لە نێوان عێراق و تورکیا بەنداوێکى هاوبەش دروست دەکرێت

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

ئێران هەژموونى سەربازیی لە سوریا کەمدەکاتەوە

سەرکردەیەکى سیاسی شیعەکانى عێراق کە پەیوەندیدارە بە دۆسیەى سوریاوە و نەیویستووە ناوى ئاشکرا بکرێت رایگەیاند ئێران بارەگا سەریازییەکانى لە دیمەشق و باشوورى سوریا چۆڵکردووە و بەگوێرەى میدیا فەرەنسییەکانیش چۆڵکردنەکە پەیوەندى بە هێرشەکەى ئیسرائیلەوە هەیە کە لە دیمەشق کردییە سەر باڵێۆزخانەى ئێران، سەرچاوەکە راشیگەیاندووە ژمارەیەک چەکداریی عێراق ئامادەن بچنە سوریا و شوێنى سوپاى پاسداران لە سوریا پڕبکەنەوە، بەڵام هێشتا لەلایەن سەرکردەکانى خۆیانەوە رێگەیان پێنەدراوە.
سەرچاوەیەکى تری عێراقى بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە بڵاوکردنەوەى ئەم هەواڵە بۆ ئەوەیە کە چاو لەسەر سوپاى پاسداران لە سوریا لابچێت و پلانێکى ئێرانە و لەڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى نزیک لە خۆیەوە ئەو هەواڵەى بڵاوکردووەتەوە و دوورە لە راستییەوە.

عەرەبی جەدید

عێراق رێگە بە تورکیا دەدات هێرش بکاتە سەر پەکەکە
سێ سەرچاوە لە عێراق و هەرێمى کوردستان رایانگەیاندووە کاتێک ئەردۆغان گەڕاوەتەوە تورکیا لە لایەن عێراق و هەرێمى کوردستانەوە بەڵێنى ئەوەى پێدراوە رێگریی نەکرێت لە هێرشکردنە سەر پەکەکە، سەرچاوەیەکى تورکیش رایگەیاندووە عێراقییەکان هیچ قسەیەکیان لەوبارەیەوە نەبووەو تەنها قسەیان لەسەر رێککارەکان و چۆنیەتى جێبەجێکردنى هێرشەکە هەبووە.
سەرچاوە عێراقییەکە بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە ئەردۆغان رەزامەندى چوارچێوەى هەماهەنگیشی لەو بوارەدا وەرگرتووە، لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەى عێراقییەکاندا تورکیا بەشە ئاوى عێراق بەردەداتەوە بۆ نێو رێڕەوى هەردوو رووبارى دیجلەو فورات.
سەرچاوە تورکییەکە راشیگەیاندووە ژووری ئۆپەراسیۆنى تایبەت بە بوارى ئەمنى لە تورکیا وعێراق و هەرێمى کوردستان دروستدەکرێت، تورکیا مەبەستییەتى 40 کیلۆمەتر لەسەر سنووررەکانى خۆی پشتوێنەیەکى ئەمنى دروستبکات تاوەکو لەو رێگەیەوە ئاسایشى وڵاتەکەى مسۆگەر بکات.

