مادەى هۆشبەر هەڕەشە لە عێراق دەکات

 

 رۆژنامە عەرەبییەکان           

سەباح

مادەى هۆشبەر هەڕەشە لە عێراق دەکات

عەمید میقداد میری، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا سێ هەزار و 875 بازرگانى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون و دوو هەزار و 109 کەسیان سزاى لەسێدارەدان یان زیندانى هەمیشەییان بۆ دیاریکراوە .
گوتەبێژەکەى وەزارەتى ناوخۆی عێراق راشیگەیاندووە لە ماوەى سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵدا زیاتر لە نۆ تۆن مادەى هۆشبەرى جۆراوجۆر دەستى بەسەردا گیراوە، سەبارەت بە بەکارهێنەرانى مادەى هۆشبەریش گوتەبێژەکەى وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند بەزوترین کات 11 بنکەى تەندروستى تایبەت بەبەکارهێنەران لەسەر ستانداردى نێودەوڵەتى لە عێراق دەکرێتەوە، ئەمە جگە لەو 16 بنکەیەى کە پێشتر هەبووە، چوار بنکەى نوێ لە بەغداد و ئەوانى دیکە لە پارێزگاکان دروستدەکرێن.

 

 

دەستوور

بانکە عێراقییەکان پەیوەستدەکرێن بە بانکە نێودەوڵەتییەکانەوە

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکارى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنى عێراق و ئەمریکا پەنجەرەى فرۆشتنى دۆلارى بانکى ناوەندى بە نرخى فەرمى لە کۆتایی ئەمساڵدا بەتەواوى لادەبرێت و هەرکەس و لایەنێک دەتوانن لە وڵاتەکانى خۆیانەوە مامەڵە دراوییەکانیان ئەنجام بدەن و بانکە عێراقییەکانیش پەیوەست دەکرێن بە سیستمى بانکە جیهانییەکانەوە.
راوێژکارەکەى سودانى راشیگەیاندووە لەم رێگەیەوە بازاڕی دراوى عێراقى پارێزراو و سەقامگیرتر دەبێت و بەهاى دینارى عێراقیش جێگیر دەبێت، بەمەش سپیکردنەوەى پارە و بردنە دەرەوەى دراوو یاریکردن بە بازاڕى دراو کۆتایی دێت.

 

 

 

عەرەبی جەدید

لە سایەى جەنگدا برسێتى بەرۆکى سودانى گرتەوە

پاش تێپەڕبوونى یەک ساڵ بەسەر جەنگى ناوخۆیی سوداندا، دەرگاى برسێتى جارێکى دیکە بەڕوى هاووڵاتیانى ئەو وڵاتەدا کرایەوە و سەرەڕای تیچووى 100 ملیار دۆلار نزیکەى نۆ ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئابورى سودان 12% پاشەکشەى کردووە، لە کۆی ٤٥ ملیۆن دانیشتوانى ئەو وڵاتە 25 ملیۆنیان پێویستیان بە هاوکاریی هەیە و لەو ژمارەیەش چوار ملیۆن و نیویان نانى ژەمێکیان نییە، لە هەمان کاتیشدا بەهۆی جەنگەکەوە رێکخراوە مرۆییەکان ناتوانن وەک پێویست هاوکارییەکانیان بگەیەنن بە خەڵک، بەمەش کێشەى سوودان لە روانگە مرۆییەکەیەوە کەوتووەتە پێشى وڵاتانى سوریا و یەمەنیشەوە.
نەتەوەیەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە، کارەساتى گەورە لە سودان لە ئارادایە و بۆ چارەسەرکردنى پێویستمان بە دوو ملیار و حەوت سەد ملیۆن دۆلارە و تەنها 155 ملیۆن دۆلار لەبەردەستدایە، بەمەش تەنها 6 %ى پێوستییەکان پڕدەکاتەوە.

 

قودسى عەرەبی

نیۆرک تایمز هەندێک دەستەواژە لە رۆژنامەنووسەکانى قەدەغەدەکات

پێگەى ئەلیکترۆنى ئینتەرسەبت لە زاری – جێرمی سکاهیل و رەیان گریمـەوە بڵاویکردووەتەوە رۆژنامەى نیۆرک تایمز رۆژنامەنووسەکانى خۆی ئاگادار کردووەتەوە کە دەستەواژەکانى کۆکوژیی، پاکتاویی رەگەزیی، خاکی داگیرکراو، کەمپی ئاوارەکانى غەزە، خوینڕێژیی، و چەند دەستەواژەیەکی دیکە دووربکەونەوەو بەکاریان نەهێنن، لەبەر ئەوەى لەو دەستەواژانەدا رەگەزى هاندانى راستەوخۆو ناڕاستەوخۆیان تێدایە .
ئەم ئاگادارییە بەشێک لە رۆژنامەنووسانى بێزارکردووە و پێیان وایە لایەنگریی پێوە دیارەو بەشێکى دیکەش دەڵێن لەپێناوى پاراستنى بێلایەنیدایە لەو جەنگەى کە ئێستا لە ناوچەکەدا لە ئارادایە.

