دواى سەردانەکەى سودانى قۆناغێکی تازە لە پەیوەندییەکانى بەغداد و واشنتن دەستپێدەکات

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقولئەوسەت

دواى سەردانەکەى سودانى قۆناغێکی تازە لە پەیوەندییەکانى بەغداد و واشنتن دەستپێدەکات

بەرپرسێکى باڵا لە ئیدارەى جۆ بایدن رایگەیاند، هاوبەوشیکردن لەبوارى ئەمنی و بەرگرییدا لەگەڵ عێراق دواى سەردانى محەمەد شیاع سودانى بۆ واشنتن دەستپێدەکات و پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات پێدەنێتە قۆناغێکى نوێوە و سەردانەکەشی بەرهەمدار وەسفکردووە.
بەگوێرەى گوتەى بەرپرسە باڵاکەى ئەمریکا کە ناوى خۆی ئاشکرانەکردووە، وەزیرانى بازرگانى، کارەبا، نەوت و دارایی هاوڕێیەتى سودانى دەکەن و لە دانیشتنە تایبەتەکانیاندا باس لە پێشخستنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات دەکەن بەتایبەتى بوارى بازرگانى و پێشخستنى وزەو چاکسازیی لە سیستمى بانکى عێراق و پێشخستینیدا.
سودانیش رایگەیاندووە پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا رەگەزێکى گرنگی ئارامی و ئاسایشى وڵاتانى ناوچەکەیە و لەداهاتوشدا پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات فراوانتر دەکەین لەهەموو بوارەکاندا.

عەرەبى جەدید

هاوپەیمانى سێ قۆڵی لەبەرامبەر چیندا دەکرێت

کۆبوونەوەى لوتکەى نێوان سەرۆکانى ئەمریکا، ژاپۆن و فلیپین لە کۆشکى سپیدا ئامانجەکەى وەستانەوەیە لەبەرامبەر رەفتار و جوڵە دوژمنکارییەکانى چینە، وەک لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەى هەرسێکیاندا بڵاوکراوەتەوە، ئەمریکاش پشتیوانى تەواوى بۆ پاراستنى ئاسایشی ژاپۆن و فلیپین دووپاتکردووەتەوە.
جۆبایدن، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاندووە ئێمە پابەندین بە رێککەوتنى نێوان هەردوو وڵات کە لە ساڵی ١٩٥١ کردوومانە و هەر هێرشێکى ئاسمانى، ئاوی یان فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و مووشەک بکرێتە سەر هیزەکانى فلیپین ئێمە وەڵام دەدەینەوە و پابەند دەبین بە رێککەوتنەکەمانەوە.
لە لایەکى دیکەوە ماو نینگ، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى چین رایگەیاند وڵاتەکەمان بە توندى هەموو جۆرە جوڵە و رەفتارێک رەتدەکاتەوە کە ببێتە هۆی پلانگێڕیی و پەرەسەندنى ناکۆکییەکان لە ناوچەکەدا و لەوێشەوە زیان بە ئاسایشى وڵاتەکەمان بگەیەنرێت.

عەرەب

موقتەدا سەدر پلانى گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانى سیاسی دادەنێت

نوری مالیکی، سەرۆکى دەوڵەتى یاسا و سەرکردەى دیار لە چوارچێوەى هەماهەنگى رایگەیاند، رەوتى سەدر بەشداریی لە هەڵبژاردنى داهاتوودا دەکەن، رەوتى سەدریش لەبەرامبەر لێدوانەکەى مالیکیدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە، وەک شرۆڤەکارانیش باسیدەکەن ئەوە بە ماناى گەڕانەوەى موقتەدا سەدر دێت بۆ گۆڕەپانى سیاسی، لە لایەکى تریشەوە کەسایەتییەکى سیاسی نزیک لە موقتەدا سەدر کە نەیویستووە ناوەکەى ئاشکرابکرێت بە رۆژنامەى عەرەبی راگەیاندووە گۆڕینى ناوى رەوتى سەدر بۆ رەوتى نیشتیمانى شیعە ئامانجەکەى گەڕانەوەیە بۆ نێو گۆڕەپانى سیاسی .
ئاژانسی بەغداد ئەلیەومیش بڵاویکردووەتەوە قۆناغی داهاتوو کۆبوونەوەى بەشێکى زۆر لە گروپە شیعەکانە لەژێر ناوە نوێیەکەى رەوتى سەدردا و جەختیشى کردووەتەوە لەئەنجامى ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەدا حکومەتى داهاتوو پێکدەهێنرێت.
عەلى ساحب، سەرۆکی ناوەندەى توێژینەوەى ستراتیژیی، رایگەیاندووە چاودێرانى سیاسی باوەڕیان وایە جوڵەکانى ئەم دواییەى رەوتى سەدر ئاماژەیەکى حاشا هەڵنەگرە بۆ گەڕانەوەى موقتەدا سەدر بۆ نێو گۆڕەپانى سیاسی عێراق بەڵام بە ئامادەکاریی و شێوزاێکى نوێوە.


