سودانی کۆتایی بە سەردانە سەرکەوتووەکەی بۆ ئەمریکا دەهێنێت

زووم:

 رۆژنامە عەرەبییەکان

عەرەب

هەموو ئەوەی تورکیا دەتوانێت پێشکەش بە ئیسماعیل هەنیەی بکات میواندارییەکی کاتییە

رۆژنامەی عەرەب لە بڵاوکراوەی ئەمڕۆیدا باسی لە سەردانەکەی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس بۆ تورکیا کردووە و دەڵێت، چاودێران پێیانوایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ناتوانێت رۆڵی نێوەندگیر ببینێت لە دۆسیەی فەلەستین و پێشوازیکردن لە سەرکردەکانی حەماس.
دەشڵێت، هەموو ئەوەی ئەردۆغان پێیدەکرێت، میواندارییەکی کاتییە لە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە، پێش ئەوەی بەتەواوەتی بگوازرێنەوە بۆ ئێران.

سەباح

 

سودانی کۆتایی بە سەردانە سەرکەوتووەکەی بۆ ئەمریکا دەهێنێت

لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی سەباحی عێراقیدا هاتووە، دوای نزیکەی هەفتەیەک لە سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆککۆماری عێراق بۆ ئەمریکا، سودانی گەڕاوەتەوە بەغدادی پایتەخت و کۆتایی بە سەردانە سەرکەوتووەکەی بۆ واشنتن هێنا کە تێیدا چەندین دیدار و چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی ئەنجامدا و توانی هێڵەکانی پەیوەندییەکی سەقامگیر و هاوسەنگ لەگەڵ واشنتن بکێشێت.

قودسی عەرەبی

کۆمەڵکوژی غەزە بەردەوامە و ناوچەکە دەکوڵێت

رۆژنامەی قودسی عەرەبی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لەبارەی غەزە بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە لەژێر ناونیشانی “کۆمەڵکوژی غەزە بەردەوامە و ناوچەکە دەکوڵێت”.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، سەرباری پێشهاتە هەرێمییەکان لە دیارترینیشیان هێرشی پێچەوانەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کەچی جەنگی کۆمەڵکۆژی ئیسرائیل بەردەوامە، پەیوەندییەکی سوتێنەر هەیە لەنێوان جینۆسایدی فەلەستینییەکان و دۆخی ناهەمواری ناوچەکە هەیە.

مەدا

حەشد لە تۆمەتبارکردنی ئەمریکا بە بۆردومانەکەی بارەگاکانی بابل پەشیمان دەبێتەوە

حەشد دەڵێت فەرمانە رەسمییەکان ناتوانن دەستی ئێمە ببەستنەوە.
لەکاتێکدا، کە محەمەد شیاع سودانی سەرەکوەزیرانی عێراق لە واشنتنەوە دەڵێت بەهانەی ئەوە نەماوە هێزەکانی لە هاوپەیمانان لە عێراقدا بمێننەوە، بارەگاکانی حەشد لە بابل بە زیاتر لە موشەکێک بۆردومان کران. لە شوێنێکدا لەو نزیکانە چاڵێکیان دروستکردووە، کە لە دە مەتر قووڵترە.
ئەو هێرشە کوشتن و بریندارکردنی زیاتر لە نۆکەسی لە ئەندامانی حەشد لێکەتەوە، بەڵام تائێستا سەرکردەسەربازییەکانی ئەوێ هیچ لایەنێکیان تۆمەتبار نەکردووە.

 رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف

داواى دەستلەکارکێشانەوەى بەرپرسی پۆلیسی لەندەن دەکرێت بەهۆى مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ جولەکەکان

سوێلا برەیڤەرمان، سەرۆکایەتیی دەستەیەک لە خەڵک دەکات، کە داوا دەکەن سێر مارک راوڵی، بەرپرسی یەکەمی پۆلیسی شاری لەندەن دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە. لەپاش ئەوەی کە پۆلیسی لەندەن هەڕەشەی دەستگیرکردنی کەسێکی جولەکەیان کرد و پێیان گوت تۆ بە ئاشکرا جولەکەیت، ئێستا ئەو دەنگانە بەرزبوونەتەوە کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرکردەی پۆلیسی ئەو شارە دەکەن.
ئۆلیڤەر داودن، جێگری وەزیری ناوخۆ لەبارەی ئەم کێشەیەوە قسەی بۆ رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف کردووە و گوتویەتی شەرمەزاری بۆ پۆلیسی لەندەن دروست بووە .

