لەمانگی رابردوودا تورکیا نزیکەى 16 هەزار پەنابەرى سووری ناردۆتەوە بۆ وڵاتەکەیان

لە تورکیا تا مانگی ئازارى ئەمساڵ، سێ ملیۆن و  91 هەزار پەنابەرى سووری هەبووە

زووم…

 

بوونی زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری سوری لە تورکیا، کاریگەریی لەسەر بەرزبونەوەى رێژەى بێکاریی لە تورکیا کردووە، هاووڵاتییانی تورکیا بەدەست هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری، گرانبوونی کرێی خانوو و نەبوونى هەلى کارەوە دەناڵێنن. ئەمەش وایکردووە حکومەتى تورکیا پەیتا پەیتا پەنابەرە سورییەکان دەنێرێتەوە بۆ وڵاتەکەیان. لە مانگی رابردوودا نزیکەى 16 هەزار پەنابەرى سووری لە تورکیاوە نێردراونەتەوە بۆ سوریا.

قەیرانى ئابوورى، بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان، رەخنە و فشارەکانى ئۆپۆزسیۆن لەسەر سیاسەتى حکومەت لە دۆسیەى پەنابەراندا، وایکرد تورکیا لە مانگی رابردوودا رێژەیەکی زۆرى پەنابەرى سوری دیپۆرت بکاتەوە.

دوای چڕبوونەوەی رەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتی تورکیا لەبارەی پێدانی مافی مانەوە و رەگەزنامە بە پەنابەرانی سوری، تورکیا مافی پێدانی رەگەزنامەی بە سورییەکان راگرتووە و نوێکردنەوەی مافی نیشتەجێبوونیشی بۆ ئەوان دژوار کردووە.

بوونی ژمارەیەکی زۆری پەنابەری سوری لە تورکیا، حکومەتی ئەو وڵاتەی لە ناوخۆدا دوچاری رەخنەی زۆر کردووەتەوە و ئۆپۆزسیۆنیش ئەوە وەک چەکێک بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا هاووڵاتییانی تورکیا بەدەست هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری، گرانبوونی کرێی خانوو و نەبوونى هەلى کارەوە دەناڵێنن.

دەزگاى ئامارى تورکیا ئاشکرایکردووە، رێژەى بێکاری لە مانگی نیساندا گەیشتووەتە سەدا نۆ پۆینت دوو، هاوکات دوێنێ وەزیری دارایی تورکیا رایگەیاندووە، رێژەى هەڵاوسان بۆ سەدا 70 بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى رۆژنامەی حوڕییەت، تورکیا لە چوار دەروازەی سنوریی نێوان خۆی و سوریا، (بابولحەوا، بابوسەلامە، جەرابلوس و گرێ سپی) تەنها لە مانگی نیساندا نزیکەی 16 هەزار پەنابەری سوری دیپۆرتی وڵاتەکەیان کراونەتەوە.

خانەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی تورکیا 50 پەنابەری سوری، کە زۆربەیان کارتی مانەوەیان هەبووە، “بە مامەڵەیەکی نامرۆڤانە” دیپۆرتی سوریا کردوەتەوە.

بەگوێرەی داتای دامەزراوە فەرمییەکانی تورکیا، ژمارەى پەنابەرە سورییەکان لە تورکیا تا مانگی ئازارى ئەمساڵ، سێ ملیۆن و  91 هەزار کەس بوون.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button