تاى خوێنبەربوون لە عێراق سەرهەڵدەداتەوە

توشبوون و گیانلەدەستدان تۆمارکرا

زووم:

وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق ئاشکرایکرد، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە شەش حاڵەتى توشبوون بە “تاى خوێنبەربوون” لە پارێزگاکانى عێراق تۆمارکراوە و دوو کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

سامر خەفاجى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ڤێتێرنەرى لە وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى گوتووە، ئەمساڵ تائێستا شەش حاڵەتى تاى خوێنبەربوون تۆمارکراوە کە چوار حاڵەتیان لە ناسریەیە و دووانەکەى دیکە لە پارێزگاکانى دیکەن.

خەفاجى ئاشکراشیکرد، تائێستا دوو حاڵەتى گیانلەدەستدان بە نەخۆشییەکە تۆمارکراوە، یەکێکیان لە کەربەلایە و ئەوى دیکەیان لە ناسریەیە.

بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ڤێتێرنەرى ئاماژەى بەوەشدا، فەرمانگەکەیان ئەمساڵ پێش وادەى خۆى کە بەهار و پایزە، هەڵمەتى خۆپارێزیی لەم نەخۆشییە دەستپێکردووە.

گوتیشى، بە بەشدارى نزیکەى 300 تیم، هەڵمەتى رشتن بە مادەى قڕکەر دژى ڤایرۆسەکە لە هەشتى مانگى رابردووەوە لە تەواوى پارێزگاکانى عێراق دەستىپێکردووە.

تاى خوێنبەربوون نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسییە و له ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌، لەوبارەیەوە بەرپرسەکەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق داوادەکات، بۆ خۆپارێزیی لە نەخۆشییەکە، ئاژەڵ لە کوشتارگەکان سەرببڕدرێت و لەکاتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵدا دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنرێت.

داواش دەکات ئاژەڵ سەرنەبڕدرێت تاوەکو دڵنیانەبن کە نەخۆش نییە، ئەو هاوڵاتیانەشى کە لە بازاڕ گۆشت دەکڕن، پێویستە دڵنیابنەوە کە گۆشتەکە مۆر کرابێت و لەلایەن پزیشکى ڤێتێرنەرییەوە پشکنینى بۆکرابێت.

تاى خوێنبەربوون نەخۆشییەکى بەربڵاوە لە عێراق و ساڵانە لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما دەیان حاڵەتى لێ تۆماردەکرێت، ساڵى رابردووش 379 حاڵەتى توشبوون بە نەخۆشییەکە لە پارێزگاکانى عێراق تۆمارکرابوو، زیاتر لە 50 کەسیش بەهۆیەوە گیانى لەدەستدابوو.

هەر ساڵى رابردوو لە هەرێمى کوردستانیش چەند حاڵەتێکى توشبوون بە نەخۆشییەکە تۆمارکرابوو.

نیشانەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا، بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە، ئەمانەن: سەرئێشە، ئازاری مل و سک، سووربونەوەی چاو و سەرشان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button