لەپاش تۆفانی ئەقساوە، ئێران پلانێکی خێرای هەیە بۆ هەرەسپێهێنانی عێراق

رۆژنامە عەرەبییەکان

 

 

 

شەرقولئەوسەت

لەپاش تۆفانی ئەقساوە، ئێران پلانێکی خێرای هەیە بۆ هەرەسپێهێنانی عێراق

  • رۆژنامەکە راپۆرتێکى لەبارەى دۆسیە نهێنییەکانی دروستبوونی گرووپى مقاومەى ئیسلامی بڵاوکردووەتەوە و باس لە ئاڵوگۆڕپێكردنی شوێنی جوگرافیی کارکردنی گرووپەکەش دەکات و دەڵێت، هەندێکیان لە چەند شوێنێکی وادا دانراون بتوانن دەستیان بگات بە بنکە سەربازییەکانی نێو هەولێر و سوریا. ئەم کارانەی ئێران لەنێو ئەم گرووپانەدا دەرگای بۆ دروستبوونی ململانەی زۆر لەنێو سەرکردەعێراقییەکانی گرووپەکاندا کردووەتەوە.

 

 

قودسی عەرەبی

تەلئەبیب وەڵامی پێشنیاری ئاگربەستەکەی داوەتەوە و بەشی زۆری داواکارییەکانی حەماسی رەتکردۆتەوە.

مەترسیی رودانی قەسابخانەی خوێنڕشتن لە رەفح دەکرێت و بایدنیش دەڵێت وەڵامدانەوەکانی ئیسرائیل لە غەزە سنوریان تێپەڕاندووە.

  • سەرباری ئەوەی ئەمریکا رێگەی نەداوە ئیسرائیل بە بەکارهێنانی هێزی پیادە لەنێو رەفحدا کاری سەربازی ئەنجام بدات، بایدنیش گوتی کە ئیسرائیل لەم پەلامارانەیدا سنوری ئاسایی تێپەڕاندووە. رۆژنامەکە نووسییەتى، داگیرکەری ئیسرائیل درێژەی بە بۆردومانەکانی داوە چەندان کەسی “شەهید” کردوە، لە هەمان کاتدا بنیامین نەتانیاهۆ فەرمان بە سوپاکەی داوە پلانێکی سەربازی دابنێن بۆئەوەی مەدەنییەکانی سەر سنوری میسر بگوێزنەوە و دووریان بخەنەوە.
    لە هەمان کاتدا تەلئەبیب دەڵێت، وەڵامی خۆیی بۆ پێشنیارەکەی حەماس بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان ناردووە. بەڵام ئەوەی ئیسرائیل ناردوویەتی رەتکردنەوەی بەشێکی زۆری پێشنیارەکانی حەماسە بۆ ئاگربەست.

 

 

عەرەبی جەدید

پلانێکی دوولایەنە هەیە بۆ چۆڵکردنی رەفەح و پاشان پەلاماردانی

  • نەتانیاهۆ داوای کردووە پلانێک دابنرێت بۆ دوررخستنەوەی هاوڵاتییە فەلەستینییەکانی ناو رەفەح، بۆئەوەی پاش ئەوە دەستی سوپای ئیسرائیل بکرێتەوە بۆ لەناوبردنی کەتیبەکانی حەماس لەو ناوچەیە.
    رۆژنامەکە دەڵێت، بایدن گوتویەتی کردە سەربازییەکانی ئیسرائیل سنوریان تێپەڕاندووە و هەر خودی بایدنیش توانیویەتی سیسی قەناعەت پێبهێنێت بۆئەوەی راڕەوی رەفەح دانەخات و بیکاتەوە.
    ئەو راپۆرتەی لە عەرەبی جەدیددا لەسەر ئەم کەیسە هاتووە دەڵێت دیدارەکەی ناو ریاز لەسەر کەیسی فەلەستین درێژەی هەیە، دەیانەوێت چەند هەنگاوێکی کرداری بۆئەوە دابنێن، کاربگات بە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان و ئیتر پەشیمانبونەوەشی تیادا نەبێت.

 

 

 

عەرەب

لەئاستی عەرەبیدا نیگەرانییەک لەوە هەیە کایەی ململانەکە فراوان ببێتەوە، لەناوخۆدا بگات بە ناو میسر یان هەموو هەرێمەکە بگرێتەوە

  • کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان لەسەر هەڵکشانەکانی جەنگی غەزە بەڕێوەچو و هەموو گومانیان لەوە هەبوو بازنەی جەنگەکە فراوان ببێتەوە. میسر زۆربوونی شەپۆلی پەنابەرەکان بەڕووی خاکەکانی ئەودا وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ دەبینێت، پێشیوایە نیازێک هەیە شەڕ و ململانەکان بگەیەنرێن بە ئاستێکی هەرێمایەتی، ئەوەتا دەبینین ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە چەند بنکەیەکی سەربازی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەدەن لەنێو عێراق و سوریا و یەمەندا.

 

 

 

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 

 

دەیلی تەلەگراف

کۆمپانیا بەریتانییەکان دەستبەرداری کرێکارە بەریتانییەکان دەبن

  • کۆمپانیا بەریتانییەکان بێزاربوون لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کرێکارانی ناوخۆی وڵاتەکەیان و ئێستا بەدوای خەڵکی دەرەوەی وڵاتەکەیاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بۆشاییەکانی دەرفەتی کاریان پڕبکەنەوە.
    لەماوەی دووساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی خۆیان تۆمارکردووە بۆ سپۆنسەرکردنی کرێکارانی بەریتانی دوو هێندە بووە. ئەمەش لەکاتێکدایە سەدان هەزار کرێکاریی بەریتانیی کارەکانیان جێدەهێڵن.

