راگەیەنراوێکى وەزارەتی سامانەسروشتییەکان “دۆخەکە ئاڵۆزتر” دەکات

زووم:

پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دۆسیە ئاڵۆزەکەی نێوان بەغداد و هەولێر، دوای زیاتر لە ساڵێک، بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە، ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش پێدەچێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ساڵێکە راگیراوە، عێراق دەڵێت، تورکیا ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانەوە، حکومەتی هەرێمیش دەڵێت، عێراق بەم قسانەی دەیەوێت بەرپرسیارییەتی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخاتەپاڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی توندی ئاراستەی بەغداد کرد و گوتی، بەغداد بەرپرسیارێتی شکستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخاتەپاڵ حکومەتی هەرێم.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، گرێبەستە پەیوەندیدارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لەلایەن حکومەتی فیدراڵی یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە پەسەند نەکراون.

باس لەوەش دەکات، حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە، یان ئامادە نییە هیچ یاسایەکی نەوت و غاز دەربکات. کەرتی نەوتی حکومەتی عێراق پڕە لە گەندەڵی و زیادەڕەوی لە مەرکەزییەت و نەبوونی شەرعیەت، لە ئێستادا پشت بە فەرمانە بەسەرچووەکانی رژێمی سەدام حسێن دەبەستێت.

رۆژی 15ی شوباتی 2022، دادگای فیدراڵیی عێراق یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە نادەستووری ناساند، ئەوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هێرشی توندی کردە سەر دادگاکە، ئەمجارەش وەزارەتەکە بە دەرفەتی زانیوە هێرش بکاتەوە سەر دادگای فیدراڵی و دەڵێت، شتێک نییە بەناوى “دادگای باڵای فیدراڵی” بەڵکو لیژنەیەکى راسپێردراوی سیاسییە لە بەغداد و  ئەو لیژنە سیاسییە بڕیارەکانى وەک سەردەمى سەدامە و هیچ تێگەیشتنێکی یاسایی نییە. دەشڵێت، ئەو بەناو دادگایە بووەتە جێی شەرمەزاری بۆ خەڵکی عێراق.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، هانی حکومەتی عێراق دەدەن ئاسانکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، دەشڵێت، هیچ پاساوێک نییە تا وەزارەتی نەوتی عێراق بەربەست بخاتە بەردەم هەناردەکردنی نەوت.

ئەم ڕاگەیەنراوە توندەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە کاتێکدایە دوێنێ وتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی، زیاتر لە مانگێکە تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت بەڵام هەرێم و بەغداد رێکنەکەوتوون.

هەواڵی زیاتر

Back to top button