دۆسیەی پەرستارە بكوژەكە هەڵدەدرێتەوە

 

بەپێی قسەی داواکارێکی گشتی، پەرستارێک لە بەریتانیا 7 منداڵی تازە لەدایکبوو دەکوژێت و هەوڵی کوشتنی 10ی تریش دەدات

لوسی لێتبی، پەرستاری تەمەن 32 ساڵ لەلایەن دادگای مانچستەر کراون تۆمەتبارکراوە بە کوشتنی 7 منداڵ لە کاتی ئەرکەکەیدا لە یەکەی تازەلەدایکبووانی نەخۆشخانەی کوانتێسی چێستەر.

نیک جۆنسۆن ,داواکاری گشتی لە دادگای مانچستەر کراون، لە دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارەکە لە رۆژی دووشەمە وتوویەتی کە ئەو پەرستارە “کەسێکی بەردەوامی خراپەکار” بووە لە یەکەی تازەلەدایکبووەکانی نەخۆشخانەکەدا.

لێتبی تەمەن 32 ساڵ، خەڵکی شاری هێرێفۆردە، تۆمەتەکان لە دادگای مانچستەر کراون ڕەتدەکاتەوە.

رووداوەکانی گیان لەدەستدانی منداڵانی تازەلەدایکبوو لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2016 روویداوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئاماری مردنی منداڵان لە پێش ساڵی 2015 زۆر ئاسایی بوون، بەڵام لەدوای ئەوکاتەوە رێژەی مردنی منداڵان بەشێوەیەکی نائاسایی و بەرچاو زیادیکردووە.

ئەم هەڵکشانە نا ئاساییەی رێژەی مردن بووەتە جێی سەرنجی بەرپرسانی نەخۆشخانەکە و پۆلیسیان لە رووداو نائاسایی مردنەکان ئاگادارکردووەتەوە.
لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کەیسی مردنەکان تەنها لە شیفتی شەواندا روویداوە کە لوسی پەرستار تەنها لە شەواندا کاریکردووە.

بەڵام کە شیفتی کارکردنی لوسی-یان هێناوەتە بەیانیان رێژەی مردنەکان تەنها لە بەیانیاندا تۆمارکراوە. ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێزە لەلایەن داواکاری گشتییەوە دژی لوسی بەکار بهێندرێت.

دوابەدوای لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، دەرکەوتوو کە دەرزی ئەنسۆلین و دەرزی هەوا بە ئەنقەست کراوەتە ناو دەماری منداڵە تازە لەدایکبووەکان، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی لەناکاوی رێژەی شەکری خوێن و گیانلەدەستدانی منداڵەکان.

بەپێت قسەکانی داواکاری گشتی، پەرستارەکە هەندێجار لە هەوڵی یەکەمی کوشتنی منداڵەکان سەرکەوتوو نەبووە بۆیە دوو تا سێ جاری تر هەوڵیداوە تا منداڵەکانی کوشتووە.

بەڵام پەرستارەکە ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و لە ئێستادا لە پرۆسەی دادگاییکردندایە کە لە رۆژی دووشەممەوە دەستیپێکردووە و تا 6 مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

بەپێی یاسای بەریتانیا، قورسترین سزا بۆ تاوانی کوشتنی ئەنقەست زیندانی هەتاهەتاییە، بەڵام دەبێت 6 مانگی تر چاوەڕێ بکەین بۆ ئەوەی بزانین لوسی پەرستار تاوانبارە یان نا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button