مێژووی شەڕی ئەلیکترۆنیی نێوان ئێران و ئیسرائیل

لە دوێنێوە زیاتر لە نیوەی بەنزینخانەکانی ئێران لەکارکەوتوون

زووم:

تا ئێستا زیاتر لە نیوەی بەنزینخانەکانی ئێران، بەهۆی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئیسرائیلەوە کارناکەن، ئەمەش وایکردووە، شۆفێران ناچاربن لەبری بەنزینی حکومی، کە بە کارت وەریدەگرن و نرخەکەی هەرزانە، بەنزینی بازرگانی بکڕن، کە نرخەکەی 10 هێندەی بەنزینە حکومییەکەیە.

هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی رۆژی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر وێستگەکانی سوتەمەنی لە ئێران، پرسی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەی کردووەتەوە بە رۆژەڤ و دووبارە مێژووی هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر یەکتری باسیکرێنەوە.

شەڕی ئەلیکترۆنیی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە هاوینی 2010 و بە ئۆپەراسیۆنی “یارییەکانی ئۆڵۆمپیک”ی ئیسرائیل، پێینایە قۆناغێکی نوێ، کە تیایدا تەلئەبیب، بە ڤایرۆسی “ستاکس نێت”، کە بە هاوبەشیی ئیسرائیل و ئەمریکا پەرەی پێدرابوو، هێرشی کردە سەر بەشێک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە  گرنگترینیان وێستگەی ئەتۆمیی (نەتەنز) بوو، گرفتی گەورەی دروستکرد، نزیکەی 60 هەزار کۆمپیوتەر لە نزیکەی 14 دامەزراوەی ئەتۆمیدا بەر هێرشە ئەلیکترۆنییەکە کەوتن، بەو هۆیەوە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نزیکەی 3 ساڵ دواکەوت.

دواتر و لە بەهاری ساڵی 2011  دامودەزگا سەربازییەکانی ئێران ڤایرۆسێکیان بە ناوی “ستارز” لەسەر کۆمپیوتەرەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئاشکراکرد، کە بۆ چوونە ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و لەناوبردنیان داڕێژرابوو.

بەردەوامی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناچارکرد لە ساڵی 2017دا فەرمانی پێکهێنانی “ئەنجومەنی باڵای فەزای ئەلیکترۆنی” دەربکات.

لە ساڵی 2020یشدا تەقینەوەیەک لە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز بووە هۆی پچڕانی کارەبای دامەزراوەکانی تایبەت بە پیتاندن و لە ئەنجامدا هەزاران ئامێری پیتاندنی ئەتۆمی لەناوچوون، دواتر دەرکەوت، کە مۆسادی ئیسرائیلی لەڕێگەی هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە بووەتە هۆی تەقینەوە و پچڕانی کارەباکە.

هەروەها لە ئۆکتۆبەری 2021 هێرشێکی ئەلیکترۆنی بەنزینخانەکانی لە سەرانسەری ئێراندا لەکارخست، ئەم هێرشە لانیکەم چوار هەزار و 300  بەنزینخانەی ئێرانی کردە ئامانج، دوای دوو ساڵ لە هێرشەکە، کۆماری ئیسلامی ئیسرائیلی وەک ئەنجامدەری ئەو هێرشە دەستنیشان کرد.

وەڵامی ئێران بۆ هێرشە ئەلیکترۆنییەکان کەوتە ساڵی 2022ــەوە، کاتێک ئێران هێرشی ئەلیکترۆنیی بەرفراوانی بۆ سەر ماڵپەڕەکانی حکومەتی ئیسرائیل دەستپێکرد، دەسەڵاتی ئەلیکترۆنیی نیشتمانیی ئیسرائیل لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا باری نائاسایی ڕاگەیاند، ئەم هێرشە بە بەرفراوانترین هێرشی ئەلیکترۆنیی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ئیسرائیل دادەنرێت.

دواتر و لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی لەژێر فشاری توندی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێراندایە، بەڵام هیچ شتێکی دیکەی لەبارەوە ئاشکرا نەکرا.

کۆتا هێرشی ئەلیکترۆنیی نێوان هەردوولا، ئیسرائیل کردیە سەر بەنزینخانەکانی ئێران، کە بەهۆیەوە نزیکەی 60%یان لەکارکەوتن و گرفتی دابەشکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان دروستبوو.

هەواڵی زیاتر

Back to top button