رەفتارە نەبووم کە سەرۆکوەزیران بەرامبەرى کردم، سەرۆکوەزیرانى نوێنەرایەتى عێراق دەکات، خەڵک لە چاوى ئەوەوە عێراق دەبینن، یەکەم کەس کە دەبێت پارێزگارى لە شکۆى عێراقییەکان بکات سەرۆکى بەرزترین دەسەڵاتى جێبەجێکردنە”.

حسێن قاسم گوتیشى “تەمەنى وەزیفیم 40 ساڵە، خزم و هاوڕێم هەیە، خەڵکانێک هەیە دەیانەوێت من لە پێگەیەکى باڵاو رێزلێگیراودا ببینن، شایەنى ئەوە نەبووم بە تایبەت کە من هیچ کەمتەرخەمییەکم نەبووە”.

“زۆر بەداخەوە بۆئەوەى روویدا، ئێستا منداڵەکانم و خزم و کەسوکار و عەشیرەتەکەم و هەموو خەڵک بە چاوێکى دیکە تەماشام دەکەن، جارێکى دیکە بە سەرۆکوەزیران دەڵێم، ئەوەى روویدا شایەنى من نەبوو” وەکو بەڕێوەبەرى پێشووى فڕۆکەخانەى بەغداد لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەى بۆ کرد.

بەگوێرەى ئەو گرتە ڤیدیۆیەى کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، سودانى لە سەردانەکەیدا بۆ فڕۆکەخانەى بەغداد بەهۆى خراپى دۆخى خزمەتگوزاریی لە فڕۆکەخانەکە رەخنەى توند لە بەڕێوەبەر و کارمەندەکان دەگرێت تا دەگاتە ئاستى “سەرزەنشتکردن” و دەڵێت “ئێوە لە کوێن، کوا وەزیر کوا بەڕێوەبەر، ئەم فەوزایە چییە؟” کاتێکیش بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانە دەیەوێت روونکردنەوە بدات، سودانى یەکسەر قسەکەى پێدەبڕێت و دەڵێت “بەسە”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button