ئاماژەکانى رێککەوتن لە کەرکوک دەردەکەون

زووم:

زوومى رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

دیاریکردنى پشووى غەدیر پەرلەمانى عێراق دەکات بە دوو بەشەوە

دوێنێ سێشەممە، حزب و لایەنە سیاسییەکانى نێو پەرلەمانى عێراق لەبارەى دیارکردنى رۆژى غەدیرەوە بە پشووى فەرمی لە عێراق ناکۆکییان تێکەوت و نەیانتوانى خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە تەواو بکەن و حیزبی ئیسلامی عێراقی سوننە رایگەیاند ئەم بۆنەیە تایبەتە بە پێکهاتەیەک و ناکرێت گشتگیر بکرێت بەسەر هەموواندا و خزمەتى نیشتیمانى تێدا بەدى ناکرێت، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە زۆرینەى نوێنەرە سونییەکانى نێو پەلەمان لەگەڵ ئەوەدا بوون پرۆژەکە بکشێنرێتەوە و شیعەکانیش مکوڕ بوون لەسەر دانانى رۆژى غەدیر بە پشووى فەرمی لە عێراق.

سەباح

ئاماژەکانى رێککەوتن لە کەرکوک دەردەکەون
غەریب عەسکەر، پەرلەمانتارى تورکمانەکان لە فراکسیۆنى چوارچێوەى تورکمانى رایگەیاند ئاماژەکانى گەیشتن بە رێککەوتنێکى سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى کەرکوکدا دەرکەوتووە و بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە گرفتى دانانى پارێزگارێک بۆ کەرکوک لەسەر شێوازى دانانەکەى ماوە، عەسکەر گوتوشیەتى لە عێراقدا تورکمان هیچ پۆستێکی باڵایان نییە سەرەڕای ئەوەى سێیەم نەتەوەین لەسەر ئاستى عێراق و داواشى لە هەموو تورکمانەکانى عێراق کردووە هەڵوێستەکانى خۆیان لەگەڵ هەردوو بەرەى چوارچێوەى تورکمانى و فراکسیۆنى تورکمانى رێکبخەن.

عەرەبی جەدید

کەنعانى دەڵێت ئاسۆی پەیوەندییەکانى ئێران و سعودییە روونە

شاندە بازرگانییەکانى نێوان ئێران و سعودییە لە کۆبوونەوەو سەردانى بەردەوامدان و ناسر کەنعانى گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێرانیش لە بارەى پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ عەرەبستانى سعودییە رایگەیاند، ئاسۆی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عەرەبستانى سعودییە روون و دڵخۆشکەرە.
مورتەزا میریی، پسپۆڕی بوارى ئابووری ئێرانیش بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ئێران هەوڵدەدات هەموو تواناکانى خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەى سێکتەرى ئابووری وڵاتەکەى پەکى نەکەوێت و سزاکانى ئەمریکا کاریگەریى زۆری لەسەر دانەنێت و پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و سعودییەش لەوچوارچێوەیەدان.

 


دەستوور

بۆ دیاریکردنى سەرۆکی پەرلەمان شیعەکان سێ بژاردە دەخەنەڕوو

فەراس مەسلەماوى، ئەندامی پەرلەمانى عێراق لەبارەى ئەو بەرەوپێشچوونەى کە لە بوارى دیاریکردنى سەرۆکێکى نوێی پەرلەماندا هەیە رایگەیاند، سێ بژاردە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە، یەکەم هەموو کاندیدەکان بکشێنەوە، یان کاندیدى نوێ دیاری بکرێت و سێیەمیش ئەو کاندیدانەى کە هەن بمێننەوە و دەنگیان پێبدرێت، فەراس راشیگەیاند پێکهاتەى شیعە رێز لە پێکهاتەى سونەکان دەگرێت و بابەتەکەى هێشتووەتەوە بۆ رێککەوتنى ناوخۆیان.

 

زوومى رۆژنامە ئینگلیزییەکان

تایمز

دوای پێکدادان لە ئەمریکا خوێندکارانی بەریتانیا دەستیان بە خۆپیشاندانی پشتیوانیی بۆ غەزە کرد

چەندین گرووپی خوێندکارانی زانکۆکانی بەریتانیا دەستیانکرد بە هەڵدانی خێمە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە فەلەستین، ئەمەش دوای ئەو ئاڵۆزییانە دێت کە لە زانکۆکانی ئەمریکادا لەسەر هەمان پرس درووستبووە.
دوێنێ لە چەندین زانکۆی بەریتانیا چەندین خۆپیشاندان لە دژی ئیسرائیل بەڕێوەچوون.
بەشێکیش لە داواکارییەکانیان کۆتاییهێنانی وەبەرهێنانی زانکۆکانە لە کامپەکانیان لە ئیسرائیل بەهۆی ئەوەی لە جینۆسایدی فەلەستینییەکانەوە تێوەگلاون.

