ئۆپراسیۆنی رەفەح لەبەر دەرگادایە.. سوپا ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە و چاوەڕێی حکومەتە

 زووم:

دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح لەئانوساتدایە و سوپای وڵاتەکە دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ ئۆپراسیۆنەکە کردووە و چاوەڕێی “دەستپێبکە”ـی حکومەتن.
ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ رۆنێن بار، سەرۆکی دەزگای شاباک و هێرزی هالێڤی سەرۆکئەرکانی گشتیی سوپای ئیسرائیل گەیشتوونەتە میسر تاوەکو لەگەڵ هاوتا میسرییەکانیان تاوتوێی ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی رەفەح بکەن.
میسر چەند جارێک هۆشداری داوە لە ئۆپراسیۆنەکە، بەڵام نەک لەبەر خودی غەزە، بەڵکو لە ترسی ئاوارەبوونی هەزاران فەڵەستینی بەرەو بیابانەکانی سینای میسر و دەڵێت، دەبێتە هۆی تێكچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هاوکات رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای هێوربوونەوەی بارگرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ تەواوکردنی ” کارە تەواو نەکراوەکەیان” چڕکردووەتەوە، کە ئەویش لە ریشە دەرهێنانی حەماسە لە رەفەح، کە ئیسرائیل پێی وایە دواین قەڵای بزووتنەوەکەیە.
ئاژانسی رۆیتەرزیش لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە دەڵێت، هەرکات حکومەت گڵۆپی سەوز هەڵبکات، سوپا دەتوانێت ئۆپراسیۆنەکە دەستپێبکات.
تەلەڤزیۆنی کانی ئیسرائیلیش بە پشتبەستن بە گوتەی دوو بەرپرسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا گوتوویەتی، ئۆپراسیۆنی رەفەح بەمنزیکانە دەستپێدەکات و لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستینی لە شارەکە رادەگوێزرێن و لە کامپی ئاوارەکاندا لە نزیک خان یونس جێگیر دەکرێن.
هەر سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی رەفەح، رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی میسرییەوە پلانی ئیسرائیلی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە ئاشکراکردووە و دەڵێت، لە دوو بۆ سێ هەفتەی سەرەتای ئۆپراسیۆنەکەدا بە هەماهەنگی ئەمریکا و میسر و چەند وڵاتێکی عەرەبی دیکە، دانیشتووانی رەفەح لە شێڵتەردا لە نزیک خان یونس جێگیر دەکرێن و چادر و خواردن و پێداویستی پزیشکیان بۆ دابیندەکرێت.
تایمز ئۆف ئیسرائیل دەڵێت تەلئەبیب پێی وایە حەماس 24 لیوای چەکداری لە رەفەح جێگیرکردووە و شارەکە دوایین سەنگەری بەهێزی بزووتنەوەکەیە.
نزیکبوونەوەی ئۆپراسیۆنی رەفەح لە کاتێکدایە ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی جیهان چەندین جار هۆشدارییان لە بارەی ئەو هەنگاوە داوەتە ئیسرائیل و پێیان وایە ئۆپراسیۆنەکە کارەساتی مرۆیی گەورەی لێدەکەوێتەوە، لە نوێترین لێدوانیشدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپراسیۆنەکە هەڵنەکردووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button