دواى کشانەوەی دادوەرە کوردەکە؛ بەغداد و هەولێر بەهارێکى گەرمیان لەپێشە

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرق ئەوسەت

دواى دەستلەکارکێشانەوەى دادوەرە کوردەکە؛ بەغداد و هەولێر بەهارێکى گەرمیان لەپێشە

دواى دەستلەکارکێشانەوەى دادوەر عەبدوڕەحمان سلێمانی زێبارى لە ئەندامێتى دادگاى فیدراڵیی عێراق، ناکۆکییەکانى نێوان بەغداد و هەولێر بەجۆرێکى دیکە سەریانهەڵداوەتەوە و شارەزایانیش باوەڕیان وایە لەبەر ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى، ئەو پێشهاتە کاریگەریی گەورە دروست ناکات و دادگاى فیدراڵیش دەڵێت، سێ ئەندامی یەدەگیان هەیە و دەستلەکارکێشانەوەکە کێشە بۆ کارەکانی دادگا دروست ناکات.
شارەزایانى سیاسی بە رۆژنامەکەیان گوتووە، بەهارێکى گەرم لەنێوان بەغداد و هەولێر لە پێشە، ئەگەر جاران بۆ چارەسەری کێشە و برینەکانى بەغداد، هەولێر چارەسەر بووبێت و ناکۆکی نێو ماڵی عێراقى بە شیعە و سونەوە لە هەولێر چارەسەرکرابێت، ئەوا ئێستا گۆڕانکاریی هاتووەتە پێشەوە و کێشە ساسییەکانى نێوانیان شێوەى یاساییان وەرگرتووە و هەر رۆژەى بە جۆرێک دەسەڵاتەکان لە هەرێمى کوردستان بە یاسایی وەردەگیرێتەوە.
یەحیا کوبەیسى، شارەزاو شرۆڤەکارى سیاسی سەبارەت بە هەڵکشانى ناکۆکییە دەستورى و یاسایی و سیاسییەکانى نێوان بەغداد و هەولێر رایگەیاندووە، هەولێر چەندین دۆسییەى گرنگی بەدەستەوەیە بۆ ئەوەى بەغداد ناچاربکات بە ملدان بۆ داواکانى، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانى نێوان دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەى کوردستان، ناتوانن هیچ هەنگاوێک بگرنە بەر.

سەباح

لە بەنزینخانەکانى عێراقدا کارتى ئەلیکترۆنی هەنگاوى لە بەرچاوى بڕیوە
ئێوارەى دوێنێ دوا وادەى وەرگرتنى پارەى نەختینەیی بوو لە بەنزینخانەکانى عێراق و کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکانیش رایدەگەیەنێت، لە بوارى پارەدانى ئەلیکترۆنیدا هەنگاوی باشیان بڕیوە.
حسێن تالب، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکانى عێراق بە ئاژانسی هەواڵیی عێراقییەی گوتووە، فەرمانگەکەیان یەکەم فەرمانگەى حکومەت بووە بۆ بەکارهێنانى کارتى ئەلیکترۆنى و سەرکەوتنى زۆرباشیان لەو بوارەدا بەدەستهێناوە، سەرەڕای ئەوەى هەندێک کێشەى بچووک هاتووەتە پێش پرۆسەکە، بەڵام لەگەڵ بانکی ناوەندی و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنین.

دەستوور

شاندێکی باڵای تورکی ئەمڕۆ سەردانی عێراق دەکات تاوەکو ئامادەکاری بکات بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان

وابڕیارە ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەى تورکیا سەردانى بەغداد بکات و سەرچاوە عێراقییەکانیش دەڵێن، سەردانەکە بە مەبەستى ئامادەکردنى سەردانەکەى مانگی داهاتووی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە بۆ عێراق .
ئاژانسی ئەنادۆڵویش رایگەیاندووە وەزیری دەرەوە لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەى کۆدەبێتەوە و ئامادەکاریی دەکەن بۆ سەردانەکەى ئەردۆغان، باسی لەوەش کردووە ئامانجی سەردانەکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى ئاوى نێوان تورکیا و عێراق و هەناردەکردنەوەى نەوت و کێشەکانى پارتى کرێکارانى کورستانە.