قودسى عەرەبی

ئوردن مەترسیدارترین پێگەى جوگرافییە لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا

ئەیمەن سەفەدى وەزیری دەرەوەى ئوردن رایگەیاند ئەگەر ناکۆکییەکانى نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر لەم قۆناغە بەرەو هەڵکشان بڕوات دەپەڕێتەوە بۆ سنوورەکانى ئێمە و وڵاتەکەمان لەوپەڕی مەترسیدایە، بۆیە داوا دەکات هەرچى زووترە کۆتایی بە جەنگى غەزە بهێنرێت.
فەیسەڵ فایز، سەرۆکی ئەنجومەنى ئەعیانى ئوردنیش رایگەیاندووە پارێزگاریکردن لە سنوورەکانى ئوردن کارى لە پێشینەى هەمولایەکە، پێویستە نەهێڵرێت پرۆسە گرژییە سەربازییەکانى بەرەو هەڵکشان نەچێت تا پارچەى تەقەمەنى لە ئاسمانەوە بەسەر وڵاتەکەماندا نەبارێت.

 رۆژنامە ئینگیزییەکان

دەیلی مەیل

رێینەر دەڵێت ئەگەر من تاوانبار دەرچووم دەستلەکاردەکێشمەوە

ئەنجێڵا رێینەر، جێگری سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا دەڵێت، ئەگەر پۆلیس پێداچونەوەی بە رابردووی مندا کرد و بۆی دەرکەوت لە هەر خاڵێکدا یاسام پێشێلکردووە، راستەوخۆ دەستلەکاردەکێشمەوە.
ئەگەرچی پارتەکەشی پێیانگوتووە دەبێت دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام ئەو جارێ لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە.
دوێنێ بەرپرسێکی دەستەڵاتداری باڵا لە پۆلیسی شاری مانچستەر لە بەرامبەر جێگری سەرۆکی پارتی پارێزگاراندا دانیشت و لەبارەی ئەوەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرد، کە دەگوترێت لە هەڵبژاردنی پێشوودا هەندێک کاری کردووە، کە بە پێشێلکردنی یاساکان هەژمار دەکرێن.

تایمز

فشارى زۆر خراوەتە سەر سەرۆکی پارتی پارێزگاران و لێپرسینەوە لە جێگرەکەى دەکرێت

سێر کەیر ستامەر، سەرۆکی پارتی پارێزگاران فشارێکى زۆری لەسەر دروستبووە. لەبەرئەوەی ئەنجێلا رێینەر، کە جێگری ئەوە بانگکراوە بۆلای پۆلیس و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. لەسەرئەوەی دەگوترێت لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا هەندێک کاری لەسەر ئەنجامەکان کردووە، کە بە نایاسایی لەقەڵەم دەدرێن.
رێینەر تەمەنی 44 ساڵە جێگری سەرۆکی پارتەکەیە، بەڵام دوێنێ لە رەوشێکی باشدا نەبوو، چونکە سەرۆکی دەزگای پۆلیسی شاری مانچستەر بەرامبەری دانیشت و لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە کەیسی هەڵبژاردنەکانی پێشوەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرد.


