“دۆزەخی ژنان” مافى ژنان بە یاسا رێکدەخات

حکومەتی سیرالیۆن: دەبێت 30%ى پۆستە فەرمییەکان بە ژنان بدرێت

زووم، ئاژانسەکان:

حکومەتی سیرالیۆن، کە وڵاتەکەی بە “دۆزەخى ژنان” ناوی دەرکردووە، یاسایەکى پێچەوانەى ناوبانگەکەى دەکرد، لەمەودوا دەبێت 30%ى پۆستى دامەزراوە فەرمییەکانى حکومەت لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەببرێن.

سیرالیۆن وڵاتێکى هەژارنشینە، دانیشتوانەکەى هەشت ملیۆن کەسە، دەکەوێتە رۆژئاواى کیشوەری ئەفریقیاوە.

پرۆژەیاساکەی تایبەت بە مافی ژنان، دوای ساڵێک لە مانەوەی لە پەرلەماندا، مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو دەنگی تەواوی پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی بەدەستهێنا و ئاراستەى سەرۆکایەتی وڵاتەکە کرا. رۆژی پێنجشەممەی رابردووش 19ی کانوونی دووەمی 2023 جولیۆس مادا بایۆ، سەرۆکی سیرالیۆن، واژۆی کرد و بەفەرمی بوو بە یاسا.

لە یاساکەدا هاتووە لەهەرسێ کاندیدێکی هەڵبژاردنی داهاتوو کە پێنج مانگی دیکە بەڕێو دەچێت، دەبێت یەکێکیان ژن بێت و ژنان بەشداریی بەرچاویان لە بڕیارە چارەنوسسازەکانی وڵاتدا هەبێت.

یاساکە داوای یەکسانیی موچەی نێوان ژن و پیاو و هەروەها پێدانی مۆڵەتی دایکایەتی دەکات بۆ ژنان، کە لە 14 هەفتە کەمتر نەبێت.

بە گوێرەی یاساکە، هەر دامەزراوە و کۆمپانیایەک کە رێژەی 30%ى بەشدارى ژنان جێبەجێنەکەن، سزای دوو هەزار و 500 دۆلاریان بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئەم هەوڵەی حکومەت لەکاتێکدایە لە سیرالیۆن ژنان “قوربانی چەندین جۆر لە نادادین”.

بەگوێرەى راپۆرتێکی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، ژنان و کچانی سیرالیۆن کە رێژەی 52%ى دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن، بەشدارییان لە کایەکانی حوکمڕانی و دامەزراوە تایبەتییەکاندا 20% کەمترە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە ژنانی سیرالیۆن لە چەندین رووەوە لە مەترسیدان: توندوتیژیی سێکسی و  خێزانی، دەستدرێژی بۆ سەر گەورە و بچوک، دەستدرێژیی سێکسی پەیوەست بە قوتابخانە و پراکتیزەکردنی نەریتی خەتەنەکردنی مێینە.

کەناڵی ناشناڵ جیۆگرافیک لە ساڵی 2017دا وڵاتەکەی بە “دۆزەخی ژنان” ناوبردووە و گوتى “سیرالیۆن یەکێکە لە خراپترین شوێنەکانی جیهان بۆ ژیانی ژنان”.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی بۆرگێن پرۆجێکتی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری لە جیهاندا، ژنان لە سیرالیۆن سەرەڕای بەشدارییە بەرچاوەکانیان لە ئابوری و دابینکردنی بژێوی ماڵەکانیان، روبەڕوی پەراوێزخستنی تەواو بوونەتەوە.

لە دیارترین ئەو سەختییانەی ژنانی سیرالیۆن روبەڕوی دەبنەوە ئەمانەن: خەتەنەکردن، توندوتیژیی جێندەریی، پشتگوێخستنیان لە هێزی کار، بەربەستەکانی خوێندن و کەمیی بەشدارییان لە سیاسەتدا.

لەبەر هەموو ئەم هۆکارانەی سەرەوەیە ئەم هەنگاوە نوێیەی حکومەتی ئەو وڵاتە وەک بابەتێکی مێژوویی سەیردەکرێت.

مانتی تاراوالی، وەزیری جێندەر و منداڵانی سیرالیۆن پاش واژۆکردنی یاساکە رایگەیاند: “ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە کە سیرالیۆن بەڕاستی دەتوانێت بڵێت یاسایەکی هەیە، کە بە وردی داڕێژراوە بۆ نەهێشتنی نایەکسانیی جێندەری”.

تاراوالی  ئاماژەی بەوەشکردووە “یاسای زەمینەسازیی، کۆت و بەندەکانی جیاکاری ئابوری و سیاسی بۆ ژنانی شار و گوندەکان لە سەرانسەری وڵاتدا دەشکێنێت.”

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button