دانووستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل چەقیون بەڵام هەوڵەکانی سەرخستنی بەردەوامن

سووربوونی حەماس و ئیسرائیل لە سەر مەرجەکانیان بووەتە بەربەست لە بەردەم رێککەوتن

زووم…

 

دانووستانەکانی ئاگربەستی غەزە و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەجێگەی خۆی چەقیوە چونکە هەردوولا سوورن لەسەر داواکارییەکانیان، بەڵام هێشتا هەوڵی جدی هەن بۆ دەربازبوون!

هەرچەندە پێشنیازی ئەمجارە نزیکترینە لە هەردوولا، بەڵام هێشتا حەماس و ئیسرائیل ئامادە نین سازش لە هەندێک داواکاری بکەن کە هەردووکیان بە هێڵی سوور ناوی دەبەن.

ئیسرائیل دەیەوێت بارمتەکانی ژێردەستی حەماس ئازادبکرێن بەبێ ئەوەی بەڵێنی راگرتنی تەواوەتی جەنگ بدات و هێزەکانیشی لە غەزە بکشێنێتەوە.

ئەمەش لای حەماس کاری نەکردەیە و بزووتنەوەکە دەڵێت، تا جەنگ بەردەوام بێت و سەربازێکی ئیسرائیلی لە خاکی غەزەدا بێت، هیچ رێککەوتنێک لە گۆڕێ نییە.

دوێنێ گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەبێ هیچ بەرەوپێشچوونێک کۆتایی هات، بڕیاریشە سبەینێ گەڕێکی دیکە لە هەمان شار بەڕێوەبچێت.

بەشێک لە دانوستنانەکانیش لە قەتەر بەردەوام دەبن و ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (سی ئای ئەی) خۆی دەچێتە دەوحە بۆ بەشداریکردن تێیدا چونکە ئەمریکا پەلە دەکات لە گەیشتنی هەردوولا بە رێککەوتن چونکە لە فراوانبوونی جەنگەکە و هەڵگیرسانی ئاگرێک دەترسێت کە کوژاندنەوەی ئەستەم بێت.

بیانیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دواین گوتەیدا دەڵێت، وڵاتەکەی تەسلیمی حەماس نابێت و مەرجەکانی بزووتنەوەکە بۆ راگرتنی هەمیشەیی جەنگ قبوڵ ناکات.

ناتانیاهۆ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رەفەحی باشووری غەزەی کرد و گوتی، کاتێک ئیسرائیل نیازپاکی خۆی پیشاندەدات، حەماس سوور دەبێت لەسەر هەڵوێستەکانی و داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دەکات لە غەزە، ئەوەش لای ئیسرائیل قبوڵ نەکراوە.

هاوکات ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس دەڵێت، ناتانیاهۆ تێکدەری دانوستانەکانە و رەنجی نێوەندگرەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بە با دەدات.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button