عەرەبی جەدید

حکومەتی سوریا فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنێت بۆ کوشتنى نەیارەکانى

لە نوێترین گۆڕانکارییەکانى جەنگی سوریا لە دژى ئۆپۆزسیۆنەکانى وڵاتەکەیدا، درۆنى چاودێری و خۆکوژ بەکاردەهێنرێت و سەچاوەکانیش باس لەوە دەکەن فرۆکەکان لە ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى سوریاوە ئاراستەدەکرێن.
رێکخراوى بەرگریی شارستانی “خودەى سپی” کە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی ئیدلبەوە بەڕێوە دەبرێت رایگەیاندووە، دووشەممەى رابوردوو هاووڵاتییەک کراوەتە ئامانج و دوێنێش هێرشکراوەتە سەر ماڵی جوتیارێک لە ناوچەى کەفەرنەوان و هیچ زیانێکى گیانى بەدواوە نەبووە.
روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاندووە، رژێمى سوریا فڕۆکەى بێفرۆکەوانى FPV لەجۆری خۆکوژى بەکارهێناوە کە لە توانایدا هەیە رێگەیەکی دوور ببڕێت و گولەى ئار پی جی لێببەسترێت و تا ئێستاش رژێمى سوریا 48 فڕۆکەى خۆکوژیان بەکارهێناوە.

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

فاینەنشیەڵ تایمز

واشنتن بە نهێنی لەگەڵ ئێران کۆبووەتەوە بۆ راگرتنی هێرشەکانی دەریای سوور
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی باڵای ئەمریکی و ئێرانی، ئەمریکا ئەمساڵ بە نهێنی لەگەڵ ئێراندا کۆبووەتەوە وەک هەوڵێک بۆ رازیکردنی تاران بۆ کاریگەریی خستنەسەر حوسییەکانی یەمەن بۆ ئەوەی کۆتایی بەو هێرشانە بهێنن کە لە دەریای سووردا ئەنجامی دەدەن. گفتوگۆکان کە بەشێوەی ناراستەوخۆ بوون و لەبارەی نیگەرانییەکانی واشنتنیشەوە بوون سەبارەت بە فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە عومان و لە سەرەتای ئەمساڵدا بەڕێوەچوون. ئەمانەش یەکەم دانووستان بوون لەماوەی 10 مانگی رابردوودا.

تایمز

مردن بەهۆی شێرپەنجەوە لە تەمەنی مامناوەندیدا بەرێژەی سێیەک دابەزییوە
بەگوێرەی توێژینەوەیەک، بەهۆی پشکنینی پێشوەختە و کەمکردنەوەی جگەرەکێشانەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە بەریتانیا لە ساڵانی 1990ـەکانەوە بەرێژەی سێیەک دابەزیوە. ئەم ئامارانەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لەنێوان 35 بۆ 69 ساڵیدایە. هۆکاری کەمبوونەوەی حاڵەتی مردن بەهۆی نەخۆشییەکە بۆ پشکنینی پێشوەختە دەگەڕێتەوە کە نەخۆشییەکە زوو دەستنیشان دەکرێت و کەسەکە چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت. یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکان کەمبوونەوەی جگەرەکێشانە کە ژمارەیەکی زۆری نەخۆش بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دەدا.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رێکارەکانی قەدەغەکردنی تیکتۆک لە وڵاتەکەدا پەسەند دەکات
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەکۆی دەنگ بڕیاری دا کە پرۆژەیاسایەک پەسەند بکات کە رێگریی لە کارکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک بکات لە وڵاتەکەدا یان لە کۆمپانیا چینییەکە بیکڕێتەوە. هۆکاری ئەم بڕیارەی وڵاتەکەش ئەو مەترسییانەیە کە گومان دەکرێت کۆمپانیای بایتدانسی چینی بۆ ئەمریکای درووستکردبێت. ئەمەش دوای چەندین ساڵی هەوڵی یاسا دانەرانی ئەو وڵاتە دێت بۆ قەدەغەکردنی ئەو پلاتفۆرمە لە وڵاتەکەدا.

