پوتین بۆ وڵاتانی رۆژئاوا: روسیا ئامادەیە بۆ جەنگی ئەتۆمی

 زووم:

ڤلادمێر پوتین هۆشداری بە وڵاتانی رۆژئاوا دا کە روسیا لەڕووی تەکنیکیەوە ئامادەیە بۆ جەنگی ئەتۆمی، و جەختیکردەوە “ئەگەر ئەمریکا هێزی سەربازیی رەوانەی ئۆکراین بکات، دەبێتە پەرەسەندنێکی بەرچاوی ململانێکان.”

قسەکانی پوتین بەر لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی روسیایە کە بڕیارە لە 15 تا 17ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت کە هەر لە ئێستاوە یەکلاییبووەتەوە پوتین شەش ساڵی دیکە لە پۆستەکەیدادەمێنێتەوە.

پوتین لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی 1ـی روسی و ئاژانسی هەواڵی RAI روونیشیکردەوە، جەنگی ئەتۆمیی “سینارۆییەکی بەپەلە و خێرا نەبووە” و پێی وایە پێویستی نەکردووە ئەو چەکە لە ئۆکراین بەکاربهێنێت.

لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا روسیا لە راستیدا و لەسەر ئەرزی واقیع ئامادەیە بۆ جەنگی ئەتۆمی؟ پوتین گوتی، “لەرووی تەکنیکیی سەربازییەوە، بەدڵنییاییەوە ئێمە ئامادەیین.”

گوتیشی، ئەمریکا لەوە تێگەیشتووە ئەگەر سوپای ئەمریکا لە ئۆکراین جێگیر بکات، روسیا ئەم جوڵە و هەنگاوە وەک دەستوەردان دەخوێنێتەوە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ئەمریکا هێندەی پێویست بکات کەسانی تایبەتمەند هەیە لە مەیدانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و روسیا و کار بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکان دەکەن، “بۆیە لەو باوەڕەدا نیم پەنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەتۆمی ببرێت، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە”.

هاوکات میخایلۆ پۆدۆلیاک کە بەرپرسێکی باڵای نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکراینە لە لێدوانێکدا بۆ رۆیتەرز هۆشدارییەکانی پوتینی سەبارەت بە ئامادەیی روسیا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بە پرۆپاگەندەکردن وەسفکرد کە “مەبەست لێی ترساندن و تۆقاندنی رۆژئاوایە”.

راشیگەیاند، ئەو جۆرە لێدوانانەی پوتین دەرخەری ئەوەن کە مەترسی دۆڕاندنی جەنگی هەیە.
ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جارێک رایگەیاندووە کە پلانی ئەوەی نییە سەرباز بۆ ئۆکراین بنێرێت، دووپاتیشیکردووەتەوە کە رازامەندی دەدات لەسەر بەردەوامیدان بەناردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ ئۆکراین بۆ پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتە و بەردەوامیدان بە جەنگ.

هەرچەندە تائێستا کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی لەبارەی هۆشدارییەکانی پوتین نەداوە بەڵام لە رابردوودا رایگەیاندووە، هیچ ئاماژەییەک نابینین کە روسیا ئامادەکاریی بکات بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی .

هەواڵی زیاتر

Back to top button