گاردیەن

بایدن پێشبینی دەکات وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل بە زوویی بێت نەک درەنگ

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە ئێرانی گووت ئەمریکا وەک پشتیوانی ئیسرائیل دەمێنێتەوە، لەبەرئەوە بۆ تاران وا باشە بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکاتەوە. لەم بۆنەیەدا گووتی وای بۆدەچێت ئێران پەلەبکات لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، نەک وەڵامەکەی دوابخات، بەڵام بە زمانێکی هەڕەشەشەوە گوتی، “نەکەی”.
رۆژی هەینی بایدن گوتی، ئێمە مکووڕین لەوەی پشتیوانی لە ئیسرائیل بکەین، یارمەتیشی دەدەین، لەمەسەلەی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیلدا، ئێمەی لەگەڵدا دەبین، بۆیە کاری ئێران لەمڕۆوە سەرکەوتوو نابێت.


ویکەند فاینەنشیەڵ تایمز

لە ساڵی 2022ـەوە تائێشتا دۆلار هێندە بەهای بەرزنەبووەتەوە

ئەم هەفتەیە دۆلار هێندە بەرزبووە، کە لە ساڵی 2022ـەوە هێندە بەرزیی بە خۆیەوە نەدیوە. ئەم هەفتەیە بەهاکەی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕە جیهانییەکانی دراودا زۆر بەرز بوو. دۆلار لە بەرامبەر شەش دانە دراوی تری بەکارهێنراوی نێو بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی لەسەدا یەک پۆینت شەش بەرزبوەوە. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 بەدواوە بەهای ئەم دراوە هێندەی ئەم هەفتەیە بەرز نەبووە. بەهۆی ئەم بەرزبونەوەیە بازرگانەکان بۆی کەوتنە هەڵپە و زۆرترین بڕیان لە گەنجینەکان داواکرد بۆیان بنێردرێت.

  رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو

سەرۆکى کاروبارى ئاینی لایەنگیریی ئاک پارتى دەکات

عەلى ئەرباش، سەرۆکى کاروبارى ئاینی، پۆستێکى حکومى و ئاینى هەیە و پێویستە بێلایەن و دادپەروەر بێت، بەڵام لە جەژنى رەمەزاندا تەنها پیرۆزبایی جەژنى لە ئەندامان و سەرۆکشارەوانییەکانى ئاک پارتى-ییەکان کردووە، بێلایەنى خۆى نەپاراستووە. سەرۆکایەتى کاروبارى ئاینی لەلایەن ئەتاتورکەوە دامەزراوە، بەڵام عەلى ئەرباش بەجۆرێک دژایەتى جەهەپە دەکات لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا سەردانى شارەوانییەکانى ئاک پارتى دەکرد و دووعاى خێرى بۆ ئاکەپەییەکان دەکرد.

قەرار

لە بانقەکان 50 لیرە وەک کەمترین پارە مامەڵەى پێوەدەکرێت

بەهۆى قەیرانى داراییەوە و لەدەستدانى بەهاى لیرەى تورکی، چیتر 10لیرە و 20لیرە لە ئامێرى پارە راکێشانى بانقى (ئەی-تی-ئێم) دا بونى نابێت و کەمترین پارەش بڕی50 لیرەى تورکی دەبێت، 50لیرە بە نرخى ئەمڕۆى دۆلار دەکاتە دۆلارێک و 10سەنت.
لەمەودوا لە ئامێرى بانقەکان تەنها پارە قورسەکان رادەکێشرێت وەک، 50 لیرە، 100 لیرە، 200لیرە.

میللیەت

لە دواى پشووى جەژن پەرلەمانى تورکیا دەستوور هەموار دەکاتەوە
نوعمان کورتوڵموش، ئەندامى ئاک پارتى و سەرۆکى پەرلەمانى تورکیا رایگەیاند، لە دواى جەژن لە دەرگاى تەواوى پارتە سیاسییەکانى پەڕلەمان دەدەین بۆ ئامادەکارییەکانی هەموارکردنەوەى چەند بڕگەیەکى دەستوور. کورتوڵموش دەشڵێت، ئاک پارتى کۆبونەوەى خۆى ئەنجام دەدات بۆ ئەوەى هەموارکردنەوەى دەستوور لەئاست داواکارییەکانى کۆمەڵگەى تورکیا بێت.

