“پێش کۆنگرە عەلی حەمە ساڵح سەرۆک بووە”

راگەیاندنى حزبەکە و دەرکەوتنى ناڕەزایی پێکەوە بوون

زووم:

ئەمڕۆ بەرەی هەڵوێستی نیشتیمانی وەک حزبێکی تازە لە سلێمانی کۆنگرەی دامەزراندنی بەست و لەگەڵ یەکەمین هەنگاویشیدا دەنگی ناڕەزایەتی دەرکەوت.

لە کۆنگرەکەدا، عەلی حەمە ساڵح بە سەرۆکی حزب و هەشت کەسی دیکەش وەک ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن دیاری کران.

دیمەنی کۆنگرەکە ئەوەی دەرخست ئەو کەسایەتییانەی ناویان وەک دامەزرێنەر و بەشدار لە حزبەکە دەهات، بەشدار نەبوون و دەرنەکەوتن.

یوسف محەمەد و مەسعود عەبدلوخالق لە کەسایەتییە دیارەکان بوون، لەگەڵ حزبەکەدا نەبوون.

‎یەکێکی دیکە، کە دوای کۆنگرەکە ناوی وەک ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی حزبەکە بڵاوکرایەوە، کاروان حەمەساڵح بوو، بەڵام دواتر وەک ناڕازی دەرکەوت، كاروان حەمەساڵح پاش کۆنگرەکە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و بە حزبەکە دەڵێت، “پشوودرێژ بن و بە سەر لەمپەر و کێشەکاندا زاڵ بن”.

کاروان حەمەساڵح، کە بەشداری کۆنگرەکەشی کردووە، وەک کەسێک لە دەرەوەی حزبەکە قسەی کردووە و لە برى ئەوەى وەک ئەندامێکى ئەنجوومەنى بەرێوەبردن قسە بکات، دەڵێت، “وەک پشتیوانێکى بەرەکە دەبم”، هەروەها دەشڵێت، “پیرۆزبایی كۆنگرەکەتان لێدەکەم”.

بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، کە لە ئەندامێکى ناڕازیی دەستی کەوتووە، تەنها کاروان حەمەساڵح نییە کە ناڕازییە، بەڵکو هەر یەکە لە دکتۆر رەعد رەفعەت، سەلیم کۆیی، دکتۆر سوهەیلە و چەند کەسێکى دیکەش لە حزبەکە ناڕازین.

هەر بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، ئەو کەسانە باسیان لەوە کردووە، ئەوان تەنها وەک ئەندامى ئەنجومەنى دامەزراندن ناویان هاتووە و بەشێک نابن لە ئەنجومەنى بەرێوەبەردنى حزبەکە.
هەروەها باسیان لەوەش کردووە، کە پێیانوایە هەرێمى کوردستان پێویستى بە بەرەیەکى زۆر گەورترى ناڕازى هەیە، وەک لەوەى ئێستا راگەیەنراوە، هەر بەرەیەکیش بیەوێت لەگەڵ ئەو بەرە فراوانە کار بکات ئەوان لەگەڵى دەبن.

زووم لەگەڵ ئەندامێکی ئەنجومەنەکە قسەی کرد، ئەو گوتی، “ناوبراو هیچ شتێکی بە فەرمی لەبارەی کشانەوەی لە حزب بە ئێمە نەگوتووە”.

لەبارەی قسەکانی کاروان حەمە ساڵح، ئەندامەکەی ئەنجومەن گوتیشى، “وەک حزب بەفەرمی داوای روونکردنەوەی لێدەکەین”.

زووم لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی جیاوازی بەرەکە و ناڕازییەکانیش قسەی کرد، ئەوان دەڵێن، پێش کۆنگرەکە لە میدیا و لەنێو خەڵكدا عەلی حەمە ساڵح وەک سەرۆک و کەسی یەکەمی حزبەکە ناسێندراوە، ئەوەش مایەی نیگەرانییان بووە.

جگە لەوانەی ئەمڕۆ وەک ناڕازییەک لە حزبەکە دەرکەوتن، پێشووتریش چەندین کەسایەتیی دیاری دیکەش رۆڵیان هەبووە، کە ئێستا دوور کەوتوونەتەوە و لەگەڵ حزبەکەدا نابن.

ئەو کەسایەتییانەی لەگەڵ راگەیاندنی حزبەکەدا نەبوون، زیاتر لە ساڵێکە خۆیان سەرقاڵی گفتوگۆ و ئامادەکارین بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فراوان، کە خۆیان دەڵێن ئامانجیان لە پەرلەمانی کوردستان گەورەتر بووە.

ئەوانەی پێشتر سەرقاڵی بەرە فراوانەکە بوون، دژی ئەوە بوون بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان حزب هەبێت و بەشداری بکەن.

زووم پەیوەندی بە بەشێک لەو کەسانەوە کرد، کە بەشداربوون لە بەرەکەی پێشوو، هەرچەندە رازی نەبوون ناویان بهێندرێت، بەڵام نیگەرانییەکانیان نەشاردەوە و گوتیان، “دژی ئەوە بوون بەپەلەپەل حزب دروست بکرێت و چەند کەسێکی پێ ببێت بە ئەندام پەرلەمان”.

پڕۆژەی بەرە فراوانەکە لەلایەن چەندین کەسەوە گفتوگۆی گەرمی لەبارەوە دەکرا، لەنێویاندا، یوسف محەمەد سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی کودستان، بەهار مەحمود، ئەحمەد حاجی رەشید، هۆشیار عەبدوڵا، مەحمود رەزا، ئەندامانی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، هەروەها پەیمان عیزەدین، عەدنان عوسمان و ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامانی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان بەشداربوون، هەر یەکە لە مەسعود عەبدولخالق و سەعید کاکەیی و چەندین کەسایەتی دیکەش بەشداربوون.

هەواڵی زیاتر

Back to top button