رۆژهەڵاتى کوردستان شەوێکى “ئاگرینى” بەڕێ کرد

چوار خۆپیشاندەر و دوو کارمەندى ئەمنى کوژران

شەوى رابردوو لە زۆرینەى شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تاران و بەشێکى شارەکانى دیکەى ئێران خۆپشاندان و ئاڵۆزى تاوەکو بەرەبەیانى ئەمڕۆ بەردەوام بوون، بەگوێرەى ئامارە نا فەرمییەکان، چوار خۆپیشاندەر و دوو کارمەندى هێزە ئەمنییەکان کۆژراون.

ئەمڕۆ دوو مانگ بەسەر مەرگى ژینا ئەمینى، کچە کوردى سەقز تێپەڕدەبێت، ئەو دواى دەستگیرکردنى رۆژى 16ی ئەیلولى 2022 لە روداوێکى تەمومژاویدا لە تاران گیانى لەدەستدا.

لەکاتى بەخاکسپاردنییەوە، شەپۆلى ناڕەزایەتى بە دروشمى “ژن، ژیان، ئازادى” لە سەقزى رۆژهەڵاتى کوردستانەوە دەستیپێکرد، پەرەى سەند و “تەواوى” وڵاتەکەى گرتەوە و بەردەوامە.

 

یادى خۆپیشاندان بە خۆپیشاندان دەکرێتەوە

دوێنێ ساڵیادى خۆپیشاندانەکانى 15ی کانونی دووەمی 2019ى بوو، کە ئەوکاتیش بەهۆى “گرانى و نەبوونى ئازادییەوە” هاوڵاتیانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان رژانە سەر شەقامەکان. بە درێژایی ساڵەکە و بە پچڕپچڕى و لێرەولەوێ خۆپیشاندان بەردەوام بوو، ئامارە نافەرمییەکان باس لە کوژرانى نزیکەى هەزار و 500 خۆپیشاندەر دەکەن.

شەوى رابردوو بە خۆپیشاندانەکان یادى ئەو رۆژە کرایەوە، بەڵام ئاڵۆزى دروستبووەوە، دروشمى “ژن، ژیان، ئازادى” و “نان، ژیان، ئازادى” لەنێو شەقامەکانەوە دەگەیشتە کەشکەڵانى فەلەک.

لە شارەکانى سنە، کامیاران، مەهاباد، مەریوان و بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانەکان فراوانتر و ئاڵۆزتر بوون، ئەو چوار کەسەى کوژراون لەو شارانە بوون، دوو کارمەندە ئەمنییەکەش لە بۆکان کوژراون.

هێشتا ئەم ئامارانە لەلایەن رێکخراوەکانى تایبەت بە مافى مرۆڤەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەهۆى سانسۆرى حکومەت و خراپی ئینتەرنێت دەستگەیشت بە زانیارییە فەرمییەکان سەخت بووە.

هاوکات داواکاری گشتی شاری شیرازیش رایگەیاند، دوێنێ ئەفسەرێکی بەسیچ لە خۆپیشاندانەکانی شارەکەدا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کوژراوە.

خۆپیشاندان لە 30 شار بەردەوامە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تویتەر و تەلەگرام، چالاکوانان باسی ئەوە دەکەن، کە شەوی رابردوو لە زیاتر لە 30 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خۆپیشاندان کراوە.

بەگوێرەى ئەو ئامارانەى رێکخراوەکان بڵاویانکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 330 خۆپیشاندەر کوژراوە، سەدانى دیکە بریندارن و هەزارانیش دەستگیرکراون.

هەوڵى کۆتاییهان ناڕەزایەتییەکان بێئەنجامە

هەوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان بەردەوامە، هەوڵى سزادانى لەسێدارەدانى خۆپیشاندەران لە ئارادایە، ناوى 20 کەس هەیە، کە تۆمەتبارکراون، دەستی دەرەکییان لە پشتەوەیە.

ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، سعودیە و چەندین وڵاتى دیکە لەنێو ئەو لیستەدان، کە ئێران پێیوایە خۆپیشاندانەکان دەستى ئەوانى لە پشتەوەیە، لایەنگرانى دەسەڵات “مەرگ بۆ ئەمریکا”یان کردووە بە دروشمى سەرەکى و رۆژانەیەیان، تەنانەت لەسەر ستەیجى گوتارى ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماریش ئەوە نوسراوە.

ئێران فشارەکانى لە دەوروبەریش بەردەوامە، حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان “قوربانى” یەکەمن، لەدواى خۆپیشاندانەکانەوە دوو جار بارەگاکانیان لە هەرێمى کوردستان کراوەتە ئامانج، جاری یەکەم رۆژى 28ى ئەیلول بوو، سوپاى پاسداران بارەگاکانى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانى لە کۆیە، پردێ، زڕگوێز و دەڤەری سیدەکان بە موشەک و درۆنى بۆمبڕێژکراو بۆردومان کرد. 16 کەس کوران و زیاتر لە 50 کەسی دیکە بریندار بوون.

جارى دووەم رۆژى 14ى ئەم مانگە بوو، جارێکى دیکە کۆیە، زڕگوێز و دەڤەرسی سیدەکان بە موشەک و درۆنى بۆمبڕێژکراو کرایەوە ئامانج، دوو کەس کوژران و هەشت کەسی دیکەیان برینداربوون.

خۆپیشاندانە فراوانەکەى شەوى رابردوو پەیامێکى روونە، کە فشارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییە ئاشکراکان بێ ئەنجامن.

هەوڵى کۆتاییهان بە ناڕەزایەتییەکان بێئەنجامە

هەواڵی زیاتر

Back to top button