کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم گەشبینن بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

دامەزراوەی پیشەسازی نەوتیی هەرێمی کوردستان (ئاپیکور) رایگەیاند گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەنگاوی ئەرێنین بۆ  بەرهەمهێنانی تەواوەتی و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری تورکیاوە. هاوکات چەند پێشەمەرجێکیش بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەخاتەڕوو.

دامەزراوەکە، کە پێکدێت لەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە سەرجەم ئەندامانی مەرجەکانیان بۆ پێش دەستپێکردنەوەی نەوت خستووەتەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندبوونی خۆیان بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ئەو پرسە بۆ بەرپرسانی هەرێم و عێراق باسکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە نوێنەر و ئەندامانی کۆمپانیاکان لەو دامەزراوەیەدا بۆ کۆبوونەوەکانی هەرێم و بەغدا بانگهێشت نەکراون و لە دەرەنجامەکانی ئاگادارنەکراونەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەندامانی دامەزراوەکە چەند پێشمەرجێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم خستووەتەڕوو کە ئەمانەن:

– هەر زیادکردنێک یان گۆڕانکارییەک لە رێککەوتنەکاندا هەبێت، دەبێت بە رەزامەندیی حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێم و ئاپیکور بێت.

– دەبێت دڵنیایی و گەرەنتی هەبێت لەبارەی پێدانی ئەو پارانەی کە لە رابردوودا وەکو قەرز لەسەر هەرێم ماونەتەوە و لەبارەی ئەو پارانەشی کە لەداهاتوودا بۆ هەناردەکردنەوەی هەرێم دەبێت بدرێن.

– هەر بڕە پارەیەکی دیکە لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە داهاتوودا دەبێت راستەوخۆ بدرێت بە کۆمپانیاکانی نەوت.

– مۆدێلی ئابوریی و رێککەوتنە بازرگانییەکانی ئێستای کۆمپانی ئەندامەکانی ئاپیکور دەبێت پارێزراوبێت.

لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەدا، ئاپیکور دەڵێت پابەند دەبن بە دەستبەجێ چارەسەرکردنی پرسی هاناردەی تەواوەتی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری تورکیاوە، کە ئەمەش سودی بۆ سەرجەم لایەنەکانی عێراق دەبێت.

دامەزراوەکە هۆشداریش دەدات کە بەمدۆخەی ئێستا، زەرەرەکان لە داهاتی گشتی روو لە زیادبوون دەکەن و دەگاتە زیاتر لە 7 ملیار دۆلار لەوکاتەوەی کە لە مانگی ئازارەوە هەناردەی نەوت راگیراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە حکومەتی عێراق بەهۆی جێبەجێنەکردنی پابەندبوونەکانی لە رێککەوتننامەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، رۆژانە بڕی 1 ملیۆن دۆلار سزادەدرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button