عەرەب: ئۆپراسیۆنی تورکیا دژی کورد و رێگای گەشەپێدان دوو دیوی دراوێکن

زوومى رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقئەوسەت: ئیسرائیل پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە کە ئامادەیە بۆ تۆڵەسەندنەوەیەکی سنووردار

سەرچاوەیەکی دیبلۆماسیی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، تەلئەبیب پەیامێکی بۆ تاران ناردووە بەوەی ئامادەیە لێدانێکی تۆڵەسێنی سنوورداری ئێرانییەکان قبوڵبکات لە وەڵامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە تێیدا چەند فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە دیمەشق کوژران.

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، هەردوولا لە پەیامە ناڕاستەوخۆکانیاندا بۆ یەکتر ئاماژەبەوە دەکەن، کە نایانەوێت بارودۆخەکە ئەوەندەی دیکە ئاڵۆز بکەن.

عەرەبی جەدید: ناوچەی بازرگانیی ئازاد پەرە بە وەبەرهێنان دەدات لە نێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداودا

بە ڕای شارەزایان، دروستکردنی ناوچەی بازرگانیی ئازاد لە نێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداو هاوکاری دروستکردنی قەوارەیەکی تازەی بازرگانی لە ناوچەکە دەدات.

لە ئێستادا هەردوولا دەیانەوێت ناوچەیەکی بازرگانیی ئازاد بە بەهای 2.4 ترلیۆن دۆلار دروستبکەن پاش ئەوەی چەند گرێبەستێکیان لەگەڵ یەکتر واژۆکرد کە شتومەک و خزمەتگوزارییەکانیش دەگرێتەوە.

قودسی عەرەبی: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لابردنی رێگرییەکان دەکات لە بەردەم گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ غەزە

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بەڵێنی لە ئیسرائیل وەرگرتووە بۆ کردنەوەی دەرچەی زیاتر بۆ گەیاندن و چوونەناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەزە و داوایلێکردووە کاری زیاتر بکات بۆ رەواندنەوەی ئەو دۆخە کارەساتبارەی لە کەرتەکە هەیە.

ئەنجومەنەکە داوای هەڵگرتنی سەرجەم رێگری و ئاستەنگەکان کردووە لە بەردەم گەیاندنی هاوکارییەکان.

عەرەب: ئۆپراسیۆنی تورکیا دژی کورد و رێگای گەشەپێدان دوو دیوی دراوێکن

شیکەرەوان و چاودێران پێیان وایە ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییە گشتگیریرەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە ئەنجامی دەدات لەم هاوینەدا دەستپێدەکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە هاوکاری و هەماهەنگی بەغدادیش دەبێت، ئەوەش تەنها پەیوەندی بە ئاسایشەوە نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژییەتێکی فراوانتر و هاوکاریی و ئامادەکارییەکە بۆ پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان کە تورکیا بە عێراقەوە دەبەستێتەوە و پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەکانیان پەرە پێ دەدات.

 

 

زوومى رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو

بیناى شارەوانییەکانی ئاک پارتى وەک کۆشک دروستکراون

شارەوانییەکانى ئاک پارتى لەهاوشێوەى کۆشکی سەرۆککۆمارى دروستکراون، کۆشکی سەرۆککۆمارى لە ئەنقەرە ١١٥٠ ژوور پێکدێت، هەشت بیناى شارەوانی ئاک پارتى لە هاوشێوەى کۆشکی سەرۆککۆمارى دروستکراون بە پارەیەکى زۆر لەسەر داهاتى گشتى، جەهەپە کۆتایی بەو مەسرەفگەراییە دەهێنێت کە لە رابردوودا لە شارەوانییەکاندا ئاک پارتىدا رەنگى داوەتەوە.

جمهورییەت

ئەردۆغان هۆشداریی لوتبەرزیی بە ئەندامانى پارتەکەى داوە

لە پاش ئەوەى لە هەڵبژاردنى شارەوانیی ٣١ـى ئازار، ئاک پارتى بۆ یەکەمینجار رێژەى دەنگەکانى دابەزى و لە هەڵبژرادنەکە شکستى هێنا، ئاک پارتى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى بڕیاردانى بەمەبەستى بەدواداچوون لەسەر هۆکارى لەدەستدانى دەنگدەرانى ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوەیدا ئەردۆغان بە ئەندامانى باڵاى پارتەکەی گوتووە خۆتان لە لوتبەرزیی بەدوور بگرن.

تورکیا

لە شرنەخ رۆژانە ٤٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت

وەزیرى سامانە سروشتییەکانى تورکیا رایگەیاندووە، لەئێستادا ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لە ناوچەى جەبار گەیشتووەتە ٤٠ هەزار بەرمیل. ئەردۆغان لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا دەستخۆشی لە هەوڵەکانى وەزیرى سامانە سروشتییەکانى وڵاتەکەى کردووە، ئەویش رایگەیاندووە تاکوو کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمهێنانى نەوت لە ناوچەى جەبار سەر بە پارێزگاى شرنەخ دەگەیەننە ١٠٠ هەزار بەرمیل.