 


ئۆرشەلیم پۆست

بلینکن: پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی فەڵەستین کارێکی لەپێشینەیە بۆ ئیسرائیل
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری درەوەی ئەمریکا، رایگەیاند ئیسرائیل دەبێت گرەنتی پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی فەلەستین بکات لە غەزە و ئەمە کاری هەرە لەپێشینەیەتی نەک کاری دووەمی. هاوکات باسی لەوەشکردووە کە ئەو رێڕەوە ئاویەی کە لە غەزە درووستدەکرێت رێگە بە دابینکردنی دوو ملیۆن ژەمەخۆراکی رۆژانە بدات بۆ ئەوەی رەوانەی کەرتەکە بکرێت. گووتیشی، ئەمریکا دەیەوێت لەڕێگەی ئاسمان، وشکانیی و ئاوییەوە هاوکاریی و پێداویستی رەوانەی غەزە بکرێت.

رۆژنامە تورکییەکان

تورکیا

تورکیا عێراقێکى بێ تیرۆری دەوێت

دوێنى دوو فەرماندەى سوپا بە یاوەرى یەشار گولەر وەزیرى بەرگریی تورکیا بە مەبەستى بەدواداچوون بۆ ئاسایشیی سنوورەکان، سەردانى سنوورى نێوان عێراق و تورکیایان کرد، ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەى شاندى باڵاى تورکیا بۆ عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەى ئاسایشى نێوان هەردوو وڵات.
تورکیا عێراقێکى بێ تیرۆری دەوێت و خوازیارە چیتر لە خاکى عێراقەوە هێرش نەکرێتەسەرى.

میللییەت

لە نەورۆزدا گەشتیاری ئێرانى روو لە تورکیا دەکەن
چاوەڕێ دەکرێت لە جەژنى نەورۆزدا، ژمارەیەکى زۆر لە گەشتیارى ئێرانى سەردانى سەردانى تورکیا بکەن.
وابڕیارە یەکەم قافڵەى گەشتیاریی بۆ نەورۆز لە بەروارى 17ـى ئازار لە دەرگای سنوور ى کەپیکۆى لە پارێزگاى وانی باکوورى کوردستانەوە بێن.
پێشبینى دەکرێت ژمارەى ئەو گەشتیارە ئێرانییانەى سەردانى ئیستەنبوڵ، ئەنتاڵیا، وان و ناوچەى قەرەدەنیز دەکەن بگاتە 250 هەزار گەشتیار.

یەنى بیرلیک

شەڕی پەکەکە بەرامبەر بە هەناردەکردنی گازى سروشتیی عێراق تەوەری گفتوگۆکانی ئەمڕۆی شاندی عێراق و تورکیا دەبێت

ئۆنجو کێچەلى، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە دوا کۆبوونەوەى نێوان تورکیا و عێراق هەردوو وڵات هاوڕابوون لەسەر ئەوەى پەکەکە هەڕەشە و مەترسییە بۆ سەر هەردوو وڵات.
ئەو بەرپرسە گوتیشی، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا لە بەغداد وابڕیارە گفتوگۆ لەسەر هەناردەکردنى گازى سروشتی عێراق لە رێگەى تورکیاوە بۆ ئەوروپا بکرێت.