دەستوور

کۆنگرەى کاری عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەدەچێت
بڕیارە رۆژى شەممەى داهاتوو 27ـى نیسانى 2024 بەسەرپەرشتى محەمەد شیاع سودانى 50ـهەمین کۆنگرەى کارى عەرەب لە بەغداد بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتى رێکخراوە کارى نێودەوڵەتى، ئەمینداری گشتى وڵاتانى عەرەبی ،وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبی ، خاوەنکارە گەورەکان و کەسایەتییە دبلۆماسییەکان بەڕێوە بچێت و سەرجەم ئامادەکارییەکان لە لایەن وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتییەوە تەواو کراوە و هەماهەنگیش لەگەڵ وەزیرەکانى وڵاتانى عەرەبییدا کۆتایی هاتووە.
بەگوێرەى سەرچاوە عێراقییەکان کۆنگرەکە تا رۆژى 4ـى ئایاری ئەمساڵ دەخایەنێت و لایەنەکان تاووتوێى بازاڕی کار و کێشەى کرێکاران و گرفتەکانى بەردەم پرۆسەکە لە وڵاتانى عەرەبیدا بکەن و دواتر پێکەوە پلانى پەرەپێدان دابڕێژن.
49 هەمین کۆنگرەى کارى عەرەبی لە 22 تا 29ـى مانگى ئایارى 2023 لە قاهیرە بەڕێوەچووە و لەکۆتایی کۆنگرەکەدا چەندین پلان و راسپاردە بڵاوکراوەتەوە.

سەباح

ئەمساڵ لە عێراق سەرژمێریی ئەنجام دەدرێت
وەزارەتى پلاندانى عێراق رایگەیاند رۆژى 20ـى تشرینى 2024 پرۆسەى سەرژمێریی عێراق بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش 120 هەزار مامۆستا و کادری پەروەردەیی و راهێنراوى بوارەکە بەشداریی تێدادەکەن و ئەزموونى پرۆسەکەش لە ناوەراستى مانگی ئایاری داهاتوودا لەچەند ناوچەیەکى جیاواز بەڕێوەدەچێت.
دکتۆر محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانانى عێراق رایگەیاند تەنها شەش مانگمان ماوە بۆ ئەنجامدانى پرۆسەکە و زۆرینەى رێوشوێنەکانمان تەواوکردووە و پرۆسەکەش یەکەمجارە بەشێوەى ئەلیکترۆنى لە عێراقدا ئەنجام بدرێت لەبەر ئەوەى لەڕێگەى ئەلیکترۆنییەوە ئامارو داتاکان دوور دەبن لە ژمارەى ناڕاست و سەرلێشێوان و دواتریش سەرجەم کایەکانى دی بخەنە هەڵەوە، وەزیرى پلاندانان راشیگەیاندووە بۆ هەر پێشهاتێکى لەناکاو لیژنەى تایبەتمان دروستکردووە بۆ ئەوەى بتوانین بەسەرکەوتووى پرۆسەکە بەڕێوە ببەین.

 رۆژنامە تورکییەکان


سەباح

ئەڵمانیا گەمارۆکانى چەک فرۆشتن بە تورکیا لادەبات

لە سەردانەکەى فرانک واڵتەر سەرۆککۆمارى ئەڵمانیا بۆ ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆکى تورکیا یاداشتێکیان واژۆ کردووە و ئەڵمانیا نەرمى نواندووە کە گەمارۆکانى چەک فرۆشتن بە تورکیا لاببات، هەردوولا خوازیارن پەیوەندییەکانى نێوان ئەڵمانیا و تورکیا بەرەوپێش بچن و ئاڵوگۆڕی بازرگانى بگەیەننە 60 ملیار دۆلار ساڵانە.

سۆزجو

یەکێتى ئەوروپا بەدواداچون لەسەر بڕە هاوکارییەکان دەکات
یەکێتى ئەوروپا بەدواداچوون لە چۆنێتى خەرجکردنى 530 ملیۆن یۆرۆ دەکات، کە لە ساڵى 2016، بەمەبەستى پڕۆسەى خوێندن بۆ پەنابەرەکانى تورکیاى ناردووە. لەپاش هەشت ساڵ ئێستا یەکێتی ئەوروپا داواى لە تورکیا کردووە روونکردنەوە بدات لەسەر خەرجکردنى ئەو بڕە پارەیە، تاکو ئێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن حکومەتەوە نییە.

