لەنێوان تورکیا و عێراق زیاتر لە 20 رێککەوتن واژۆ دەکرێت

زووم:

 رۆژنامە عەرەبییەکان

سەباح

باسم عەوادى: ساڵێکە ئامادەکاریی بۆ سەردانەکەى ئەردۆغان دەکەین

باسم عەوادى، گوتەبیژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، سەردانەکەى ئەمڕۆى ئەردۆغان زۆر گرنگ دەبێت و ساڵێکە ئامادەکاریی بۆ دەکەین، لەو سەردانەشدا لەسەر چوار تەوەرى سەرەکى گفتوگۆ و دانوستان دەکرێت، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەى تورکیاش سەردانەکەى بە نموونەیی باسکردوەو رایگەیاندووە پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و تورکیا دەباتە قۆناغێکى نوێوە.

شەرقلئەوسەت

لەنێو کێشە سەربازیی و سیاسییە گەورەکاندا ئێران سەرقاڵی سەرکوتکارییە
نەرگس محەمەدى، چالاکى و خاوەنى خەڵاتى نۆبڵی ئاشتى کە ئێستا لە زیندانە ئەوینى تاران دەستبەسەرە رایگەیاند کۆمارى ئیسلامی ئیران شەقامە گشتییەکانى ئێرانى کردووە بە گۆڕەپانى زیندانێکى کراوە بۆ ژنان و لاوانى وڵاتەکەى. لێدوانەکەى نەرگس محەمەدى لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەى زۆری بەدواى خۆیدا هێناوە، لە لایەکی تریشەوە هادى قائیمی بەڕێوەبەرى ناوەندى مافەکانى مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەیان لە نیۆرکە، رایگەیاند پەرەسەندنى توندوتیژى دژ بە ژنان لە ئێران هۆکارەکەى بێدەنگى نێودەوڵەتییە لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

دەستوور

عێراق و سعودییە لە بوارى بەرگرییدا رێککەوتن

خالید جەبار ئیسماعیل لامی، بەڕێوەبەرى بەڕیوەبەرایەتى یاسایی لە وەزارەتى بەرگریی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەزارەتى بەرگریی عەرەبستانى سعودییە لە میانى پێشوازیکردنیان لە حەسەن حیفزیی بریکارى وەزارەتى بەرگریی سعودییە گەیشتوونەتە لێکتێگەشتنى تەواو و واژۆیان لەسەر چەند بوارێک لەو بارەیەوە کردووە، بەرپرسە عیراقییەکە بە شاندى سعودییەى راگەیاندووە بەم نزیکانە لێکتیگەشتنى تەواوەتى لەبوارى بەرگرییدا لەگەڵ عەرەبستانى سعودییە واژۆ دەکەن.

عەرەبی جەدید

پادشاى ئوردن داواى راگرتنى جەنگ لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات

عەبدوڵاى دووەم، پادشاى وڵاتى ئوردن لە میانى پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ ریشی سوناک باسی لە مەترسی پەرەسەندنى جەنگى ئیسرائیل و حەماسی لەناوچەکەدا کردووە و داواى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش کردووە هەموو تواناى خۆیان بخەنەکار بۆ ئەوەى ئەو جەنگە رابگرن تا هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە رەفەح و غەزە، تاوەکو کارەساتى مرۆیی روونەدات.
ئەم پەیوەندییە لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە تاووتوێی هاوکاریکردنى ئیسرائیل دان بە بڕی 17 ملیار دۆلاری ئەمریکى.

 

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 


نیویۆرک تایمز

دواى توندبوونەوەی ململانەکان لەگەڵ ئێراندا ئاستی جەماوەریی نەتانیاهۆ بەرزبووەتەوە

لە رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل تائێستا ئەمڕۆ کوشندەترین رۆژگاری نێو مێژووی سیاسیی نەتانیاهۆ بووە. ئەو قەیرانەی کە روویداوە وەک کەوتن و شکستی سیاسی بۆ ئەو لێک دەدرایەوە. بەڵام گوازرانەوەی ناکۆکییەکان بۆ لەیەکتردان لەگەڵ ئێراندا و بە تایبەتیش رووداوەکەی رۆژی هەینی وایکردووە ئاراستەی روانینەکان پێچەوانە ببنەوە و دواجار لە ئێستادا دەنگی نەتانیاهۆ زاڵ بووەتەوە. رووداوەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی ئەو دەگۆڕێن.

ئۆرشەلیم پۆست

200 رۆژ لە دەستبەسەری تێپەڕی کرد، ئیدى رێگە بدەن خەڵکەکەمان بگەڕێنەوە

خەڵکی جو دەڵێن کاتی ئەوە هاتبوو، کە ئاهەنگ بۆ ئەو بۆنەیە بگێڕین کە ئێمە لە کۆمەڵێک کۆیلەوە گۆڕاوین و بووین بە نەتەوەیەکی ئازاد، بەڵام وا دیسانەوە جارێکی دیکە دەکرێینەوە بە کۆیلە. ئەوەی لە رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی2023ـدا روویدا، کارەساتێکە خەڵکی جو لە رۆژگاری هۆلۆکۆستەوە ناهەمواریی وایان بە خۆیانەوە نەبینیوە. رەوشێکی ناهەموار بوو بەسەر ئەو خەڵکەدا هات، جارێکی دیکە ژن و منداڵ و باپیرەکان و نەنکەکان بوونەوە بە قوربانی.

