چارەسەرى نەخۆشى زەهایمەر دەدۆزرێتەوە

چارەسەرەکە لە قۆناغى سەرەتادا پرۆسەى نەخۆشییەکە خاودەکاتەوە

لە داهێنانێکى نوێدا، دۆزینەوەی یەکەم دەرمان بۆ چارەسەری چوونەوەیەکی خانەکانی مێشک راگەیەندرا، کە هۆکاری سەرەکی نەخۆشی زەهایمەرە. پرۆسەى نەخۆشییەکە لە کەسانى بەتەمەندا خاودەکاتەوە.

ئەم پێشکەوتنە پزیشکییە کۆتایی بە چەندین دەیە لە شکست دەهێنێت و سەردەمێکی نوێی دروستکردنی دەرمان دەستپێدەکات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکە.

دۆزینەوەی یەکەم دەرمان بۆ چارەسەری چوونەوەیەکی خانەکانی مێشک راگەیەندرا

دەرمانەکە ناونراوە لێکانێماب، کاریگەرییەکی کەمی لەسەر نەخۆش هەیە و لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەدا کاردەکات، سەربارى ئەوەش وەک داهێنانێکى مێژووى دادەنرێت، لەبەرئەوەى چەندین دەیەیە تاقیکردنەوەکان ئەنجامى نەبووە، جگە لەم تاقیکردنەوەیە.

دەرمانەکە هێرشدەکاتە سەر ماددەیەکی چەسپێنەر (sticky ) کە بە ئامیلۆید ناسراوە. ئەم ماددەیە لە کەسانی توشبوو بە نەخۆشی زەهایمەر لە دەوروبەری خانە دەمارییەکانی مێشک (neurons) بەشێوەی تۆپەڵ کۆدەبنەوە.

سەنتەری توێژینەوەی زەهایمەر لە بەریتانیا دوای سەرکەوتنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، ئەم داهێنانە پزیشکییە بە هەنگاوێکی گرنگی بوارێکی پزیشکی دادەنێت.

پڕۆفیسۆر جۆن هاردی، یەکێکە لە توێژەرە پێشەنگەکانی جیهان، کە لە پشت تەواوی بیرۆکەی بە ئامانجگرتنی ئامیلۆیدە، کە 30 ساڵە لەو بوارەدا کاردەکات.

جۆن هاردی هەنگاوەکە بە “مێژوویی” ناودەبات و دەڵێت: “گەشبینم ئێمە سەرەتای چارەسەرەکانی زەهایمەر دەبینین”.

هەروەها پڕۆفیسۆر تارا سپایرێس جۆنز، لە زانکۆی ئیدینبرە رایگەیاند، ئەنجامەکان “دەستکەوتی گەورەن، چونکە ئێمە بۆ ماوەیەکی درێژ لە کاتی توێژینەوەکاندا رێژەی شکستی 100%مان بەدەستدەهێنا”.

ئێستا ئەو کەسانەی نەخۆشی زەهایمەریان هەیە، دەرمانی دیکەیان پێدەدرێت بۆ یارمەتیدانی راگرتنی نیشانەکانیان، بەڵام هیچیان رەوتی نەخۆشییەکە ناگۆڕن.

لێکانێماب دژەتەنێکە، وەک ئەوانەی، کە جەستە دروستیدەکات بۆ هێرشکردنە سەر ڤایرۆس یان بەکتریا، کە دروستکراوە بۆئەوەی بە سیستمی بەرگری لەش بڵێت ئامیلۆید لە مێشک پاک بکاتەوە.

ئامیلۆید پرۆتینێکە لە بۆشاییەکانی نێوان دەمارەکانی مێشکدا کۆدەبێتەوە و کلسی جیاواز دروستدەکات، کە یەکێکە لە نیشانەکانی نەخۆشی زەهایمەر.

دەرمانەکە چۆن کاردەکات؟

لە توێژینەوەکەدا تاقیکردنەوە لەسەر 1,795 نەخۆش کراوە، کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی زەهایمەردابوون و هەر دوو هەفتەجارێک دەرمانەکەیان پێدراوە.

نەخۆشییەکە بەردەوام بوو لە نەهێشتنی هێزی مێشکی خەڵک، بەڵام دابەزینی توانای مێشکی توشبوو بە زەهایمەر لە ماوەی 18 مانگی چارەسەرکردندا بە رێژەی یەک لەسەر چواری کاتی پێشتر خاوتر بووەوە.

ئێستا داتاکانی توێژینەوەکە لەلایەن ئەمریکاوە هەڵدەسەنگێندرێن، کە بەمنزیکانە بڕیار دەدەن، کە ئایا دەتوانرێت لێکانێماب پەسەندبکرێت بۆ بەکارهێنانی بەرفراوانتر. کۆمپانیاکانی دەرمانسازی (Eisai و Biogen) پلانیان هەیە ساڵی داهاتوو پرۆسەی پەسەندکردنەکە لە وڵاتانی دیکە دەستپێبکەن.

دەیڤید ئیسام، کە تەمەنی 78 ساڵە و خەڵکی شاری کێنتە لە بەریتانیا، وەک نەخۆشێک بەشداری لە توێژینەوە نێودەوڵەتییەکەدا کردووە.

دەیڤد ئیسام و هاوسەرەکەی، کە لە توێژینەوەکە بەشداریان کردووە
دەیڤد ئیسام و هاوسەرەکەی، کە لە توێژینەوەکە بەشداریان کردووە

بەهۆی نەخۆشی زەهایمەر، دەستبەرداری کارەکانی وەک وەستای تەختە ببوو. ئەو چیتر نەیدەتوانی لەبیری بێت چۆن کابینەیەک دروستبکات و ئامرازەکانی بەکاربهێنێت.

بەڵام شێریلی هاوسەری دەڵێت “ئەو پیاوەکەی جاران نییە، لە زۆربەی شتەکاندا پێویستی بە یارمەتی هەیە، یادەوەرییەکەی بە گشتی نزیکە لەوەی، کە بوونی نەبێت.” بەڵام ئاماژەی بەوەشداوە، دەرمانەکە هیوای بە خێزانەکەیان بەخشیوە.

دەیڤد گوتی، ئەگەر کەسێک بتوانێت زەهایمەر خاو بکاتەوە و لە کۆتاییدا هەمووی پێکەوە بوەستێنێت ئەوە شتێکی درەوشاوە دەبێت، زەهایمەر شتێکی ناخۆش و ترسناکە.

زیاتر لە 55 ملیۆن کەس لە جیهاندا وەک دەیڤد هەن و پێشبینی دەکرێت ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی زەهایمەر تا ساڵی 2050، 139 ملیۆن کەس تێپەڕێنێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button