ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنى سەر هەرێمى کوردستان ئامادەیە

 رۆژنامە عەرەبییەکان

 

 

جەریدەی کوەیتی

سندوقی نەخۆشیی شێرپەنجە ساڵانە هاوکاریی 850 تووشبوو دەکات

بەڕێوەبەری سندوقی نەخۆشانی شێرپەنجە سەر بە کۆمەڵەی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجەی کوەیت، دەڵێت، ساڵانە سندوقەکە داوای هاوکاری بۆ نزیکەی 850 توشبووی شێرپەنجە دەکات.
جەمال ساڵح، بەڕێوەبەرى کۆمەڵەکەیە، دەڵێت، حاڵەتی تووشبووەکان رەوانەی لیژنەی تایبەتى سندوقی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێن، کە ژمارەیەک هاوبەش و بەشداربوونی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی سەنتەری کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجەی کوەیت لەخۆدەگرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە راشیگەیاندووە، توشبووانى شێرپەنجە لە وڵاتەکەیان، ساڵانە ژمارەیان زیاددەبێت.

 

 

عەرەبی جەدید

نیویۆرک تایمز: ئێران کەناری کەرتى غەزەى پڕچەککردووە

هێزەکانى ئیسرائیل لە کەنارەکانى غەزە، دەستیانکردووە بە کنە و پشکنین و دەستگیرکردنى هەڕەمەکیی خەڵک و دانیشتووان و چەند پێکدادانێکی لە ناوچەکانى قلەیقیلەى کەناراوەکانى غەزە ئەنجامداوە.
مەبەستى ئەو گەڕان و پشکنینەی ئیسرائیل ئەوەیە، دوێنێ چەند هێرش و بەرپەرچدانەوەیەک لەلایەن کۆمەڵێک چەکدارەوە لە ئۆردوگا جوونشینەکانى ئەو ناوچانە روویاندا، ئیسرائیل ئێران تۆمەتباردەکات بە بەرپاکردنى ئەو گرژییانە.
رۆژنامەى نیویۆرک تایمز لەزاری کۆمەڵێک بەرپرسی ئەمریکى و ئیسرائیلی و ئێرانییەکانەوە نووسیویەتى، ئێران بەنهێنى لە کەناراوەکانى غەزە رێگەیەکى لەوجۆرەى گرتووەتەبەر و دەیەویت چالاکییەکانى چڕبکاتەوە.

 

 


قودس

ئێران: بوونى ئیسرائیل لە ئیمارات هەڕەشەیە بۆ ئێمە

فەرماندەی هێزە دەریاییەکانى ئێران دەڵێت، بوونى ئیسرائیل لە وڵاتێکى وەک ئیمارات، هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران، ئەگەر پێویستیش بکات هێزەکانیان گەرووی هورمز دادەخەن.
ئاژانسی “تەڵەبە”ـی نیمچە فەرمیى ئێران، لەزاری عەلی رەزا تەنگەسیریی، فەرماندەى هێزە دەریاییەکانى ئێرانەوە نووسیویەتی، ئێمە دەزانین ئیسرائیلییەکان بەمەبەستى ئابووریی نەهاتوونەتە ئیمارات، بەڵکو بۆ پرۆسەى ئەمنى و سەربازیی هاتوونەتە ئەو وڵاتە، ئەوەش هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئێران.

 

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 

واشنتن پۆست

شەڕ سودانی وێران کردووە و برسێتی بڵاوبۆتەوە

نزیکی ساڵێک دەبێت شەڕ لە سودان دەستی پێکردۆتەوە، کارەساتێکی لەوەی غەزە قورستر لەبواری دابینکردنی خۆراکدا روویداوە.
لەناو شارە کارەساتبارەکانی شەڕی ناوچەی بیاباننشینی دافۆر و تەنانەت لە ناوچەی کێڵگەکانی باشووری وڵاتەکە زۆربەی خێزانەکان کەوتونەتە بەر ئەگەری هەڕەشەی برسێتی.
نزیکەی ساڵێک بەسەر هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان سوپاکەی جەنەراڵ عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی فریاکەوتنی خێرای جەنەراڵ محەمەد حەمدان تێپەڕدەبێت. ئەم شەڕە ژیانی 49 ملیۆن کەسی خستۆتە بارێکی ناهەموارەوە، زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسیشی ئاوارە کردووە.