 

سەندەی ئێکسپرێس

گەشتەکانی گواستنەوەی پەنابەران بۆ رواندا ئامادەیە بۆ دەستپێکردن

لەماوەی چەند هەفتەیەکی کەمى دیکەدا کۆچبەرە نایاساییەکان ئاگاداردەکرێنەوە لەوەی ئایا ناوی ئەوانیش لەنێو ئەو کەسانەدایە، کە لەم نزیکانە بە فڕۆکە دەگوازرێنەوە بۆ رواندا یان نا. دوێنێ شەو ئەم هەواڵە راگەیەندرا.
ئێستا دامەزراوەی کاروباری ناوخۆی بەریتانیا (هۆم ئۆفیس) ناوی 200 کەسی ئامادەکردووە، بۆئەوەی لەگەڵ یەکەمین گەشتی بەرەو رواندادا بگوازرێنەوە بۆ ئەو وڵاتە، لەم رووەوە چاوەڕوانی فەرمانی کۆتایی پەرلەمان و بڕیاردانی حکومەت دەکات.

واشنتن پۆست

ئەنجومەنی نوێنەرانى ئەمریکا پرۆژەیاسای هاوکارییەکانى بۆ ئۆکراین و ئیسرائیل پەسەندکرد
بە بەرزکردنەوەی دروشمی (ئۆکراین!) هەموو ئەندام پەرلەمانە دیموکراتەکان ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون، کە لە نهۆمی یەکەمی بینای پەرلەمان بەڕێوەچوو، هەروەها کەمینەیەکی کۆمارییەکانیش بەشدارییان تێداکرد و بەمەش زۆرینەی یاساییان پێکهێنا. بەوهۆیەوە توانیان بە دەقی یاسایی رێگەپێدان بۆ خەرجکردنی ئەو شەست ملیار دۆلارە دەربکەن، کە بڕیارە وەک هاوکاری بدرێت بە ئۆکراین. چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەم بڕیارە بخرێتە بەردەستی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران، بۆئەوەی تاوتوێی رێوشوێنەکانی بە تەواوی بکرێت و بخرێتە بەردەستی جۆ بایدن بۆ ئیمزاکردن.

ئۆرشەلیم پۆست

توانای بەرگرییە ئاسمانییەکانی پاراستنی ناوچە ئەتۆمییە نهێنییەکانی ئێران تێکشکێندران

راپۆرت هەن دەڵێن ئیسرائیل تەکنیکی تایبەتی بەکارهێناوە بۆ لێدانی ئەو بنکانە.
ئەو سیستمی بەرگریی دژەئاسمانییانەی ئێران بۆ پاراستنی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز لە نزیکی ئەسفەهان دایناون لە جۆری ئێس 300ـن، بە جۆرێک مووشەکی دوورهاوێژ تێکشکێندران، کە لە دەرەوەی سنوری ئاسمانی ئێرانەوە تەقێندرابوون. چەند سەرچاوەیەکی جیاجیا و وێنەی وەرگیراو لە مانگە دەستکردنەکانەوە راستیی ئەم باسە دەسەلمێنن. نیویۆرک تایمز، فۆکس نیوز و چەند راپۆرتێکی تری دەرەکی دەڵێن دڵنیان لەوەی ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامداوە. بەڵام تائێستاش ئیسرائیل بێدەنگە لەوبارەیەوە و هیچ ناڵێت.

رۆژنامە تورکییەکان

 سۆزجو

جەهەپە دەبێتە پارتى خانمان
بەشدارى ژن لەنێو جەهەپە زیادبووە، لەئێستادا ئەندامانى خۆبەخشی ژن لەنێو پەرتەکە گەیشتووەتە 520هەزار ژن، ئایڵن نازڵیکایا سەرۆکى دەستەى ژنانى جەهەپە، رایگەیاندووە لەئێستادا لەهەموو کات زیاتر ئەندامانى ژن لەنێو جەهەپەدا زیادبووە، راشیگەیاندووە ژمارەى ئەو شارەوانییانەى کە ژن سەرۆکایەتى دەکات 35 ژنە.

قەرار

ئاک پارتى 100 ملیار لیرە قەرزى هێناوەتە سەر شارەوانییەکان
دەنیز یوجەل، گوتەبێژى جەهەپە رایگەیاندووە لەپاش هەڵبژاردنى شارەوانییەکان ئەو شارەوانییانەى لە ئاک پارتییەوە کەوتنەدەست جەهەپە، زۆربەیان بە قەرزێکى زۆرەوە رادەستى ئێمەیان کردووە، بەهاکەى دەگاتە 100ملیار لیرە، ئەم قەرزە زۆرە لەسەر شارەوانییەکانى جەهەپە وادەکات رێگریی بکات لە بەجێهێنانى ئەرکەکانیان بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی بە خەڵک.

ئەکشام

لێپێچینەوەى یاسایی لەگەڵ سەرۆکشارەوانییەکى دەم پارتى دەکرێت
سەرۆکشارەوانیی دەم پارتى لە شارەوانیی سوور لە ناوچەى ئامەد، لە کاتى چوونەژوورەوەیدا لەنێو بینای شارەوانیی، لەلایەن چەند کەسێکەوە بە زمانى کوردی قسەى نەشیاو بە وێنەى ئەردۆغان و ئەتاتورک درا، سەرۆکشارەوانییەکەش هیچ کاردانەوەیەکى نەبوو، وەزیرى ناوخۆى تورکیا رایگەیاندووە نووسراویان بۆ دادوەرى گشتی ناردووە تاوەکو بەدواداچوونى یاسایی بکەن.