جمهورییەت

ئاک پارتى لە پاشەکشەدایە
موراد قەران، سەرۆکى ناوەندى AREA بۆ لێکۆڵینەوەى سیاسیی رایگەیاندووە لە نوێترین راپرسیدا، لە رووى زۆرینەى دەنگەوە جەهەپە پارتى یەکەمە و ئاک پارتى-یش پارتى دووەمە. لە راپرسییەکەدا هاتووە دەستلەکارکێشانەوەى مەرال ئاکشەنەر سەرۆکى ئیی پارتی، لەلایەن ئەندامانى پارتەکەیەوە پێشوازی لێکراوە.

یەنى شەفاق

لە نێوان عێراق و تورکیا بەنداوێکى هاوبەش دروست دەکرێت
لەپاش سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ بەغداد و لە چوارچێوەى رێککەوتنەکان، بڕیارە بەمزووانە لە ناوچەى زاپ بەنداوێکى بچوک دروست بکرێت، لەم چوارچێوەیەدا لە دەرەوەی سنوورى تورکیا لە ناوچەى زاپی بچوک بەنداوەکە دروستدەکرێت

 

 رۆژنامە فارسییەکان

ئەبرار

خەڵک ناڕازیە، سبەی نەڵێن کاری دوژمن بوو

وەزیری پێوەندییەکان بە ئاماژەدان بە نرخی دۆلار و هەڵاوسانی بەربڵاو و گوشارەکان لە بواری حیجابدا نووسیویەتی، هەرکام لەم کارانە بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگە بەسە، چ بگات بەوەی هەموویان پێکەوە هاوکات بن؛ سبەی ئەگەر شتێک روویدا مەڵێن ئەوە پیلانی دوژمن بوو!
محەممەد جەواد ئازاری جەهورمی لە کەناڵی تلگرامی خۆی نووسیویەتی،
نرخی 64 هەزار تمەنی دۆلار، هەڵاوسانی درێژخایەن و بێ سنوور، پرسی حیجاب و ئێستاش یاسای باجی پارێزگاکان.
لەسەر قازانجی سەرمایە، هەریەکێک لەم کارانە بەسە بۆ تێکدانی پێکهاتەی نەزمی کۆمەڵگا بەڵام بەرپرسان لەسەر بڕیارە هەڵەکانی خۆیان سوورن.
پەرەسەندنی ناڕەزایی گشتی بوەستێنن!


ئاسیا

بەڕێوەبردنی پاشماوەی ئەلیکترۆنی لە وڵاتدا روون نییە و بێسەروبەرەیە

سومەیه رەفیعی، نوێنەری خەڵکی تاران و سەرۆکی فراکسیۆن ژینگەی پەرلەمان بە بۆنەی هەفتەی زەوی پاک، بە ئاماژەدان بەوەی کە پاشەڕۆ ئەلیکترۆنیەکان مەترسیدارترین پاشماوەکانن لە جیهاندا گوتی، بەداخەوە ئەم پاشماوەیانە
بە شێوەی زانستی ئیدارە ناکرێن.
جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە رێکارێکی دروست بۆ ئەم پاشماوەیانە هەبێت، وڵاتانی دیکە بە پاشماوە سامان بەرهەم دەهێنن بەڵام تەنانەت کاریگەرییە وێرانکەرەکانیان لەسەر ژینگەش کەم ناکەینەوە و کێشەیەکی جددیمان هەیە، بەتایبەتی لە پارێزگا گەشتیارییەکان.


پێشڕەو

ئێران لە ریزی وڵاتانی پێشەنگدایە لە بواری دروستکردنی بەنداودا

عەلی ئەکبەر مێهرابیان وەزیری وزە لە رێوڕەسمی کردنەوەی بەنداوێک لە سریلانکا رایگەیاند: کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی ئاودێری و ئاوەڕۆ رایگەیاندووە کە ئێران لە رووی ئاودێری و تۆڕەکانی ئاوەڕۆ پێنجەم وڵاتی جیهانە .
وەزیری وزە دەشڵێت: ئێران سەرکەوتوو بووە لە بواری بەرهەمهێنانی کەرەستە و پارچەی پێویست بۆ پاککردنەوەی ئاوی پیس و زیاتر لە 95%ی پێداویستییەکانی لە ناوخۆی وڵاتدا دابین دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا: بەم دەستکەوتانە زیاتر لە 200 بەنداوی گەورە و 600 بەنداوی بچووک بە تۆڕی ئاودێری و ئاوەڕۆی پێشکەوتوو لە ئێران دروست کراوە.