گەڵف نیوز

باران و سەرما لە ریاز بەردەوامن

دەوامی خوێندنگە و زانکۆ وناوەندەکانی فێرکردن و راهێنان بەهۆی تێکچوونی رەوشی ئاو و هەواوە راگیراون.
لە ریازی پایتەختی سعودیە باران و لافاو لە چەند شارێک چەندان رێگا و شەقامیان داخستووە، بەوبۆنەیەوە لەو شارانە دەوامی خوێندنگەکان راگیراون.
ناوەندەکانی کەشناسی دەڵێن کەشوهەوایەکی ئاڵۆزتر چاوەڕوانکراوە و گریمانی هەورەتریشقە و بای بەهێز و سەرمایش چاوەڕوانکراوە. ئەو کەشە هەتا ئەمڕۆش هەر درێژەی دەبێت و بەردەوام دەبێت.

گاردیەن

داوا لە سەرەکوەزیران دەکرێت ئەفغانییەکان لە لیستی ناردن بۆ رواندا لاببات
فشارێک بۆ سەر ریشی سوناکی سەرەکوەزیران دروست بووە، لە دوایین چرکەساتدا پێداچونەوەیەک بە بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ رواندادا بکات و رێگەبدات ناوی ئەو کەسە ئەفغانییانە لە لیستی ناردنەکە دەربهێنرێت، کە ئەفغانیین و یارمەتی سوپای بەریتانیایان داوە.
پەرلەمانتارانى سەر بە پارتى پارێزگاران و چەند ئەندامێکی دیکەى ئۆپۆزسیۆن داوا دەکەن، کە ئەو ئەفغانییانە لە لیستی ناردن بۆ رواندا دەربهێندرێن کە لە ناو سوپای بەریتانیادا وەک جەنگاوەری دێڕین ناویان هەیە و هاوکاری ئەو سوپایە بوون.

رۆژنامە تورکییەکان

یەنى شەفاق

لەنێوان تورکیا و عێراق زیاتر لە 20 رێککەوتن واژۆ دەکرێت
ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا بەسەردانێکى فەرمى دەگاتە بەغداد و دواتریش سەردانى هەولێر دەکات.
ئەردۆغان شاندێکى باڵاى حکومەتەکەى یاوەری دەکات و زیاتر لە ٢٠ رێککەوتن لەبوارى جیاجیا لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ دەکرێت. هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، تەواوى ئەو رێکەوتنانەى ئەمڕۆ ئیمزاى لەسەر دەکرێت، پێشتر ئامادەکاریی بۆ کراوە.

تورکیا

فڕۆکەى جەنگیى یاوەرى گەشتەکەى ئەمڕۆى ئەردۆغان دەکات
لە سەردانەکەى ئەمڕۆی سەرۆککۆمار بۆ بەغدا، لە ئاستێکى باڵادا پارێزگارى لە ئەردۆغان دەکرێت، لە رێگەى وشکانی هێزێکى زۆر جێگیرکراون بۆ ئەو رێگایانەى ئەردۆغان پیادەڕوات و لە ئاسمانیشدا فڕۆکەى جەنگیی لە جۆرى فیلۆ ١٥٢ یاوەرى گەشتە ئاسمانییەکەى ئەردۆغان دەکات.
بۆئەوەى لە ئەگەرى هەر موشەک و هێرشێک بەرپەرچى بدەنەوە. بەغداد و هەولێر لەهەر ئەگەرێک ئاگادارکراونەتەوە.

میللیەت

سودانى ئاڕاستەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا دەگۆڕێت
محەمەد شیاع سۆدانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق، پێش ساڵ و نیوێک لەمەوبەر هاتەسەر دەسەڵات، ئەو توانی ئاڕاستەیەکى نوێ بدات بە پەیوەندییەکانى نێوان وڵاتەکەی و تورکیا بە ئەندازەى ئەوەى پەیوەندییەکان هیچ کاتێک هێندەى ئێستا سەقامگیر نەبووە و پەیوەندییە سیاسیی و دیبلۆماسییەکانیش وەک ئێستا پتەونەبووە.

 


سۆزجو

سەرۆکى پێشووى گەورەشارەوانیی وان 8.8 ملیار لیرە قەرزی کردووە

والى ئۆزان، ساڵ و نیوێک پێش ئێستا وەک قەیوم لەلایەن حکومەتەوە بۆ گەورەشارەوانی وان دانرا، لەو ماوەەیدا بڕی ٨.٨ ملیار لیرە قەرزى هێناوەتە سەر شارەوانییەکە.
عەبدوڵا زەیدان، سەرۆکى ئێستاى گەورەشارەوانیی وان لەسەر لیستی دەم پارتى رایگەیاند، لەو قەرزانەى هێنراونەتە سەر شارەوانییەکەمان، یەک قوروشی بۆ ژێرخانى شارەکە خەرج نەکراوە.