 

 

 

دەیلی تەلەگراف

لە بەریتانیا کار بۆ رێگری لە فرۆشتنی مۆبایل بە کەسانی خوار 16 ساڵ دەکرێت

ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا تاوتوێی پلانێک دەکات بۆ ئەوەی یاسایەک دەربکات کەسانی خوار تەمەنی 16 ساڵ نەتوانن مۆبایل بکڕن.
میشێل دۆنەڵان وەزیری کاروباری تەکنەلۆژیی بەریتانیایە، کار لەسەر ئەوە دەکات بە یاسا هەندێک رێگری دروست بکات بۆئەوەی منداڵان لە کاریگەرییە خراپەکانی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بپارێزرێن، بۆیە بیر لەوە دەکرێتەوە، ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خواری 16 ساڵییەوەیە، خۆیان نەتوانن مۆبایل بکڕن.

 

 

تایمز

هۆکاری توڕەبوونەکەت لەسەر کاغەز بنووسە و بیدرێنە

تازە دەرکەوتووە، ئەگەر لە خاوەنی کارەکەت تووڕە و بێزاریت، هۆکاری تووڕەییەکەت لەسەر کاغەزێک بنوسە، ئەوە روون بکەرەوە هۆکاری تووڕەبونەکەت لەوکەسە چییە، دوایی کاغەزەکە بدڕێنە و فڕێی بدە، چونکە لێکۆڵینەوەیەکی تازە دەڵێت، ئەم کارە ئاستی تووڕەیی و بێزارییەکەت کەمدەکاتەوە، گوایە دڕاندنی کاغەزەکە ئارامت دەکاتەوە.
چەند توێژەرێک لە ژاپۆن داوایان لە ژمارەیەک خۆبەخش کرد بە کورتی بۆچونی خۆیان لەبارەی چەند مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بنوسن، دوایی پێیان گوتن، هەموو ئەو شتانەی نوسیوتانە زۆر لاواز و بێکەڵک بوون. پاشان داوایان لێکردن کاردانەوە نەرێنییەکانی خۆیان لە ئەنجامی هەڵسەنگاندەکە بخەنە سەر کاغەز. لە پاش نوسینەکە، داوایان لە هەندێکیان کرد، ئەوشتانەی نوسیویانە بیدڕن، بە هەندێکی تریان گوت، نوسینەکانتان بخەنەوە گیرفانتان و هەڵیان بگرن، دەرکەوت، ئەوانەی کە نوسینەکانی خۆیانیان دڕاندووە ئاسوودەتر بوون.

 

 

 

 


گاردیەن

هەزاران منداڵ هەن لە رەگەزی خۆیان دڵنیا نین

راپۆرتێک لە دەزگای تەندروستیی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لە مەترسیی بڵاویی رەگەزگۆڕین و نەبوونی چارەسەری پەسەندکراو دەکات.
هەزاران منداڵ هەن لەبارەی ناسنامەی رەگەزیی خۆیانەوە نیگەرانن. پرسیاریان دەربارەی رەگەزی خۆیان هەیە، ئایا نێرن یان مێن. راپۆرتەکە دەڵێت، دامەزراوەی تەندروستی ئەمانەی نائومێدکردووە، چونکە چارەسەرێکی گونجاوی لانییە بۆ ئەو کەسانە دەست بدات.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، تاکە شتێک لەلای دەزگای تەندروستی بۆ ئەو کەسانە بەردەست بێت جۆرێک چارەسەرە کە رێگری لە باڵغبوون دەکات، لەگەڵ جۆرێک لە هۆڕمۆنی تێپەڕاندنی رەگەز، کە یارمەتیی بەکارهێنەران دەدات ئاراستەی نێربوون یان مێینەبوونی خۆیان زاڵ بکەن، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە بەردەست نییە، کە ئەم دەرمانی زاڵکردنی رەگەزەیان سوودی هەبێت.

 

 

رۆژنامە تورکییەکان

 

سۆزجو

لە جەژندا درۆى دەسەڵاتى ئاک پارتى ئاشکرا بوو

لەپاش شەش مانگ لە جەنگى غەزە، حکومەتى ئاک پارتى تازە رایدەگەیەنێت بازرگانى لەگەڵ ئیسرائیلدا سنووردار دەکات. تا دوێنێ تورکیا 54 بەرهەمى خۆی بە ئیسرائیل فرۆشتووە، لەوانە، سوتەمەنى و بەنزینى فڕۆکەى جەنگى، واتە تاکو دوێنێ تورکیا بەنزینى فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلی دابین کردووە و هیچ بەربەستێک لەنێوان بازرگانی هەردوو وڵات نەبووە! ئەمەش هەموو ئەو دروشم و وتانەى ئاک پارتى بەدرۆ دەخاتەوە کە دەڵێن لەگەڵ گەلى غەزەین و لەدژی جەنگین.

