ئەمڕۆ ئێزدییەکان ئاهەنگی چوارشەممەی سوور دەگێڕن

ئاهەنگی سەرەکیی چوارشەممەی سوور لە پەرستگای لالش رێکدەخرێت

زووم…

 

سێیەمین چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک، یەکەم رۆژی ساڵی نوێی ئێزدییەکانە.

بۆنەکە بە “چوارشەممەی سوور” ناسراوە.

ئێزدییەکان لە وڵاتانی عێراق، سوریا، تورکیا، ئازەربایجان، مەنگۆلیا و ئەفغانستان و روسیا ئاهەنگ بۆ ساڵی نوێ دەگێڕن، بەڵام ئاهەنگەکەی پەرستگای لالش، سەرەکیترینیانە.

ساڵنامەی ئێزدییەکان پێیدەگوترێت رۆژژمێری رۆژهەڵاتی، یەکەم رۆژی ئەو ساڵنامەیە، بەگوێرەی بەرواری زاینی لە رۆژی ١٣ـی نیسان دەستپێدەکات، یەکەم چوارشەممەی دوای ئەو بەروارەش ئاهەنگ دەگێڕن.

وەک ئامادەکاری بۆ ئاهەنگەکانی ئەم بۆنەیە، ئێزدییەکان لە چیا و دەشتەکان گوڵاڵەسوورە کۆدەکەنەوە، پاشان دەیکەن بە چەپک و بە دەرگاکانیاندا هەڵیاندەواسن، هەروەها هێلکەی زۆر بۆ بۆنەی “هێلکانە” دەکوڵێنن، هێلکەکان بە رەنگی جیاواز رەنگاوڕەنگ دەکەن، پاش خواردنیان، توێکڵی هێلکەکان تێکەڵی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەکەن، بۆ ئەوەی رێژەی کالسیۆم لە زەوییەکانیان بەرزبکەنەوە.

پەرستگای لالش دەکەوێتە ناو دۆڵێک لە سنووری پارێزگای دهۆک، کاتێک ئێزدییەکان دەگەن بە رۆژی چوارشەممەی سوور، زۆربەیان لە پەرستگای لالش کۆدەبنەوە و ئاهەنگ دەستپێدەکەن.

 

عومەر سینان هاوڵاتییەکی ئێزدییە، دەڵێت، ئەو کارەساتانەی لە چەند ساڵی رابردوو بەسەر ئێزدییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هات، کاریگەریی لەسەر ئێزدییەکان و ئاهەنگگێڕان بۆ چوارشەممە سوور هەبووە، لە رابردوودا دەربڕینی ئاسوودەییەکەمان زۆر باوتر و بڵاوتر بوو، بەڵام بەهۆی ڕووداوەکانەوە لە ئێستادا هەموومان واهەستدەکەین کە کەلەناخەوە شکاوبین، ئەگەرچی هەموومان حەزمان لە ئاشتییە. ئەستەمە ئەو کارەساتانە لەبیربەرینەوە، کە بەسەر خەڵکانی یەزیدیدا هاتن.

فەلاح حەسەن، هاووڵاتیی ئێزدی: ئێمە کەمینەیەکی لاوازین، لە زۆربەی مافەکانمان بێبەشین، بەڵام حەزمان لە ژیانە، پاش ئەو هەموو نادادییانەی بەرامبەرمان دەکرێن، ئێمە هەر دەمێنین، دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتییانە لەگەڵ خەڵکی تر هەڵبکەین

خەولە عەبدۆ، دایکێکی ئێزدییە، تەمەنی ٥٧ ساڵە، لەپاش پەلامارەکانی داعشەوە وەک پەنابەر چووەتە ئەڵمانیا، دڵی لای ئەو کچە ئێزدییانەیە کە تا ئێستا و دوای رفاندنیان لەلایەن داعشەوە، چارەنووسیان نادیارە و دەڵێت:  لەم رۆژە پیرۆزەدا داوام لە خودا کردووە هەموو ئەو کچانەمان ئازادبکرێن، لەلای دوژمن وەک بارمتە ماون، هەتا ئەوان ئازاد نەبن و نەگەڕێنەوە، ئێمە نازانین ئارامی چییە.

لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ ، داعش هێرشی کردە سەر شنگال و چەند شوێنێکی دیکەی ئێزدینشین، زیاتر لە دوو هەزار کچ و ژنی ئێزدیی رفاند، تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان چارەنووسیان نادیارە و نەگەڕێنراونەتەوە نێو کەسوکارەکانیان.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button