 


کار و کرێکار

گەشەی باجی داهات لە بودجەی ئەمساڵدا

کۆی داهاتی باج لە بودجەی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی ٤٤٪ زیادی کردووە، ئەمەش لە ئەنجامی پێشبینییەکانی زیادبوونی باجی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە.
لە نێوان شێوازەکانی باجی ڕاستەوخۆدا، باجی داهات بەرزترین ڕێژەی گەشەی هەیە بە گەشەی زیاتر لە 66٪ لە لایەکی دیکەشەوە راپۆرتەکان ئاماژە بە گەشەی 8٪ی باجی سەروەت و سامان دەکەن، کە دوایین جۆری باج بووە.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

تایمز

ئینگلتەرا خراپترین وڵاتە کە لە خوار تەمەنی رێگەپێدراو مادە کحولییەکان دەخورێتەوە

منداڵانی ئینگلتەرا لە بەریتانیا زۆرترین رێژەی کحول دەخۆنەوە بەراورد بە هەر وڵاتێکی دیکە، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە دایک و باوکانی چینی مامناوەندیی ئەو خواردنەوە زیانبەخشانەیان لەلا بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی. بەگوێرەی توێژنەوەیەک، سێیەکی ئەو منداڵانەی تەمەنیان 11ساڵە و نیوەی ئەوانەشی کە 13 ساڵن، کحولیان خواردووەتەوە لە ژیانیاندا. لێکۆڵینەوەکە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە ئەنجامدراوە و پشتی بە داتای 280 هەزار منداڵ بەستووە کە لە 44 وڵاتدا کۆکراونەتەوە.


دەیلی تەلەگراف

بارمەتەیەکی ئیسرائیلی دەڵێت 70 بارمتە گیانیان لەدەستداوە

بارمەتەیەکی ئیسرائیلی کە لەلایەن حەماسەوە ساڵی رابردوو دەستگیرکرا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە حەماس بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، 70 لەو بارمتانەی تا ئێستا لەدەستی حەماسدا ماون گیانیان لەدەستداوە. لە گرتەکەدا ئەو هاوولاتییە بە رەگەز ئەمریکییە داوا دەکات حکومەتی ئیسرائیل ئازادی بکات. ئەمش لەکاتێکدایە کە گفتوگۆکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاڵوگۆڕکردنیان لەگەڵ زیندانییەکانی فەلەستین، تا ئێستا هیچی لێ سەوز نەبووە.


ئۆرشەلیم پۆست

نیوەی سەرکردەکانی حزبوڵا لە لوبنان کوژراون و نیوەکەی دیکەشی خۆیان شاردووەتەوە

یوواڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، سەرکەوتووبوون لە لەناوبردنی نیوەی سەرکردەکانی حزبوڵای لوبنان.

رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە ژمارەی ئەمڕۆیدا قسەکانی گالانتی بڵاوکردووەتەوە، ئەو گوتویەتی، نیوەی ئەو سەرکردانە کوژراون و نیوەکەی دیکەش خۆیان شاردووەتەوە.


عەرەب نیوز

جەنگی غەزە و سودان 280 ملیۆن کەسی برسی کردووە

لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی عەرەب نیوز، راپۆرتێک لەبارەی ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراک بەهۆی جەنگەکانی غەزە و سودان بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، زیاتر لە 280 ملیۆن کەس کاریگەری ئەو جەنگانەیان بەرکەوتووە و بەدەست ناسەقامگیری خۆراکەوە دەناڵێنن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button