پوتین: زانایانی رووسی نزیکبوونەتەوە لە دروستکردنی ڤاکسینی شێرپەنجە

 

زووم:
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، زانایانی رووسی لە دروستکردنی ڤاکسینێک بۆ نەخۆشی شێرپەنجە نزیکبوونەتەوە و بەمزووانە بەردەست دەبێت بۆ بەکارهێنانی بۆ نەخۆشەکان.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز، پوتین لە کۆڕبەندێکی تایبەت بە تەکنەلۆجیای داهاتوو لە مۆسکۆ قسەی کردووە و گوتوویەتی، “زۆر نزیکبووینەتەوە لە درووستکردنی ئەوەی پێی دەوترێت ڤاکسینی شێرپەنجە و دەرمانی تازە بۆ بەهێزکردنی بەرگریی لەش بەرانبەر بە شێرپەنجە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هیوادارم بەمزووانە ئەم ڤاکسینە وەک شێوازی چارەسەریی تاکەکەسی بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنرێت.”

بەڵام پوتین وردەکاریی زیاتری نەخستووەتەڕوو کە ئاخۆ ئەو ڤاکسینە بۆ کام جۆر لە شێرپەنجە دروست دەکرێت، هەروەها چۆنیش کار دەکات.

ژمارەیەک لە وڵاتان و گەورە کۆمپانیاکانی جیهان لەئێستا کار لەسەر ڤاکسینی شێرپەنجە دەکەن، ساڵی رابردوو حکومەتی بەریتانیا رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئەڵمانی ” BioNTech” کرد بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی دەرمانی چارەسەری شێرپەنجە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button