سۆزجو

خانەنشینان لە نۆرەى کڕینی گۆشتی هەرزاندا پەرێشان بوون
لەگەڵ داشکاندنى نرخى گۆشت لە هەندێ مارکێتەکانى ئەنقەرە، خانەنشینان روویان لە مارکێتەکان کرد، وادیارە چەند مانگێکە بەهۆى گرانی نرخەکەیەوە، گۆشتیان نەخواردووە.
قەرەباڵخى نۆرەى خانەنشیان بۆ گۆشتى هەرزان دیمەنێکى ناخ هەژێنە، ئەم دیمەنە لە هیچ پایتەختى وڵاتێکى دیکەدا نییە.

رۆژنامە فارسییەکان

ئەبرار

هەژمارى تازەى خامنەیی لە ئینستاگرام دروست کرا

مانگی رابردوو کۆمپانیای مێتا هەژمارى ئینستگرامی خامنەیی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن و 100 هەزار فۆڵۆوەرەوە بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە بلۆککرد.
دوای ئەوەی مێتا بە بیانووی بڵاوکردنەوەی بابەتی نەشیاو ئامادە نەبوو هەژمارەکە بکاتەوە، نووسینگەی پاراستن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی خامنەیی، هەژمارێکى تازەى لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام کردەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی.

قودس

هەناردەکردنی بەرهەمى بەرگریی ئێران پێنج هێندە زیادیکردووە

وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، هەناردەکردنی بەرهەمى بەرگریی وڵاتەکەى بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو چوار بۆ پێنج هێندە زیادیکردووە.
گوتیشی، لە داهاتوودا ئەم هەناردەکردنە زیاتریش دەکات بەهۆی ئەو داهێنانانەی ئێمە بەدوایاندا دەگەڕێین، بۆ نموونە هەڵدانی مانگی دەستکردی سیمۆرغ سەرکەوتنێکی گەورە بوو چالاکییەکانمان لەو بوارەدا فراوانتر دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بزوێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروست دەکات و ئێمە توانای خۆبژێویمان لەوبوارە بەدەستهێناوە، هەروەها کار لەسەر بزوێنەری قورستر بۆ فڕۆکە دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین خۆبژێوی بەدەست بهێنین.


ئەفکار

لەمساڵدا زیاتر لە 1,700 راوچی نایاسایی لە ئێران دەستگیرکراون

فەرماندەی یەکەی پاراستنی رێکخراوی ژینگەى ئێران رایگەیاند، لەمساڵدا زیاتر لە هەزار و 700 راوچی نایاسایی دەستگیرکراون.
عەقید جەمشید موحەبەت خانی، لەبارەى ئامارەکانى راوکردنی ماسی لە ماوەی یەک ساڵدا رایگەیاند، راوکردنی نایاسایی ئاژەڵە ئاوییەکان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی لەسەدا هەشت زیادی کردووە و لە 51 هەزار حاڵەت گەیشتووەتە 55 هەزار.
هەروەها ئەمساڵ شەش هەزار حاڵەتی راوکردنی نایاسایی باڵندە دۆزرایەوە کە هەمان حاڵەتی ساڵی رابردووە، بەڵام کوشتنی ئاژەڵی کێوی بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر بووە.

جمهوری ئیسلامی

ئەمریکا باری نائاسایی لە دژی ئێران درێژکردەوە

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا بۆ کۆنگرێس، باری نائاسایی نیشتمانی لە دژی ئێران درێژکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە “کار و سیاسەتەکانی ئێران بەردەوامە و هەڕەشەیەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووری ئەمریکا دروست دەکات” بۆیەش هەڵوێستی پێشوومان بۆ ساڵێکی دیکە درێژکرایەوە.
بەگوێرەی پەیامەکەی بایدن، باری نائاسایی نیشتمانی ئەمریکا لە دژی ئێران کە بۆیەکەمجار لە ساڵی 1995 راگەیەندرا، تا مانگی ئازاری 2025 بەردەوام دەبێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button