عێراق.. بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی %40ی کەمیکردووە

زووم:

 رۆژنامە عەرەبییەکان

سەباح

عێراق.. بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی %40ی کەمیکردووە

کۆمپانیای سێمێنسی ئەڵمانی کە یەکێکە لە گەورە کۆمپانیاکانی بواری وزە، لە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیردا لەبارەی رەوشی کارەبا لە عێراق دەڵێت، ئەو بڕە کارەبایەی لە عێراق بەرهەمدێت پێوستییەکانی وڵاتەکە بۆ کارەبا پڕناکاتەوە، بەتایبەت لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی کارەبای نیشتمانی بەڕێژەی %40.

ئەلعەرەب

هۆشدارییەکانی ئەمریکا.. مالیکی خۆی رادەست دەکات یان نێوەندگیرە

 

کۆبوونەوەکەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد ئەو پرسیارەی وروژاند کە ئایا مالیکی خۆی وەک نێوەندگیرێک لە نێوان واشنتن و گرووپە چەکدارەکانی ئێران پێشکەشکردووە یاخود خۆی رادەستی ئاگادارکردنەوەکانی ئەمریکا کردووە، بەتایبەت کە هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند دەکات لەسەر کردنەئامانجی هێزەکانی لە عێراق، کە بە بۆچوونی چاودێران، مالیکی لەبەر ژمارەیەک هۆکار لە ئەگەری دووەمەوە نزیکە.

شەرقولئەوسەت

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بەرمیلێک بارووتە

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بەرمیلێک بارووتە کە خەریکە دەتەقێتەوە، دەشڵێت، پێویستە کار بکەن بۆ بەرگرتن لە فراوانبوونی ئاگری گرژییەکان لە سەرجەم ناوچەکە.

عەرەبی ئەلجەدید

مەکگۆرگ دێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی بڵاوکردەوە، هەفتەی داهاتوو برێت مەکگۆرگ، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی میسر و قەتەر دەکات و بەشداریی لە دانوستانەکانی تایبەت بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان دەکات.

 

  رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

 گاردیەن

بەهۆی ئاسانکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزای بەریتانیا، کۆیلایەتی مۆدێرن لەو وڵاتەدا لە کەرتی چاودێریی کۆمەڵایەتی رووی لەزیادبوونە

کۆیلایەتی مۆدێرن لە کەرتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی بەریتانیا رووی لە زیادبووندایە، ئەمەش دوای ئەوە دێت وەزیرانی بەریتانیا بۆ پڕکردنەوەی هەزاران هەلی کار لەو وڵاتەدا رێکارەکانی کۆچکردنیان ئاسانتر کرد، خاوەن کارەکان قۆڵی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی بڕیوە یان ناچارکراون لە شوێنێ زۆر خراپدا بژین.

واشنتن پۆست

حاکمی ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریکا دوای دۆڕانی لە ‌هەڵبژاردنی بەرایی سەرۆکایەتی، پشتیوانیی دۆناڵد ترەمپ دەکات

حاکمی ویلایەتی فلۆریدا، رۆنت دیسانتس، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی بەرایی سەرۆکایەتیدا نەیتوانی متمانەی دەنگی کۆمارییەکان لەبەرامبەر دۆناڵد ترەمپدا بەدەستبهێنێت، لە ئێستادا لە خواستی کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە کشاوەتەوە و پشتیوانی خۆی بۆ رکابەرەکەی پێشووی کە ترەمپە، دەردەبڕێت. ئەمەش لەکاتێکدایە ترەمپ پێشتر بەردەوام هێرشی دەکردە سەری.

ئۆرشەلیم پۆست

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: وڵاتەکەم بەمانای کەلیمە داواکارییەکانی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان رەتدەکاتەوە

ئیسرئیل بە هەموو شێوەیەک داوای حەماس بۆ کۆتاییهێنانی هەڵمەتە سەربازییەکەی لە غەزە، وەک پێشمەرجی ئازادکردنی بارمتەکان رەتدەکاتەوە، ئەمە داوایین گوتەی بنیامین ناتانیاهۆ بوو کە شەوی رابردوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بڵاویکردەوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ئێستا 110 بارمتەیان ئازادکردووە و پابەندیشن بە ئازادکردنی هەموو ئەوانەی کە لای حەماس ماون.

عەرەب نیوز

بەریتانیا دەڵێت، دژایەتیکردنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆوە “نائومێدکەرن”

گرانت شاپز، وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، دژایەتیکردنی سەروەریی بۆ فەلەستینییەکان “نائومێدکەرن.” ئەم گوتەیەی وەزیری بەرگری دوای ئەوە دێت نزیکەی 9000 خۆپیشاندەر لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا گردبوونەوە و داوای کۆتاییهاتنی هێرشەکانی ئیسرائیلیان دەکرد بۆسەر غەزە.

 

 رۆژنامە تورکییەکان

حوڕییەت

حکومەتی تورکیا سیاسەتى ئاژەڵداری چوار مانگى راگەیاند

 

ئیبرایم یوماکڵى، وەزیرى کشتوکاڵ رایگەیاندووە: تەنها بۆ دەوڵەت رێگەپێدراوە بازرگانى ئاژەڵدارى بکات و ئاژەڵ لە وڵاتانى دەرەوە هاوردە بکات. ئەو ئاژەڵانەى هاوردە دەکرێن تاوەکو چوار مانگ کڕین و فرۆشتنیان پێوەناکرێت بۆئەوەى رێگریی بکرێت لە بەرزبونەوەى نرخى گۆشت لەو وڵاتە.