 

 

جمهورییەت

نۆرەگرتن لە جەژنیشدا هەیە، ئەمجارەیان بۆ کڕینی پاقلاوەیە

لە تورکیا کیلۆیەک پاقلاوە گەیشتۆتە هەزار لیرە، واتە 23 دۆلار، ئەو هاوڵاتییانەى لە ئەنقەرە بارگرانى ژیان و گوزەرانیان لەسەرە، بۆ ئەوەى کیلۆیەک پاقلاوە بۆ جەژن ببەنە ماڵەوە، بە سەعات لە نۆرەدا دەوەستن. بەهۆى گرانییەوە تورکیا گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمى جاران، هەموو شتێک بە نۆرەگرتنە.

 

 

تورکیا

ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنى سەر هەرێمى کوردستان ئامادەیە

لە پاش جەژنى قوربان، ئەنقەرە پلانى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى سەربازیی هەیە، بۆ ئەوەی لە ناوچەکانى گارەوە تاوەکو سنوورى سلێمانى لە پەکەکە پاکبکاتەوە. سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ بەغداد بۆ هەماهەنگى سوپای عێراقە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە. لە پاش جەژن ئامادەکارییەکان و هاوکارییە لۆجستییەکان بۆ ناوچەکە دەنێردرێت.

 

ئەکشام

لە سێ رۆژدا هەزار و 838 رووداوى هاتوچۆ روویانداوە
بەهۆى پشووى رۆژەکانى جەژنى رەمەزانەوە لەماوەى سێ رۆژدا رووداوەکانى هاتوچۆ لە تورکیا و باکوورى کوردستان ژمارەى پێوانەیی شکاندووە، لە 6ـی نیسان تاوەکو 9ـی نیسان، 20هەزار و 143سەرپێچیی خێرایی شۆفێران تۆمار کراوە، بەهۆى رووداوى هاتوچۆوە 19 کەس گیانیان لەدەستداوە، دوو هەزار و 912 کەسیش بریندار بوون.

ماڵپەرە فارسییەکان

 

 

 

رادیۆ فەردا

ئەمریکا چەکی ئێرانی دەداتە ئۆکراین

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەو چەکانەی ئێران، کە بۆ حوسییەکانی ناردبوو و دەستیان بەسەردا گیرا، رادەستی ئۆکراین کراون.
سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا نووسیویەتی، حکومەتی ئەمریکا پێنج هەزار چەک و 500 هەزار گوللـەی تەقەمەنی رادەستی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین کردووە.

 

 

ئێران ئینتەرنەشناڵ

کوشتنی هێزەکانی ئێران لە بەلوچستان بەردەوامە

شەش پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی هێرش بۆ سەر ئۆتۆمبێلی پۆلیس لە بەلوچستان کوژران. گروپی جەیشولعەدل بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، پێنج پۆلیس لە شوێنی شەڕەکە کوژراون و یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

 

 

ئیسنا

ئەمساڵ خامنەیی بەشداریی نوێژی جەژنی رەمەزانی کرد

بە گوتەی ئیسنا، نوێژی جەژنی ئەمساڵ لە مزگەوتی خومەینی لە تاران بە ئامادەبوونی خەڵک و بە سەرپەرشتی عەلی خامنەیی بەڕێوەچوو.
خامنەیی دوای نوێژی جەژن دوو گوتار دەدات.
دەرگای مزگەوتی خومەینی لە تاران دوای بانگی بەیانی بەڕووی نوێژخوێناندا کرایەوە و بەرنامەی تایبەتی نوێژی جەژنیش دەستیپێکردووە.

 

 

 

خەبەر ئۆنلاین

نرخی دۆلار دەگاتە 100هەزار تمەن
پەرلەمانتارێکی ئێران دەڵێت، دەبینین دۆلار بێسنوور بەرزبۆتەوە و سنووری 64 هەزار تمەنی بەزاندووە، پێموایە تا کۆتایی ساڵ دەگاتە 80 هەزار تمەن، تەنانەت لە خراپترین حاڵەتیشدا رەنگە بگاتە 100هەزار تمەن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button