دەیلی مەیڵ

ئەو رۆژەی رواندا بوو بە راستی

وەک بەشێک لە کۆتایی هێنان بە دیاردەی کۆچبەریی لە وڵاتەکەیدا، دوێنێ پۆلیسی بەریتانیا دەستیکرد بە دەستبەسەرکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە بەنیازە لەیەکەم گەشتدا بۆ رواندا رەوانەیان بکات. ئەمەش یەکەم ئاماژەی کۆنکرێتییە کە پلانە 500 ملیۆن پاوەنییەکەی ریشی سوناک بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا سەردەگرێت دوای ئەوەی چەندین ساڵ پرسەکە فەرامۆشکرابوو.

ئۆرشەلیم پۆست

بلینکن دەڵێت ئەمریکا دژی ئۆپراسیۆنی رەفەحە

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە لەنێویاندا ئیسحاق هێرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران و یواڤ گالانت، وەزیری بەرگری وڵاتەکە کۆبووەوە و گوتی، وڵاتەکەی پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح ناکات تا زامنی پارێزراوی هاووڵاتیانی مەدەنی رەفەح نەکرێت.
لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستدا هاتووە، بلینکن و بەرپرسانی ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامی حەماس بوون بۆ پێشنیازی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان.

واشنتن پۆست

گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانی ئەمریکا دروستبوو

لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکیدا بابەتێک لەبارەی دۆخی زانکۆکانی ئەمریکا بەدیاریکراوی زانکۆی کۆڵۆمبیا بڵاوکراوەتەوە.
باس لەوە کراوە، رۆژی چوارشەممە هێزەکانی پۆلیس هۆڵی هاملتنیان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا بە زەبری هێز لە خۆپیشاندەران چۆڵکردووە.

ئەوەش هاتووە، لەو وڵاتەدا کە وا پێناسەی خۆی دەکات ئازادی رادەربڕین هەیە، بەڵام خەڵک نیگەرانن لەوەی کەمتر هەست بە پارێزراوی دەکەن.

 

زوومى رۆژنامە فارسییەکان

کار و کرێکار

130 پشکنەری ئاژانسی ئەتۆمی لە ئێرانن
محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران سەبارەت بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، هاتنی هیچ پشکنەرێکمان بۆ ئێران قەدەغە نەکردووە و 130 پشکنەری جیهانی لە ئێراندا رێگەیان پێدراوە کە ئامادەبن و کارەکانیان بەردەوامە.
لەبارەی لێدوانەکانی رافائیل گرۆسی لەسەر بەرنامەی چەکی ئەتۆمی محەمەد ئیسلامی ئێران گوتى، ئەمە هەڵوێستی بەڕێز گرۆسی نییە و بابەتەکە پرسیاری رۆژنامەنووسێکە و رەوتی دژبەر و زایۆنیستی هاندەری ئەوەیە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشتیخوازانە نییە، بەڵام گرۆسی بە ئاشکرا دەڵێت، هیچ نیشانەیەکی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی لە ئێران بوونی نییە.

تەجارەت

چاندنی یەک ملیار نەمام لە ئێران بەرەوپێش دەچێت
رۆژنامەکە نووسیویەتى، تائێستا پلانی جەماوەری بۆ چاندنی یەک ملیار نەمام لە ئێران بە بەرهەمهێنانی ٢٥٠ میلیۆن نەمام هەنگاوێکی گرنگی ناوە. ئەم پلانە کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی کەرتی کشتوکاڵەوە ئەنجام دەدرێت، دەتوانێت سامانە سروشتییەکانی و بەشە ئاوییەکانی وڵات چالاک بکات و سوودی ئابووری و ژینگەیی زۆری هەیە.
هەروەها بە بەکارهێنانی توانا جیاوازەکان لە بەشی پیشەسازییە گەورەکانەوە تا دەگاتە بواری سەربازی و زانکۆکان هەموو لایەک بەشدارن و پلانەکە بەردەوامە لە کارکردن و لە چوار ساڵی داهاتوودا ئەنجامی زیاتر بەدەست دەهێنێت.

ئەبرار

مووچەی خانەنشینان لە ئێران 35% زیادکرا

دوای خۆپێشاندانی خانەنشینان بەهۆی کەمیی مووچەکانیانەوە کەمترین مووچەی خانەنشینانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە رێژەی 35% زیادی کردووە.
عەلی بەهادوری جەهرومی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی حکومەتدا بە ئامادەبوونی رۆژنامەنووسان رایگەیاند،
لەسەر پێشنیاری رێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی کار، زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی پەسەندکرا و کەسێکی خانەنشین کە ژن و منداڵێکی هەبێت، لانیکەم 10 ملیۆن تومەن مووچە وەردەگرێت کە دەکاتە کەمتر لە 200 دۆلار و خانەنشینان دەڵێن ناتوانێت وەڵامی پێداویستیەکانی ژیانیان بداتەوە و مووچەی پێویست بۆ ژیانی ئاسایی 30 ملیۆنە و لەوە کەمتر دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