 

 

 

گاردیەن

ترسی خوێنڕێژی رووی لەزیادبوونە لەکاتێکدا ئیسرائیل خۆی بۆ داگیرکردنی رەفەح ئامادە دەکات

  • دوێنێ ئیسرائیل خۆی نزیکتر کردەوە بۆئەوەی هێرشێکی زەمینی بەرفراوان بکاتە سەر ناوچەی رەفەح لە باشووری کەرتی غەزە. ئەمەش دوای ئەوە هات بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە سەرکردە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد پلانێکی دابنێن بۆ راگواستنی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە. هەرچەندە بەردەوام هۆشداریی دەدرێت لەبارەی ئەو هێرشە کە ژیانی 1.3 ملیۆن فەلەستینی دەخاتە مەترسییەوە، بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل سوورن لەسەر ئەوەی پێشڕەویی لەو ناوچەیەدا بکەن.

 

 

 

 


واشنتن پۆست

لە کۆمپانیای مێتا گفتوگۆ لەبارەی ئەوەی ‘زایۆنی’ وشەیەکی هەڵگری رقە بەڕێوەدەچێت

  • کۆمپانیای مێتا، کە خاوەندارێتیی هەریەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی فەسیبوک، ئینستاگرام و واتسئاپ دەکات، تاوتووێی پرسێک دەکات بۆ ئەوەی زۆر بەتووندی ئەو پۆستانەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بسڕنەوە کە وشەی زایۆنی تێدابێت.
    ئەمەش وەک هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو رقەی بەرامبەر بە جووەکان لە جیهاندا درووستبووە.

 

 

 

 

عەرەب نیوز

پوتین دەڵێت تێکشکاندنی روسیا لە ئۆکراین شتێکی مەحاڵە

  • لە چاوپێکەوتنێکی تازەیدا لەگەڵ تەکەر کارڵسۆن، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی ئەمریکی، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، رایگەیاند، دەبێت رۆژئاوا تێبگات شتێکی مەحاڵە بتوانن سوپای وڵاتەکەی لە ئۆکراین تێکبشکێنن. ئەم چاوپێکەوتنە دوو-کاتژمێرییە لەگەڵ میدیایەکی رۆژئاوادا یەکەم جارە لەدوای ساڵی 2019ەوە.

 

 

 

 

 

رۆژنامە تورکییەکان

 

 

 

جمهورییەت

دەمیرتاش داوایەک ئاڕاستەی پارتە سیاسییەکان دەکات

  • سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە گرتوخانەی ئەدرنەوە رایگەیاند، پێویستە دەم پارتی دیدارەکانی لەگەڵ تەواوی پارتە سیاسییەکاندا درێژە پێبدات.
    دەمیرتاش دەڵێت، بوونی گفتوگۆ لەگەڵ تەواوی پارتەکان بە گرنگ دەزانم تەنانەت لەنێوان دەم پارتی و ئاک پارتیشدا پێویستە گفتوگۆ هەبێت.
    ئەم لێدوانەی دەمیرتاش هاوکات بوو لەگەڵ ئاشکراکردنی کاندیدی دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ.

 

 

 

قەرار

عەلی بابەجان: حکومەت ناتوانێت هەڵئاوسان کەمبکاتەوە

  • عەلی بابەجان، سەرۆکی گشتیی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی رایگەیاند، تادێت هەڵاوسان لە تورکیا زیاتر دەبێت، ئەم نادادپەروەییە هەتاکەی درێژەی دەبێت. فەرموون با ئەردۆغان فەرمان بدات بە بەرپرسان تاکوو هەڵاوسان کەمبکەنەوە.
    بابەجان دەپرسێت، تائێستا لێقەوماوانی بومەلەرزەمە لە خەیمە و کۆنتەینەردا دەژین. کوا ئەو گفتەکەی ئەردۆغان بە پێدانی 319 یەکەی نیشتەجێ بوون.

 

 

ئەکشام

پەکەکە داوای سیستمی بەرگریی دەکات

  • مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ئەمریکا یەک لە هاوپەیمانە بەهێزەکەمانە. داوامان کردووە بۆ پاراستی ناوچەکە سیستمی بەرگریی ئاسمانیمان پێبدەن.

 

 

 

میللەت

تادێت ژینگەی ئیستەبوڵ پیستر دەبێت

  • ژینکەی ئەستەنبوڵ هەموو ساڵێک پیستر دەبێت لەساڵی رابردووتر
    لەهەندێک ناوچەدا پێویست دەکات مرۆڤەکان ماسک ببەستن بەهۆی زۆری ئۆتومبێل و قەرەباڵخی ترافیکەوە.
    هەوای ئیستەنبوڵ بە بەراورد لەکەڵ ساڵی رابردوو سەدا سێ پیستر بووە ساڵی رابردوو لەناوچەی گۆزتەپە 222 رۆژ هەوای پیس بووە بە ئەندازەی ئەوەی مرۆڤ توشی نەخۆشی بکات.
    شارەزایان رێنوویی دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەکەن کە ترافیکی زۆر لەسەرە و قەرەباڵەخە ماسک ببەستن بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button