چین رێکارەکانى خۆپارێزی کۆرۆنا سوک دەکات

پێشبینى بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبوان دەکرێت

سیاسەتی چین بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا، کە بە کۆڤید- سفر ناسراوە، دووەم گەورەترین ئابوری جیهانی وەستاند و شەپۆلێکی ناڕەزایەتی فراوانى لەو وڵاتەدا لێکەوتەوە.

رێکارە توندەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە لە هێنانەخوارەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا بۆ ‘سفر’

ئێستا حکومەتی چین شار دوای شار رێکارەکان سوکتر دەکات، بەهۆی ئەوەی رێکارە توندەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە لە کەمکردنەوەی رێژەی توشبوون و هێنانەخوارەوەی ئامارەکانی بۆ ‘سفر’ وەک چین هەوڵی بۆ دەدەت.

لەگەڵ ئەوەی هەندێک لەو رێکارە توندانەی، کە ژیانی رۆژانەیان بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵە لەو وڵاتەدا پەکخستووە، وردە وردە لە سەرانسەری وڵاتدا هەڵدەگیرێن. ئەمە لەکاتێکدایە پێشبینیدەکرێت بەهۆی هەڵگرتنی رێکارەکانەوە وڵاتەکە توشی رۆژانێکی ‘رەش’ بێت، وەک ئاژانسەکان باسی دەکەن.

شارەزایان دەڵێن هەرچەندە هێشتا زۆر شت نازانرێت، کە لە داهاتوودا دۆخەکە چۆن دەبێت، بەڵام ئامادەکارییەکانی وەک زیادکردنی رێژەی کوتانی بەساڵاچووان، بەرزکردنەوەی توانای چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمان لە ئاستی پێویستدا نییە.

شارەزایان دەڵێن لە کاتێکدا جۆری ئۆمیکرۆن سوکترە لە جۆرەکانی پێشوو و رێژەی کوتانی گشتی چین بەرزە، ژمارەیەکی کەم لە حاڵەتە مەترسیدارەکان بەسە بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە پڕبکات کە دانیشتوانەکەی 1.4 ملیار کەسە.

شی چێن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی یێڵ دەڵێت “ئەمە قەیرانێکی مەترسیدارە و لەکاتێکی خراپدا رووبەڕوومان دەبێتەوە”. چین ئێستا دەبێت زۆربەی رێوشوێنەکانی لە زستاندا هەڵبگرێت، چونکە بەشێک لە حاڵەتەکان لەگەڵ ئەنفلۆنزای وەرزیدا تێکەڵی یەکدەبن. ئاماژەی بەوەشکردووە زۆربوونی ژمارەی توشبوون لەمدواییەدا پەیوەندی بە قەرەباڵخی خۆپیشاندانەکانەوە هەیە.

شی چێن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی یێڵ:

ئەمە قەیرانێکی مەترسیدارە و لەکاتێکی خراپدا رووبەڕوومان دەبێتەوە

حکومەتە خۆجێیەکان دەستیان بە گۆڕانکاریی لە رێکارەکاندا کردووە، وەک نەهێشتنی پشکنینی خەڵکی لەکاتی تێکەڵبوونیان بە خەڵکیتر و رۆیشتن بۆ شوێنە گشتییەکان.

سەرەڕای ئەمەش هەندێک گۆڕانکارییان لە سیاسەتەکانی کەرەنتینەدا کردووە، لەوانەش رێگەیان بە هەندێک تووشبووی کۆرۆنا داوە، کە لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتینە بکەن، چونکە پێشتر دەبوو لە نەخۆشخانەکاندا کەرەنتینە بکرێن. بەڵام لە سەرانسەری وڵاتدا هەندێک شوێنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەکان هێشتا مەترسییەکی زۆریان لەسەرە و لە کەرەنتینەدا هێڵراونەتەوە.

ویلیام شافنەر، مامۆستای نەخۆشییە درمیەکان لە سەنتەری پزیشکی زانکۆی ڤاندەربیڵت لە ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ کاڵبوونەوەی رێکارەکان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری وڵاتدا، “چین لە رووی توشبوون بەڤایرۆسەکە، حاڵەتەکانی مردن و فشار لەسەر سیستمی تەندروستی بە قۆناغێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت،” بەشێوەیەک رەنگە وەک سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەی لێبێت.

ویلیام شافنەر، مامۆستای نەخۆشییە درمیەکان لە سەنتەری پزیشکی زانکۆی ڤاندەربیڵت:

ئامارەکانی کۆرۆنا رەنگە وەک سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەی لێبێت

شارەزایان هاوڕان لەسەر ئەوەی رێگەدان بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەسەر ئاستی وڵاتەکە گۆڕانکارییەکی مەترسیدار دەبێت بۆ وڵاتێک، کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی 5,235 حاڵەتی مردنی کۆرۆنای لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە تێدا تۆمارکراوە. کە بەروارد بە جیهان ڕێژەیەکی کەمە و خاڵی شانازی بووە بۆ حکومەتی چین.

بەگوێرەى توێژینەوەیەکی زانکۆی فودان لە شەنگەهای، کە لە مانگی ئایاردا بڵاوکرایەوە، پێشبینی ئەوە دەکرێت لە ئەگەری هەڵگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی و کەمیی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی دژە ڤایرۆسەکە، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو چینی لە ماوەی شەش مانگدا گیانلەدەستبدەن.

ئەم مەترسییانە لەکاتێکدان کە ئەمریکا لانیکەم 25 قەرەوێڵەی چاودێری مەترسیداری هەیە بۆ هەر 100 هەزار کەسێک لە وڵاتەکەیدا، لە بەرامبەردا دەسەڵاتدرانی چین مانگی رابردوو رایانگەیاند، کە چین کەمتر لە چوار قەرەوێڵەی هەیە بۆ هەمان ژمارە.

بەگوێرەى کۆمیسیۆنی نیشتمانی تەندروستی چین، زیاتر لە 86% ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵەوەیە، بەتەواوی پێکوتەی کۆرۆنایان لێدراوە. زیاتر لە 45 ملیۆن کەس لە بەساڵاچووانی وڵاتەکە تاوەکو ئێستا کوتانی دووەمیان وەرنەگرتووە و نزیکەی 25 ملیۆن بەساڵاچوو هیچ ڤاکسینێکیان وەرنەگرتووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button