رۆژنامە فارسییەکان

ئارمانی ئیمروز

خەرجى گەشت و سەیران لە ئێران لە 10 ساڵدا بۆ نیوە کەمی کردووە

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا خەرجییەکانی سەیران و کات بەسەربردن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بە جۆرێک پشکی خەرجییەکانی پەیوەست بە کاتبەسەربردن و گەشتکردن لە ماوەی ۱۰ ساڵدا بۆ نیوە کەمی کردووە و گەیشتووەتە کەمتر لە ١٪ی خەرجییەکانی هەر خێزانێک.
بەگوێرەی راسپاردەی رێکخراوی گەشتیاری جیهانی، یەکەم هەنگاو بۆ گەشەی پیشەسازی گەشتیاری پەرەپێدان و پاڵپشتی گەشتیاری ناوخۆییە لە وڵاتان. ئێستا پێویستە کە بەرپرسان رێوشوێنی جددی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو چەقبەستووییە بگرنەبەر و کۆمەڵگا لە گەشت و قازانجەکانی ناوخۆ سوودمەند بن، راپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمان دەڵێت؛ لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئاماری گەشتیاریی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

مردم سالاری

نوێنەری مەهاباد لە پەرلەمانى ئێران دژی گەڕاندنەوەى پۆلیسی حیجابە
کاردانەوەکان بەرامبەر بە گەڕانەوەی پۆلیسی حیجاب بۆ سەر شەقامەکان درێژەی هەیە لە دوایین کاردانەوەی ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ، جەلال مەحمودزادە، نوێنەری مەهاباد و رەخنەگری پەرلەمان، سەبارەت بەو پرسە نووسیوێتی، لەم دواییانەدا شایەتی سوکایەتی و هەڵسوکەوتی نەشیاو و نایاسایی سەبارەت بە ژنان و تەنانەت خوێندکارەکان لەنێو زانکۆکان بووین کە دەبێتە هۆی ناکۆکی لە نێوان پۆلیس و ژنان.
دەڵێت، ئەم بەریەککەوتنانە بە بانگەشەى جێبەجێکردنی یاسا ئەنجام دەدرێن، لە کاتێکدا یاسای حیجاب کە چەندین جار لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەرانەوە رەخنەی لێ گیراوە بەهۆی کەموکوڕییە یاسایی و شەرعییەکانییەوە، هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، بۆیە بەگوێرەى کام یاسا حیجابوانەکان رێگە بە خۆیان دەدەن بەو شێوە مامەڵە لەگەڵ ژنان بکەن؟

پێشڕەو

نیوەی کارەبای ئێران لە کەرتی بەرهەمهێناندا بەکاردەهێنرێت

گوتەبێژی پیشەسازی کارەبا رایگەیاند” بە تێکڕا ٥٠٪ی کارەبای وڵات لە یەکەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی و کشتوکاڵدا بەکاردێت.
مستەفا رەجەبی دەشڵێت: ساڵی رابردوو رووبەڕووی کورتهێنانی زۆر بووینەوە، بەڵام ئەمساڵ ئەم کورتهێنانە بۆ نزمترین ئاست کەمکرایەوە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە توانای گونجاو لە بواری پیشەسازی کارەبادا دروست کراوە کە بریتین لە دروستکردنی وێستگەی نوێ، دەستپێکردنی وێستگەکانی وزەی نوێبووەوە، هەروەها دروستکردنی تۆڕی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا.

تەجارەت

بەدڵنیاییەوە نرخی خانووبەرە لە ئێران بەرزدەبێتەوە

ئەحمەدرەزا سەرحەدی، سەبارەت بە هەوڵی حکومەت لە سەقامگیرکردنی نرخەکان و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە لە ئایندەیەکی نزیکدا گوتی، ساڵی رابردوو حکومەت هەوڵی دا بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوە لە بازاڕی خانووبەرەدا، بەڵام هیچ سەرکەوتنێکی تایبەتی لەم بوارەدا بەدەست نەهێنا.
ئەو گوتی، نرخی مانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو بەرز بوویەوە، بەڵام راستی بابەتەکە ئەوەیە هیچ مامەڵەیەکی گرنگ لە بازاڕدا رووینەداوە بەجۆرێک کەمبوونەوەی قەبارەی مامەڵەکان لەم نێوەندەدا رۆڵێکی گەورەی هەبووە.
بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی وڵات و کاریگەریی هەموو بازاڕەکان بە بازاڕەکانی زێڕ و ئۆتۆمبێلیشەوە لەسەر نرخی دۆلار، بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە لە رۆژانی داهاتوودا دڵنیایە و ناتوانرێت رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەکان بکرێت لە بازاڕی خانووبەرەدا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button