 

 

 

 

 

 

رۆژنامە تورکییەکان

 

 

 

حوڕییەت

ئەردۆغان سەردانى هەولێر دەکات

لە کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ رۆژنامەنووسان لە کۆشکی کۆمارى رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، سەردانەکەم بۆ بەغداد لە وادەى خۆیدا ئەنجامدەدەم، رەنگە لە گەڕانەوەم لە بەغداد سەردانى هەولێر بکەم و چاوم بە بەرپرسانى باڵاى هەولێر بکەوێت و زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدەم.

 

 

 

سۆزجو

کاتێک میللەت برسیی بوو ئاکەپەییەکان هاى لایڤ ژیاون

لە هەلبژاردنى 31 ى ئازار جەهەپە شارەوانی سانجەکتەپەى لە ئیستەنبوڵ بردەوە. شارەوانییەکە لە هاوشێوەى کۆشکێکى گرانبەها دروستکراوە و زیاد لە پێویستى مەسرەفگەرایی تیاکراوە. بەوهۆیەوە تائێستا بڕی یەک ملیار و 946 ملیۆن و 726هەزار لیرە قەرزاى بانک و کۆمپانیا بیناسازییەکانە. ئەم قەرزە هێنراوەتە سەر شانى سەرۆکشارەوانییە نوێیەکەى جەهەپە. ئاکەپەییەکان بە پارەى میللەت شوێنیان بۆ خۆیان خۆش کردووە و هاى لایڤ ژیاون.

 

 

 

بیرگون

دەنگدەرى کورد پەیامى خۆى گەیاندووە

تولاى حاتیمئۆغڵەرى هاوسەرۆکى دەم پارتى رایگەیاند: ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان خاڵى وەرچەرخانى دیموکراسی بوو بۆ ئێمە. پەیامى ئەوە بوو کە پێکەوە دەتوانین دیموکراسی بۆ داهاتومان بونیاد بنێین. پێویستە لەسەر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گوێ بە پەیام و داواکارییەکانى کورد بگرێت.

 

 

ئەکشام

ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان کەمبووەتەوە

لەپاش مانگ و نیوێک لە پشووی پەرلەمان، دوێنی یەکەم دانیشن پەڕلەمان ئەنجامدرا، ژمارەى ئەندامانى پەڕلەمان لە 600 وە بووتە  بە 594. شەش لەو پەرلەمانتارانە دەستبەرداریی کارەکەیان بوو و وەک سەرۆکشارەوانیی نوێ دەستبەکاربوون. لەوانەش ئاک پارتى چوار پەرلەمانتارى بونەتە سەرۆکشارەوانیی، جەهەپە دوو پەرلەمانتارى بوون بە سەرۆکشارەوانیی، بەمەش کورسییەکانى ئاک پارتى بووە بە 265 ، جەهەپە کورسییەکانى پەرلەمانى بووەتە 125.

 

 

 

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 

 

 

دەیلی مەیل

بوێرترین بەڕێوەبەری خوێندنگە لە بەریتانیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا

کاترین بیرباڵسینگ بەڕێوەبەرێکی بوێرە، ستایشی ئەو بڕیارەی دادگا دەکات، کە بواری بە خوێندنگەکەی ئەوان داوە نوێژکردنی خوێندکارێکی موسڵمان لەنێو قوتابخانەکەدا قەدەغە بکەن.
ئەم مامۆستایە دوێنێ توانی بە حوکمی یاسا و دادگا (زاڵکردنی ناسنامەی سیاسی) لە قوتابخانەکەیدا قەدەغەبکات و بەمەش رێوڕەسمی ئاینیی نوێژکردنی قوتابیانی لەناو قوتابخانەکەیدا قەدغەکرد.
کاترین بە توندترین بەڕێوەبەری سەپاندنی یاسا لە قوتابخانەکانی بەریتانیا ناسراوە، قەدەغەکردنی نوێژکردنی ناو قوتابخانەکەی خۆیی بە سەرکەوتن بۆ هەموو قوتابخانەکان لەقەڵەم دا و گوتی دەبێت بە هەموومان شەڕ لە دژی دەرکەوتنی شەڕەنگێزیی رەگەزپەرستانە بکەین.

 

تایمز

پزیشكان دەڵێن دەبێت زلـلەدان لە منداڵ بە یاسا قەدەغە بکرێت

پزیشکان دەڵێن دەبێت بە حوکمی یاسا رێگری لەوەبکرێت دایکان و باوکان بە زلـلە لە منداڵەکانیان بدەن، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە سزادانە دوواتر لەکاتی گەورەبووندا کێشەی تەندروستی و عەقڵی بۆ ئەو منداڵانە دروستدەکات، کە بە زلـلە لێیاندراوە.
لە ئینگلتەرە و ئێرلەندای باکووردا بۆشاییەکی یاسایی هەیە، بواردەدات دایکان و باوکان بەمجۆرە سزای منداڵەکانیان بدەن، ئەگەر سزادانی منداڵەکە بەڵگەیەکی دروستی هەبێت.

