ئاسیا زۆرترین زیانی کارەساتە سروشتییەکانی ساڵی 2023ـی بەرکەوتووە

زووم…

 

2023ساڵێک بوو پڕ لە کارەساتی سروشتی، بەگوێرەی دوایین ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، زۆرترین زیانی ئەو کارەساتانە بەر وڵاتانی کیشوەری ئاسیا کەوتووە.

رێکخراوی جیهانیی بۆ کەشناسی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لە ساڵی 2023دا کارەساتە سروشتییەکانی وەک لافاو و زریان، زۆرترین زیانیان بە وڵاتانی ئاسیا گەیاندووە و خەڵکانێکی زۆر بوونەتە قوربانی و کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئابووری ئەو وڵاتانە داناوە.

سیلـــیستی ساولۆ، سکرتێری گشتی رێکخراوەکەیە، لە راپۆرتی نوێی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە، 2023 گەرمترین ساڵ بووە بۆ زۆرێک لە وڵاتان. جگە لە شەپۆلەکانی گەرما و وشکەساڵی، زریان و لافاوەکانیش بەشێکی دیکە بوون لەو کارەساتە سروشتییانەی ساڵی رابردوو.

سیلـــیستی دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەهۆی زیادبوونی ئەم دیاردانە، ئەمەش کاریگەری گەورە لەسەر کۆمەڵگا و ئابووری وڵاتان دادەنێت، لە هەمووشیان گرنگتر کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ و ژینگە دادەنێت.

لە راپۆرتەکەدا تیشکخراوەتەسەر فاکتەرەکانی گۆڕانی خێرای کەشوهەوای ئاسیا لە ساڵی 2023، لەنێویشیاندا پلەی گەرمای سەر رووی زەوی و توانەوەی بەستەڵەکەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا،کە هەموویان رۆڵی گەورەیان لە ئیکۆ سیستمدا هەیە.

لە ساڵی 2023 بەشێوەیەکی پێوانەیی پلەی گەرمای رووی زەریا لە باکووری رۆژئاوای زەریای هێمن بەرزبووەتەوە و ناوچەکانی جەمسەری باکوور کاریگەری گەورەی شەپۆلی گەرمایان لەسەر بووە.

پلەکانی گەرما لە ئاسیا بە تێکڕایەکی بەرزتر لە تێکڕای جیهانیی بەرزدەبنەوە، لە ساڵانی 1961 تا 1990 ئەم گەرمبوونە بەنزیکەیی دووهێندە زیادیکردووە.

تەنها لە ساڵی 2023دا، 79 کارەسات لە ئاسیا روویانداوە، %80ـی ئەم کارەساتانە پەیوەندییان بە لافاو و زریانەکانەوە هەبووە و بوونەتەهۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار کەس و زیانی راستەوخۆ بە نۆ ملیۆن کەسی دیکە کەوتووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button