مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێم بۆ سودانی: حکومەتی فیدڕاڵ مووچە دابەشبکات

زووم:

ئەمڕۆ نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەرێم لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەکرد کە سەرەکیترینیان خەرجکردنی مووچەکانیانە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە.

بە گوێرەى راگەیەنراوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم دوای کۆبوونەوەکە، داواکراوە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لەڕێگەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەگوێرەی بڕگەی ئەلف و با لە بەندی هەشت لە مادەی 13ی یاسای بودجە.

هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، داواکراوە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە بێت و لقی هەردوو بانکی رافیدەین و رەشیدیش لە هەرێمی کوردستان بکرێنەوە.

هەروەها داوای دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوە.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داواشیان کردووە رێگەچارەیەکی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات جەختیانکردووەتەوە، کە پێویستە حکومەتی هەرێم ناچار بکرێت کار بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ـی ساڵی 2014ی عێراق بکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button