 

 


وۆڵ ستریت جۆرنەڵ

پارەی خەڵکی چین بەسەر زانکۆ ئەمریکییەکاندا دەڕژێت

سەرباری ئەو رکەبەرییانەی لە نێوانی ئەم دوو وڵاتەدا هەیە، هێشتا گرێبەستە سوودبەخشەکانی نێوانی هەردوولا بەردەوامە.
سەرباری ئەوەی کۆمپانیا چینییەکان هەڵپەی گەرموگوڕی کارکردنیان لەنێو ئەمریکا لاواز بووبوو، بەڵام هێشتا زانکۆ ئەمریکییەکان بە گەرمی پێشوازی لە چینییەکان دەکەن و وەک کڕیار دەیانبینن. زانکۆکانی ئەمریکا گرێبەست لەگەڵ خەڵکانی هەموو دنیادا ئەنجامدەدەن، بەو گرێبەستانە توێژینەوەی خۆیان و سەلیقە و شارەزاییان پێدەفرۆشن، مەشق بە کەسە پسپۆرەکانیان دەکەن. دیارترین گرێبەستی ئەم زانکۆیانەی ئەمریکا ئەوانەن، کە لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکاندا ئەنجامیاندەدەن، ئەگەرچی ئەمریکا بە ئاگاییەکی زۆرەوە مامەڵە لە فراوانبوونی قەڵەمڕەوی چینییەکان لەناو بازاڕی کار و بەرهەمهێنانی خۆیاندا دەکات.

 

 

 

 


ئۆرشەلیم پۆست

وڵاتانى رۆژئاوا داوا لە ئیسرائیل دەکەن نەبێتە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی هەڕێمی

ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا داوایان لە ئیسرائیل کرد بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران نەبێت بە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕێکی هەرێمایەتی. بایدن نایەوێت شەڕکردنی ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا ببینێت، چونکە ئەو نایەوێت شەڕەکە قووڵ و فراوان ببێتەوە. رۆژی سێشەممە جۆن کێربی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئەم خواستەی ئەمریکای لەبەردەم رۆژنامەواناندا ئاشكراکردووە.

 

رۆژنامە فارسییەکان

 

 

 

ئەفکار

پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت بگاتە 100 دۆلار ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران

ترسی تەشەنەسەندنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە بەشێک لە بانکەکان پێشبینی نرخی نەوت بەرزبکەنەوە.
بە گوتەی دوو وەزیری باڵای ئیسرائیل، وەڵامدانەوەی ئێران بەم زووانە و بە تەنیا نابێت.
بانکی فەرەنسی سۆسیتی جەنەراڵ پێشبینی نرخی نەوتی دەکات لە ئەمساڵدا بگاتە نزیکەی 100 دۆلار و هەروەها دەڵێت کە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئەمریکا و ئێران دەتوانێت نرخی نەوت بەرز بکاتەوە بۆ 140 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

 

 

تەجارەت

ئابووریی وڵات بەرەو کوێ دەچێت؟

دیارکردنی رۆژانی پێنجشەممە وەکو پشوو بووە بە هۆکاری پچڕانی پەیوەندی ئابووریی ئێران لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکاندا کە ئەمەش زیانی بە بازاڕەکانی گەیاندووە و بەرپرسانیش دەڵێن نابێ رۆژی شەممە پشوو بێت لەبەر ئەوەی جوولەکەکانیش پشوویان لەو رۆژەدایە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر حکومەت هەوڵ نەدات پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان ئاسایی بکاتەوە؛ هەڵاوسان بەردەوام دەبێت و زۆرێک لە فەرمانبەر و کرێکاران ناتوانن ژیانی ئاسایی بەردەوام بکەن، هەڵاوسان وایکردووە مریشک بێ کڕیار بێت لە بازاڕی ئێستادا.

 

 

 


ئەبرار

نرخی گۆڕ لە تاران بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە

جێگری سەرۆکی شارەوانی تاران رایگەیاند، خزمەتگوزارییەکانی گۆڕستانی بەهەشتی زارا لە ئەمساڵدا زۆرترین رێژەی 30% بەراورد بە ساڵی پێشوو زیاد دەکات.
حسێن نەزەری ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتێکدا نرخی گۆڕ لە نێوان هەزار بۆ 2 هەزار دۆلار جیاوازە، ئێمە وەک شارەوانیی تاران دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە تێچووی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان بۆ هاووڵاتیان بە رێژەی هەڵاوسان و تەنانەت کەمتر لەوەش زیاد دەکات.

 

 

کار و کرێکار

حەقدەستی کرێکاران لە ئاستی خواردن و مانەوەشدا نەماوە

مووچەی رۆژانەی کرێکاران بۆ تەنها 3 دۆلار دابەزیوە و 29 مانگ پاشەکەوتی تەواو پێویستە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێکی بێ کوالیتی وەک پراید.
کەمبوونەوەی مووچەی کرێکاران بۆ رۆژانە 3 دۆلار بووە بە هۆکار کە کۆچی کرێکارانی شارەزا و لێهاتوو زیادیکردووە لەبەر ئەوەی ژیانی مووچەخۆران و کرێکارانی بە بڕیاری نادادپەروەرانەی دەسەڵات و بەرپرسانی ناشارەزا سەختتر بووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button