میللییەت

جەژنى ئەمساڵ جەژنى قوربانیی هاتوچۆ بوو

لەماوەى پێنج رۆژى رابردووى پشووى جەژنى رەمەزاندا لە سەرتاسەرى تورکیا و بە رووداوى هاتوچۆ، ٣٨ کەس گیانیان  لەدەستداوە و ٥ هەزار ٢٦ کەسی دیکەش برینداربوون. زۆربەى رووداوەکان بەهۆى تیژڕەوییەوە بوون.

 

زوومى رۆژنامە ئینگلیزییەکان..

ئۆرشەلیم پۆست: ئیسرائیل لە ئامادەباشیدا بووە بۆ ھێرشی ئێران

بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، شەوی رابردوو ئیسرائیل لە ئامادەباشی تەواودا بووە بۆ ھێرشی ئێران.

شەوی رابردوو دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتویەتی، هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر هێرشێکی ئێران، باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل لە هەموو لایەکەوە روبەڕوی هەڕەشە دەبێتەوە.

فاینانشاڵ تایمز: هەوپەیمانانی ئەمریکا داوایەک لە ئێران دەکەن

رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز لە بابەتێکدا، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە، هاوپەیمانانی ئەمریکا داوا لە ئێران دەکەن هاوشێوەی هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، هێرش دژی ئیسرائیل ئەنجامنەدەن.

واشنتن پۆست: پرۆسەی گەیاندنی فریاگوزارییەکان لە غەزە خاوە

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەماوەی رابردوودا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری داوەتە ئیسرائیل لەبارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی لە غەزە لە ئازاردان، بەرپرسانی ئیسرئیلیش دەڵێن، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە لە گەیاندنی فریاگوزارییەکان بە کەرتەکە، بەڵام بەپشت بەستن بە زانیارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە پرۆسەی گەیاندنی فریاگوزارییەکان بە غەزە رووینەداوە.

زە گاردیان: هۆشداری دەدرێتە پارتی کار بۆ لەدەستدانی کورسی پەرلەمانیی ناوچە شارنشینەکان

شارەزایان و چاودێران دەڵێن پارتی کار تووشی ئاڵنگاریی توند دەبێت لە بردنەوەی بەشێکی زۆر لەو ئامانجانەی دیاری کردووە، تەنانەت لەوانەیە دوو لە کورسییە دیارەکانی پەرلەمانیش لەدەستدا بدات کە ئێستا لە دەستی پارتەکەدان.

زە گاردیان هۆکارەکەی بۆ توڕەکردنی موسڵمانەکانی بەریتانیا و دەنگدەرانی گەنج دەگەڕێنێتەوە بەهۆی هەڵوێستی پارتەکە لەسەر جەنگی غەزە.

 

زوومى رۆژنامە فارسییەکان..

زەمانە: گیرخواردنی پەروەردە لەداوی هەژاریدا

راپۆرتێکی ناوەندی ئاماری ئێران باس لەوە دەکات، رێژەی هەژاری لەو بنەماڵانەدا زیاترە، کە زۆربەیان “نەخوێندەوار”ن، هەروەها دابەشبوونی جوگرافیای هەژاری لە ئێراندا نیشان دەدات پەیوەندییەکی بەرچاو لە نێوان کەمی خوێندن و هەژاریدا هەیە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی وەزارەتی کار و چاودێری کۆمەڵایەتی، لە ئێران نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدان.

ئیسنا: دەستپێکردنی سیستەمی تاکسی ئۆنلاین لە تاران

ئۆنلاین کردن و “کارەبایی کردنی تاکسییەکان” بەرنامەکانی گۆڕانکاریی شارەوانی تارانن.

بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان واژووکراوە، لەمساڵدا ٢٥ هەزار تاکسی، ١٠ هەزار مینی پاس و دوو هەزار و ٥٠٠ تاکسی کارەبایی تایبەت بۆ شاری تاران پلانی بۆ دانراوە و بەرنامەی مۆبایل دروستکراوە تایبەت بە گرتنی تاکسی بە ئۆنلاین.

ئیران ئینتەرنەشناڵ: دوو سێ منداڵ بەسە

بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی دانیشتووانی ئێران دەڵێت: کێشەی سەرەکی بۆ بوونی منداڵ خانووبەرە نییە، بەڵکو پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر جەخت لەسەر زیادکردنی منداڵبوون بکرێتەوە، ئەوە مانای پێنج شەش منداڵ وەک جاران نییە، بەڵکو دوو یان سێ منداڵ بەسە ئەگەر خێزانەکە توانای پێگەیاندنی منداڵەکانی هەبێت.

میهر: بارینى تەرزە لەناوچەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان زیانى زۆرى بە باخ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە

بە هۆی بارینی تەرزە، باخ و کێڵگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیانیان بەرکەوت، کە بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی 7000 هێکتار لە دانەوێڵە و چەوەندەر و سەوزە و بەرهەمی هاوینە زیانیان بەرکەوتووە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button