چۆن “هاوڕێیەکی دێرین” پێشمەرگەکەی کۆمەڵەی کوشت؟

زووم:
پیاسەیەکی بەهارە لەگەڵ هاوڕێیەکی دێرین، شوعەیب زراعی، پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی هەڵخەڵەتاند و لە ماڵەکەی خۆی چووە دەرەوە، لە بەردەرگا “هاوڕێی دێرین” فرسەتی هێنا و کوشتی.

لە بەشی پشتەوەی کەمپی زڕگوێزەڵە لە نزیک سلێمانی کە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و خێزانەکانیانی تێدا نیشتەجێبوون، شوعەیب زراعی کە خەڵکی شاری سنەیە ئەرکی کارپێکردن و چاودێریکردنی سەرچاوەی ئاوی کەمپەکەی پێ سپێردرابوو، زووم قسەی لەگەڵ چوار سەرچاوەی ناو کۆمەڵە کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری و دەرکەوت، رووداوەکە کاتژمێر 2:45 خولەکی نیوەڕۆ بووە.

ئیدریس عەبدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە تایبەت بە زوومی گوت، تۆمەتباری تاوانەکە ناوی “ع أ”ـە و چەند ساڵێک پێشمەرگەی کۆمەڵە بووە، دواتر وازی هێناوە و وەک لایەنگرێک لە شاری سلێمانی ماوەتەوە و نیشتەجێبووە، ئەو خەڵکی جوانڕۆیە و خێزاندارە و منداڵێکیشی هەیە.

گوتیشی، تۆمەتباری سەرەکی هاوڕێیەتی لەگەڵ شوعەیب هەبووە، چەند جارێک سەردانی کردووە، دوێنێ شەممە لە ماڵی شوعەیبی تەمەن 34 ساڵان بووە، کاتێک پێکەوە هاتوونەتەدەرەوە، بە دەمانجەیەکی جۆری کۆڵت “یەک گوللەی ناوە بە سەریەوە و تیرۆری کردووە”.

تۆمەتباری سەرەکی هەرزوو ناوچەکەی بەجێهێشتووە و ویستوویەتی خۆی بگەیەنێتە ئێران، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەکانی زووم، کاتژمێر دەوروبەری 10ی شەوی رابردوو، ناوبراو لە دواین بازگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێنجوێن دەستگیرکراوە و گەڕێنراوەتەوە بۆ سلێمانی.

سەرجەم سەرچاوەکانی زووم جەختیانکردەوە، کارەکە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئێرانەوە (ئیتلاعات) ئەنجام دراوە، هەروەها لە راگەیەنراوی فەرمیی حزبەکەشدا هاتووە، “بە دەستی رەشی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کراوە.”

یەکێک لە سەرچاوەکانیش ئاشکرایکرد، کە “تۆمەتبار لەکاتی لێکۆڵینەوەیدا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دانی ناوە بەوەی کە بە پلان کارەکەی کردووە و لە ئێرانەوە پارەی پێ دراوە.”

بەگوێرەی دوو سەرچاوەی بەرپرس و ئاگاداریش، ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی تۆمەتباری سەرەکییان بردووەتەوە شوێنەکە و “کەشفی ئەدیلەی” پێکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بەڵام ئیدریس عەبدی ئەو زانیارییەی رەتکردەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button