لە تورکیا دەسەڵات داوای دواخستنی هەڵبژاردن و ئۆپۆزسیۆن ئامادەکاری بۆ دەسەڵات دەکەن

دوایین راپرسی: دەسەڵات پێنج پلە لە خوار ئۆپۆزسیۆنەوەیە

پێشهاتەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن کە هاوپەیمانێتیەکەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، نەتوانن سەربکەون، بۆیەش بە زەقی دەردەکەوێت کە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، خۆیان بۆ دەسەڵات ئامادە دەکەن و سەرقاڵی سەودای پۆست و پلەن کە هاوپەیمانێتیەکی شەش قۆڵیان پێک هێناوە.

دوێنێ 27ی شوبات، مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش و کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە ئاگاداری چوار لایەنەکەی دیکەی هاوپەیمانی گەل (پارتی دەڤا، دوارۆژ، سەعادەت و دیموکرات) کۆبونەوەیەکی دوو کاتژمێریان لە ئەنقەرە ئەنجامدا.

ئەمڕۆ 28ی شوبات، بەرپرسێکی باڵای پارتی باش کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە بۆ ماڵپەڕی هەواڵی (ئارتی گەرچەک) ئاشکرای کرد کە کۆبونەوەی دوێنێی نێوان ئاکشەنەر کلچدارئۆغلۆ، کۆبونەوەیەکی ئەرێنی بووە و گوتی، ” دوای کۆبونەوەی هەردوو سەرۆکەکە، ئاکشەنەر لەگەڵ ئێمەدا کۆبووەتەوە و هەرچەندە پرسی کاندیدی هاوبەش بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام یەکلاییبووەتەوە کە هەر کەسێک ببێتە کاندیدی سەرۆککۆمار، تەنیا یەک جێگری دەبێت و جێگرەکەش ئەندامیکی پارتی باش دەبێت.”

لەلایەکی دیکەوە کورشاد زۆرلو گوتەبێژی پارتی باش، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا. زۆرلو راگەیاند، لە دووی مانگی ئازاردا، لە بارەگای پارتی سەعادەت، سەرکردەکانی هاوپەیمانی گەل کۆدەبنەوە و کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا دەکەن. ”

هەرچەندە بەرلە بومەلەرزەکەی شەشی شوبات، خودی ئەردۆغان 14ی ئایاری وەک رۆژی هەڵبژاردن دیاری کردبوو، بەڵام بومەلەرزەکە بۆچوونەکانی دەسەڵاتی گۆڕی و چەندین جار بەرپرسانی ئاکەپە داوایان کرد، هەڵبژاردن بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت، بەلام روبەروی رەخنەیەکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لە هاوڵاتیانی تورکیا بوونەوە.

14ی ئایار رۆژى هەڵبژاردنەکانی تورکیایە

ئەو هەڵوێستەی ئاکەپە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، دوێنی بەکرد بوزداغ وەزیری دادی تورکیا لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان کە سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەی کردبوو، قسەکانی چەند رۆژ لەمەوبەری ئەردۆغانی دووبارە کردەوە و گوتی، ” داوا دەکەین، خەڵکی تورکیا گەردنمان ئازا بکەن کە زوو بە فریای قوربانیانی بومەلەرزەکە نەکەوتووین و داوا دەکەین، ساڵێکی دیکە مۆڵەتمان پێبدرێت کە خزمەت بکەین.”

قسەکانی بوزداغ کە هەمان قسەکانی ئەردۆغان بوو کە لە 16ی شوباتدا لە شاری سەمسوری باکوری کوردستان کردی، مشتومڕێکی زۆری دروست کرد.

کلچداریئۆغلۆ لە وڵامی ئەو داواکاریەکدا رایگەیاند کە ئەوان نەک ساڵێک، رۆژێکیشیان نییە بە ئەردۆغانی بدەن و پێویستە لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

هەروەها لە کۆمێنتی زۆررێک لە هەواڵەکاندا کە لەبارەی قسەکانی ئەردۆگان و بوزداغ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکراونەتەوە، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان وتوویانە، گەردنی ئەردۆغان ئازاد ناکەین و دەبێت دەسەڵات جێبهێڵێت.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای ئاکسۆی کە تایبەتە بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان و متمانەیەکی زۆری لەنێو تورکیادا هەیە، راپرسیەکی نوێی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنەکاندا بڵاوکردەوە.

راپرسیەکە لە 26 پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیا ئەنجامدراوە و پرسیار لە هاوڵاتیان کراوە کە ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بکرێت دەنگ بە کام لایەن دەدەیت؟ و ئەنجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بووە؛

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 31.1٪

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 27.3٪

پارتی باش 13.6٪

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) 12٪

پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) 6.8٪

پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) 0.9٪

پارتی سەعادەت 0.8٪

پارتی دوارۆژ 0.7٪

لایەنەکانی دیکە 5.8٪

بەگوێرەی راپرسیەکەی کۆمپانیای ئاکسوی بێت، هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە) 37.9ی دەنگەکان و هاوپەیمانی گەل (جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، دیموکرات، سەعادەت و دوارۆژ) 43.3٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن. بەو پێیەش، هیچ یەکێک لە هاوپەیمانێتیەکان ناتوانن لە خولی یەکەمدا پۆستی سەرۆکایەتی بەدەست بهێنن و پێویستیان بە دەنگی لایەنێک دیکە دەبێت کە ئەویش پارتی دیموکراتی گەلانە کە بەگوێرەی راپرسیەکە 12٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button