ئارمانی میلی

بەرهەمی زەعفەران بە رێژەی 70% لە ئێران کەمیکردووە

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی نیشتمانی زەعفەران باسی لەوە کرد کە مێژووی زەعفەران لە ئێران سێ هەزار ساڵەیه و گوتی، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و ناوەندە حکومییەکان، پێویستە زیاتر لە هەزار تۆن زەعفەران لە ئێران دروێنە بکرێت، لەکاتێکدا بەرهەمی ئێستای ئەو وڵاتە کەمترە لە 300 تۆن.
حوسێن غەزار دەشڵێت، بەگوێرەی فۆرمولێک ساڵانە نزیکەی 8% رووبەری چێنراوی ئەم بەرهەمە زیاد دەکرێت، چونکە دەبێت چەند ساڵێک جارێک کێڵگەکان بگۆڕدرێن، هەروەها بە رێژەی ئەم گۆڕینەش پێویستە رووبەری چێنراو زیاد بکرێت.
بۆیە ئەگەر چەند ساڵێک پێش ئێستا 100 هەزار هێکتارمان لەژێر چاندنی زەعفەران هەبووایە، ئەمڕۆ بەدڵنیاییەوە ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە 150 هەزار هێکتار، کە دەبوو نزیکەی هەزار تۆن بەرهەمی هەبێت، بەڵام بۆچی کەمتر لە 300 تۆن زەعفەران لە وڵاتدا بەرهەم دەهێنرێت؟ بە دڵنیاییەوە تێکچوونی بازاڕ و بێ هیوایی جووتیاران کاریگەرییان داناوە.

 

زوومى رۆژنامە تورکییەکان

حوڕییەت

لە یەکی ئایاردا 217 کەس لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکران
جەژنى کرێکاران لە زۆربەى پارێزگاکانى تورکیا یادکرایەوە، گەورەترین یادکردنەوە لە ئیستەنبوڵ بوو، پۆلیس بە بەربەست گەمارۆی مەیدانى تەقسیم و چەند ناوچەیەکی دیکەى شارەکەی دابوو، بەوهۆیەوە رێگە نەدرا کرێکاران بچنە تەقسیمەوە. لە چەند ناوچەیەکى دەوروبەرى مەیدانەکە روبەڕووبونەوە لەنێوان گرووپەکانى سەندیکاکانى کرێکاران و پۆلس دروست بوو، بەو هۆیەشەوە 217 کەس دەستگیرکران. پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی پلاستیکی روبەڕووى خۆپیشاندەران بویەوە.

سەباح

ئەمڕۆ سەرۆکى جەهەپە و سەرۆکى تورکیا کۆدەبنەوە
وابڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 4 ى پاشنیوەڕۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى ئاک پارتى و سەرۆککۆمارى تورکیا لە بارەگاى سەرەکی ئاک پارتى لە ئەنقەرە پێشوازی لە ئۆزگور ئۆزال سەرۆکى پارتى کۆمارى گەل (جەهەپە) بکات.
تەوەرەى سەرەکی دیدارەکەى سەرۆکى جەهەپە و سەرۆکى تورکیا لەسەر پرسی تیرۆر و مەسەلەى هەموارکردنەوەى دەستوورى تورکیا دەبێت.
چاوەڕێ دەکرێت یاریدەدەری هەردوو سەرۆکەکە، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنى پارتەکە و گوتەبێژەکانیان بەشداریی کۆبونەوەکەى هەردوو سەرۆکەکە بکەن.

جمهورییەت

هەڵاوسان لە ئیستەنبوڵ بەرزدەبێتەوە
ژوورى بازرگانى لە تورکیا رێژەى هەڵاوسانى بۆ مانگی نیسان دەستنیشان کرد، بەگوێرەى ئامارەکانیان زۆرترین رێژەى هەڵاوسان لە ئیستەنبوڵ بە رێژەى سەدا 78,8 تۆمارکراوە.
بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان بەگوێرەى مانگ گەیشتووەتە سەدا 4,89. کاردانەوەى هەڵاوسان زۆرترین کاریگەریی لەسەر نرخى خواردن بووە. لەوانەش گرانبونى نرخی پیازی وشک بە پلەى یەکەم دێت.

تورکیا

ئاک پارتى بەرەو گۆڕانکارى دەڕوات
بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا ئاک پارتى بەرپرسانی خۆى لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و چەند شارێکی دیکە بگۆڕێت. هاوکات ئاک پارتى لەوەش پەشیمان بۆتەوە کە ئەو گۆڕانکارییەى باس دەکرا لەناو ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتەکەیدا بیکات.گۆڕانکارییەکە زیاتر لە دەستەى رێکخستنى شارەکاندا دەکرێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button