میللیەت

جارێکی دیکە گرووپە چەکدارەکانی نزیک ئێران هێرشیان کردە سەر ئەمریکا

هێزە چەکدارەکانى سەر بە ئێران بە رۆکێت هێرشیان کردە سەر بنکەى عەین ئەسەد کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بەکاردەهێنرێت.

ناوەندى فەرماندەى ئەمریکا رایگەیاندووە، بەهۆى هێرشەکەوە زیان بە بنکە سەربازییەکە کەوتووە و ژمارەیەکى زۆر لە سەربازەکانیان تووشی زەبری دەروونی بوون.

ئەوەشى راگەیاندووە، لەکاتى هێرشەکەدا زۆرێک لە رۆکێتەکان لە ئاسماندا پوچەڵ کراونەتەوە.

سۆزجو

لە باکوورى کوردستان هێزە ئەمنییەکان وەک دەنگدەر نیشان دەدرێن

سەزگین تانریقوڵو، پارلەمانتارى جەهەپە تانەى لە هەبونى دوو هەزار و 790 دەنگدەرى هێزى ئەمنی لە ئامەد کردووە کە پیشتر ناویان نەبووە. هاوکات بەرێوەبەرى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنى پارێزگاکە، تانەکەى ئەو پارلەمانتارەى رەتکردووەتەوە بەپاساوى ئەوەى ئەو هێزانە بەمەبەستى چاودێریی ئەمنی جێگیرکراون.

جمهورییەت

لەمەودوا سوکایەتی پێکردنیش سزاى زیندانى لەسەر دەبێت

یەڵماز تونج، وەزیرى دادى تورکیا رایگەیاند، لە کۆتایی مانگى شوبات هەمووارکردنەوەى چەند یاسایەک بە پاکێجێکى هەشت بڕگەیی لە پارلەمانى ئەو وڵاتە دەنگى لەسەر دەدرێت. بەگوێرەى پاکێجەکە لەمەودوا سوکایەتی پێکردنیش سزاى زیندانى لەسەر دەبێت

 رۆژنامە فارسییەکان

ئەبرار

ئێران دەڵێت؛ نەوتی نەوتهەڵگرە ئەمریکاییەکە هی ئێمە بوو!!

فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران ڕایگەیاند، ئەو نەوتەی لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئەمریکادا بوو، هی ئێران و گەلەکەی بوو. ئەمریکاییەکان لە کردەوەیەکی ناجوامێرانەدا دەستیان بەسەر نەوتی ئێمەدا گرت و ئێمەش بە ئاشکرا نەوتهەڵگرەکەمان ڕاگرت.

کەیهان

رەزامەندی بۆ هەزار کاندیدی دیکە دەرچوو، تەنووری هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران گەرمتر دەبێ

گوتەبێژی ئەنجومەنی پاسەوانی ڕایگەیاند؛ سەرەڕای تێپەڕێنی وادەی تاوتوێکردنی پرسی شایستەیی کاندیدەکان، زیاتر لە هەزار کاندید دوای دەربڕینی ناڕەزایەتییان بە بڕیاری شورا، رەزامەندییان لەسەر درا.

تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاسەوانی گوتی؛ ڕەوتی پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی ئەنجومەنەکە درێژەی هەیە و هەر کاندیدێک تانەی لە بڕیارەکانی ئەنجومەن هەیە دەتوانێت ناڕەزایەتی دەرببڕێت و لەوە دەچێت ژمارەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمان زیاتر بێت، تا ئێستا زیاتر لە 12000 کاندید رەزامەنییان لەسەر درا.

شەرق

ڕەخنەگرانی دەوڵەت لە ڕیزی کاندیدە رەتکراوەکاندان

سەرەڕای رەزامەندی هەزار کاندیدی دیکە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ئێران لەلایەن ئەنجومەنی پاسەوانییەوە، دیسان ڕەخنەگرانی دەوڵەت لە ریزی رەتکراوەکاندان.

لەم کاتەنەدا و بۆ بازارگەرمیی هەڵبژاردنەکانیش بووایە، دەبوو ئەنجوومەنی پاسەوانی بەشێک لە ریفۆرمخوازان و ڕەخنەگرانی دەوڵەتیشی قبووڵبکردایە.

بەڵام وا دیارە هەموو هەوڵەکە بۆ ئەوەیە پەرلەمانی داهاتوو یەکدەست و یەکدەنگ بێت، بۆیە ریفۆرمخوازان و ڕەخنەگران قبووڵ ناکرێن.

جەوان

دوای تەقینەوەکانی کرمان، 10 تیمی تێرۆریستی هەڵوەشێنراونەتەوە

جێگری ئاسایشی وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند؛ دوای تەقینەوەکانی کرمان لە لایەن داعشەوە، 10 تیمی دیکەی تێرۆریستی دۆزراونەتەوە و هەڵوەشێنراونەتەوە.

مەجید میرئەحمەدی، جێگری ئاسایشی وەزارەتی نێوخۆ گوتی؛ تیمە تێرۆریستەکان کە ئامانجیان کاری تێرۆریستی و رفاندنی بەرپرسانی سەربازی و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، سەر بە داعش بوون و لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتیوانیان لێ کراوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button