مالیکی: ئاساییە خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لەنێوان دوو کاندیدە سەرکەوتووەکە بەڕێوەبچێت

 زووم:

نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، لایەنەکان لە ھەوڵدان پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانى عێراق یەکلابکەنەوە، پێشى ئاساییە ئەگەر خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لەنێوان دوو کاندیدە سەرکەوتووەکە بەڕێوەبچێت.

نورى مالیکى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی عێراقی رایگەیاند، ھێزە سیاسییەکان مکوڕن لەسەرئەوەی کێشەی سەرۆکی پەرلەمان یەکلابکەنەوە.

مالیکی بۆچوونی خۆی لەبارەی شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک دەربڕی و گوتی، کارێکی ئاساییە خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لەنێوان دووکاندیدە سەرکەوتووەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام ھەندێک لایەن دەیانەوێت خولی یەکەم دووبارە بکرێتەوە و دەرگا بەڕووی کاندیدی نوێدا بکرێتەوە، بە تایبەت کە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ھیچ بەربەستێک بۆ ئەوبابەتە نییە.

پەرلەمانى عێراق لە 13ـى کانوونى دووەمى رابردوو هەڵبژاردنى بۆ سەرۆکى پەرلەمان ئەنجامدا و لە خولى یەکەمدا لەنێو پێنج کاندید هەریەکە لە شەعلان کرەییم کاندیدى حزبەکەى محەمەد حەلبووسى 152 دەنگ و سالم عیساوى کاندیدى خەمیس خەنجەر 97 دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆى ناڕەزایی فراکسیۆنە شیعەکان خولى دووەمى هەڵبژاردنەکە بەڕێوەنەچوو.

بەشێک لە لایەنە شیعەکان شەعلان کرەییم بە نیشاندانی لایەنگریی بۆ رژێمی سەدام حسێن تۆمەتباردەکەن، بەهۆی ئەوەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا پرسە و خەمباری بۆ لەسێدارەدانی سەدام دەربڕیوە.

ھەر بەوتەی مالیکی، دوو بۆچوون لەسەر کاتی ھەڵبژاردنی سەرۆکى پەرلەمان ھەیە، بۆچوونێک داوا دەکات لە دانیشتنی شەممەی داھاتوو پرۆسەکە بەرێوەبچێت، بۆچوونێکی دیکە پێیوایە دوابخرێت بۆ دانیشتنی دووشەممە، بۆئەوەی ھەلێک بدرێت بە لایەنە سوننەکان بگەنە رێککەتن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button