یەنى بیرلیک

سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ عێراق سەردانێکى ئاسایی نابێت
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، سەردانەکەى ئەردۆغانى سەرۆکى تورکیا بۆ عێراق سەردانێکى ئاسایی نابێت، سەردانێکى گرنگ دەبێت و کۆمەڵێک دۆسییە تاوتوێ دەکرێن بۆ چارەسەرکردنى پرسەکانى نێوان هەردوو وڵات.

رۆژنامە فارسییەکان

ئەفکار

بەهۆی پشتیوانی لە پەهلەوی، ئەمریکا یەک ملیار و 91 ملیۆن دۆلار سزا درا
بە سکاڵای 15 زیندانی سیاسی، حوکمی بژاردنی یەک ملیار و 91 میلیۆن و 840 هەزار دۆلار بە سەر ئەمریکا بەتۆمەتی پشتیوانی لە تاوانەکانی رژێمی پەهلەوی سەپێندرا.
بە پشتبەستن بە بڕیاری لقی 55ی دادگای گشتی و یاسایی تاران، سزای حکومەتی ئەمریکا بەهۆی خەرجییە پزیشکییەکانەوە، لەوانە چارەسەر و چاودێری پزیشکی و دەرمانسازی، کەرەستە و پێداویستییەکان و زیانەکانی بەرگەگرتنی برینداربوونی جەستەیی و ئازار و ئەشکەنجەدانی سەخت بەو رێژەیە دیاری کراوە.

تەجارەت

هەر جۆرە زیادکردنێکی مووچە رەتدەکرێتەوە
وەزیری کاری ئێران، وەک وەڵامێک بۆ هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە دووبارە زیادکردنەوەی کەمترین مووچەی کرێکاران رایگەیاند، “ئەوەی پێشتر پەسەندکراوە سەبارەت بە بڕی حەقدەستی کرێکاران” جێبەجێ دەکرێت.
لەسەر بنەمای ئەمەش مووچەی کرێکاران ئەمساڵ بە زیادبوونی 35%بە 120 دۆلار دیاری کراوە و کرێکاران رەخنە لەو بڕیارە دەگرن بەهۆی ناتەبایی ئەم رێژەیە لەگەڵ رێژەی هەڵاوسان کە 52% بووە. نوێنەرانی کرێکاران پێیان وابوو کە مووچەی کرێکاران نەک هەر زیادی نەکردووە بەڵکو کەمی کردووە و بەم بڕە زیادکردنە کرێکاران بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان تووشی کێشە دەبن.

جامی جەم

بەکارهێنانی بەنزین لە ئێران سێ هێندەی تێکڕای جیهانە
بەڕێوەبەری پێشووی کاروباری نێودەوڵەتیی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران، بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ئێستادا وڵات بەرەو رووی ناهاوسەنگی لە دابینکردن و خواستی بەنزین بووەتەوە، گوتی: خواست بۆ بەنزین لە وڵاتی ئێمەدا لەڕادەبەدەر بەرزە و بەردەوام لە زیادبووندایە، بۆیە پێویستە سیستەمی گواستنەوەی گشتی و شێوازی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل باشتر بکرێت، ئەو ئۆتۆمبیلانەی ئێمە بەرهەمی دەهێنین سێ ئەوەندەی رێژەی جیهانی بەنزین بەکاردەهێنن.

جەوان

داهاتی مانگانەی مامۆستا تەنها 12 دۆلارە
کێ ئامادەیە بۆ ماوەی مانگێکی تەواو کار بکات بۆ وەرگرتنی مووچەی 12 دۆلار؟
دوای ئەوەی نزیکەی شەش مانگ بەسەر دامەزراندنی مامۆستا خوێندکارەکاندا تێدەپەڕێت، مووچەکانیان بە بەشێکی کەم خراوەتە سەر حسابەکەیان، ئەو مووچەیە بەشی پێداویستییەکانی ژیان ناکات.
بەشێک لە مامۆستایانی خوێندکار مەودایەکی زۆریان لە شوێنی خوێندن و شوێنی کارەکەیانەوە هەیە، هەر بۆیە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا، ناچاربوون یەک هەفتە پشوو لە پۆل وەربگرن بۆ ئەوەی بگەنە تاقیکردنەوەکەیان. کاتێکیش مامۆستای خوێندکار دەگەڕێتەوە و دەچێتە پۆل، دەبێت قەرەبووی دواکەوتنی یەک هەفتەیی وانەکانی منداڵان بکاتەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button