تورکیا و یۆنان لە دوژمنایەتییەوە بۆ دۆستایەتی

زووم:

لە 2023 تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ یۆنان ئاساییکردەوە، ئەمەش لە روانگەی بازرگانی و دیپلۆماسییەوە بۆ تورکیا گرنگیی خۆی هەیە.

سەرەتای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان دەگەڕێتەوە بۆ بوومەلەرزەکەی شوباتی 2023ی باکووری کوردستان و تورکیا، ئەوکات یۆنان وەک هەڵوێستێکی مرۆیی، تیمێکی فریاگوزاریی ناردە تورکیا.

کاتێک لە هاوینی 2023 دارستانەکانی ئەسینا سوتان، تورکیاش بە ناردنی دوو فڕۆکە و دوو هەلیکۆپتەر و تیمێکی 60 کەسیی ئاگرکوژاندنەوە، هاوکاریی یۆنانی کرد.

ئەگەر زیاتر بگەڕێینەوە، ساڵی 2016 لە پارێزگای ئیزمیر چوارەمین لوتکەی باڵای هەماهەنگیی نێوان تورکیا – یۆنان سازکرا، هەریەک لە ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا و ئەلێکسیس تسیپراس سەرۆکوەزیرانی پێشووی یۆنان بەشدارییان کرد، ئەمەش لاپەڕەیەکی نوێ بوو لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا و فۆڕمێکی فەرمیی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەخشی.

دواتر لە 2017 رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆککۆماری تورکیا بەفەرمی سەردانی یۆنانی کرد و لەگەڵ هاوتاکەیدا کۆبووەوە، سەردانەکەی ئەردۆغان، لەپاش 65 ساڵ، یەکەم سەردانی سەرۆککۆمارێکی تورکیا بوو بۆ یۆنان.

ئەوکات سەرۆککۆماری یۆنان پشتگیریی ئەسینای بۆ ئەندامبونی تەواوەتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا کرد.

بەم دواییە و لە  7 ی کانوونی یەکەمی 2023، لە چوارچێوەی پێنجەمین لوتکەی باڵای هەماهەنگیی تورکیا – یۆنان، ئەردۆغان بۆ جاری دووەم چووە ئەسینا و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆبووەوە و رێککەوتنێکی 10 خاڵیی ئابوورییان واژۆ کرد، رازیبوون ئاڵوگۆڕی ساڵانەی بازرگانیی نێوانیان بگەیەننە 10 ملیار دۆلار.

یۆنان ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە و یەکێکە لەو هەشت وڵاتەی سنووری وشکانی لەگەڵ تورکیا هەیە، تاکە دەوڵەتی یەکێتییەکەیە کە دراوسێی دەوڵەتی تورکیایە.

پێگەی یۆنان بۆ تورکیا جگە لە رووی ئابووری و جوگرافییەوە، بڕیارە دیپلۆماسییەکانیشی  لە یەکێتیی ئەوروپادا بۆ تورکیا گرنگە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button