قوباد تاڵەبانى: نەوت بەڵایە، هیوادارم رۆژێک بێت نەمێنێت

زووم:

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە دیداری سلێمانی گوتی، نەوت بەڵایە، بۆیە هیوا بۆ ئەو رۆژە دەخوازێت نەوت بفەوتێت و نەمێنێت.

هەر لەو دیدارەدا ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، قوباد تاڵەبانی وەکو نوێنەری یەکێتی لە حکومەت لە سەرەتاوە پشتیوانی لە ناردنی سەربەخۆی نەوت دەکرد و دژی ئەو کەسانە بوو کە رەخنەیان لەو سیاسەتە دەگرت.

گوتیشی راستە نەوت بووەتە بەڵا، بەڵام دەبێت ئەوە بپرسن بۆچی و کێ ئەم دۆخەی دروستکردووە.

زۆر وڵات دەیەوێت چیتر پشت بە نەوت نەبەستێت، بۆ نمونە حکومەتی عێراق، بەڵام کۆمەڵێک پرۆژەی جێگرەوەی دیاریکردووە، لە پلانیدایە بەندەری فاو بکات بە ترانزێتێکی نێودەوڵەتی، رێگای پەرەپێدانی هەیە بەسڕە و شەتولعەب بە تورکیاوە دەبەستێتەوە لەگەڵ دەیان پرۆژەی دیکە.

بەڵام حکومەتی هەرێم، ٣٠ ساڵە هیچ پرۆژەیەکی بۆ شوێنگرەی نەوت نییە، ساڵێکە نەوتی لێگیراوەتەوە، نە موچەی پێدابین دەکرێت نە خەرجی وەزارەتەکانی، نەهیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی سەرەتایی، لەگەڵ ئەوەشدا هیوای بۆ ئەو رۆژە دەخوازێت نەوت نەمێنێت.

قوباد تاڵەبانی لە گوتەکانیدا باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستان دەکرد کە بە گوتەی ئەو نەوت بۆی بووە بە زەحمەت، بەڵام زۆر وڵاتی دیکەی ناوچەکە هەن نەوتیان هەیە بۆیان بووە بە رەحمەت، وەکو کوەیت و ئیمارات و قەتەر، ئەو وڵاتانە وێڕای ئەوەی بە نەوت و سامانی ژێر زەوی بوژاونەتەوە، سەرچاوەی جیاوازی داهاتیان هەیە  لە ریزی ئابوورییە بەهێزەکانی جیهانن و بوونەتە ناوەندێکی بازرگانیی نێودەوڵەتی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button