یەنى بیرلیک

شارەوانى ئەسانیوڕت بە سێ ملیار لیرە قەرزەوە رادەستى جەهەپە کراوە

پڕۆفیسۆر ئەحمەد ئۆزار، سەرۆکى شارەوانى ناوچەى ئەسانیوڕت لە ئیستەنبوڵ دەڵێت: لە یەکى نیسانەوە وەک سەرۆکشارەوانی دەستبەکاربووم، بەڵام قاسەى شارەوانییەکە لەلایەن سەرۆکى پێشوى ئاک پارتییەوە بە خاڵى بۆم بەجێماوە تەنانەت زیاتر لە سێ ملیار لیرە قەرزیان هێناوەتە سەر ئێمە.
پێشتر شارەوانی ئەسانیوڕت لەدەستى ئاک پارتیدا بوو لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى 31 ى ئازار جەهەپە شارەوانییەکەى بردەوە. کاندیدەکەى جەهەپە بەویستى دەم پارتى دانرابوو، ئەسانیوڕت نزیکەى 650 هەزار دەنگدەرى هەیە و کوردیش زۆرینەى دەنگى ناوچەکە پێکدەهێنێت

رۆژنامە فارسییەکان

جەوان

سوپای پاسداران بوونی ئیسرائیل لە ئیمارات بە هەڕەشە دەزانێت

فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئێمە دەزانین هێنانی ئیسرائیلییەکان بۆ ئیمارات بۆ کاری ئابووری نییە، بەڵکو کاری ئەمنی و سەربازی دەکەن. ئەمە داب و نەریتی دراوسێتی و موسڵمانان نییە و ناکرێت ئیسرائیلییەکان بێنە ئەم ناوچەیە و وڵاتانی دراوسێمان، چونکە ئێمە موسڵمانین لەم هەرێمەدا، لەگەڵ عومان و ئیمارات و قەتەر و عێراق و سعودیە و بەحرەین و کوێت دراوسێین و دەبێت داب و نەریتی دراوسێ جێبەجێ بکەین.

ئاسیا

لە ئێران قەرزی هاوسەرگیری بە 106 هەزار بوک و زاوا دەدرێت
بانکی سادراتی ئێران بڕێک پارە بە گەنجان دەدات بە مەرجی ئەوەی یەکەم هاوسەرگیرییان بێت و دواتر بە چەند ساڵێک و بەشێوازی مانگانە دەیدەنەوە. بەگوێرەی ئاماری فەرمی، ژمارەی قەرزی هاوسەرگیری و مارەیی کە ئەم بانکە لە ساڵی رابردوودا دابینی کردووە گەیشتووەتە 105 هەزار و 919کەس و بە تەرخانکردنی 300 ملیۆن دۆلار لە نێو بانکەکانی وڵاتدا پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
چارەسەری کێشەی گەنجان و دابین کردنی پێداویستیەکانیان بۆ پێکهێنانی خێزان بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت و پلانی گشتی بۆ گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران.

هەمدڵی

باجی بەرهەمهێنان بە رێژەی 5% کەمکرایەوە
هادی سوبحانیان، بە سەرۆکی رێکخراوی کاروباری باج کە لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشان کراوە رایگەیاند، حکومەت هاوکارە بۆ بەدیهێنانی دروشمی ساڵ، واتە بازدان لە بەرهەمهێناندا بە بەشداریی خەڵک، لەم چوارچێوەیەدا پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ پێشنیازی کەمکردنەوەی رێژەی 50% لە باجی بەرهەمهێنانی بۆ پەرلەمان تێدایە، کەمکردنەوەی سێ ساڵ لەسەر یەکی رێژەی باجی بەرهەمهێنان لە مێژووی رابردووی بودجەی ساڵانەی ئێراندا بێ وێنەیە.

کەیهان

گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتوچۆ لە جەژنی رەمەزان کەمیکردووە
فەرماندەی پولیسی هاتوچۆ رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی پشووەکانی جەژنی رەمەزان تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینى98 ملیۆن هاتوچۆ لە سەرتاسەری ئێران تۆمارکراوە و زۆرترین هاتوچۆ لە پارێزگاکانی باکووری وڵات بووە.
ئەو دەڵێت، بەداخەوە بەهۆی رووداوەکانی ئەم چەند رۆژە 101 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردووش لە کاتی جەژنی رەمەزاندا ئامارەکان کەمبوونەوەی قوربانیان بە رێژەی 46% کەمیکردووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button