گۆڕانی کەشوهەوا هەسارەی زەوی بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات

 زووم:

ساڵی رابردوو چەندین زریان، ئاگرکەوتنەوە و شەپۆلی وشکەساڵی رووی لە ناوچە جیاجیاکانی زەوی کرد، بووە هۆی گۆڕانی بەرچاوی کەشوهەوا و دەرکەوتنی دیاردەی “ئێل نینۆ” و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی.

ئێل نینۆ دیاردەیەکی ژینگەییە، لە ئەنجامی جیاوازیی پەستانی هەوای نێوان بەشی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی زەریای هێمن و پلەکانی گەرمای شەپۆلە دەریاییەکانی زەریاکەوە لەسەر هێڵی ئیستیوای زەوی دروست دەبێت.

هەرچەندە رێکخراوی کەشناسیی جیهانی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دیاردەی ئێل نینۆ خەریکە لاواز دەبێت، بەڵام رۆژی پێنجشەممە روانگەی ئەورووپی بۆ کەشوهەوا جەختی لەوە کردەوە، مانگی شوباتی رابردوو گەرمترین مانگ بووە لەسەر ئاستی جیهان، ماوەی نۆ مانگیشە لەسەر یەک پلەکانی گەرما لە تەواوی هەسارەی زەوی ئاستی پێوانەییان تۆمارکردووە.

مانگی رابردوو پرۆگرامی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی زەوی “کۆپەرنیکۆس” رایگەیاند، ماوەی نێوان شوباتی ساڵی 2023 تا کانوونی دووەمی 2024 پلەکانی گەرما بەراورد بە سەردەمی پێش شۆڕشی پیشەسازی بۆ 12 مانگ لەسەر یەک بە رێژەی 1.52% بەرزبووەتەوە.

مانگی شوبات پلەکانی گەرما بە رێژەی 1.77% بەرزتر بووە بەراورد بە خەمڵاندنی مانگانەی پلەکانی گەرما لەنێوان ساڵانی 1850 تا 1900.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ناوچە جیاجیاکانی جیهانی گرتووەتەوە، تەنانەت ئەو شوێنانەشی بە ساردترین ناوچەکان ناسراون، هەر لە سیبریاوە تا ئەمریکای باشوور و ئەورووپاش گەرمترین زستانیان بەخۆیە بینیوە.

سەرباری دیاردەی ئێل نینۆ و فاکتەرەکانی دیکە کە رۆڵیان هەبووە لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، زانایان دەڵێن یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گازە پیسبووانەی بەهۆی پیشەسازیی مرۆڤەوە دەچێتە نێو بەرگەهەوای زەوییەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو گازانەی دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی بەشێوەیەکی سەرەکی لە سووتانی سووتەمەنی بەردینەوە دەردەچن.

ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو، وڵاتانی بەشدار لە دانوستانەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی رێککەوتن لەسەر بەرزکردنەوەی توانای جیهانی بۆ ئەو سەرچاوانەی وزە، کە دۆستی ژینگەن و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی سووتەمەنیی بەردین.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button