ئەردۆغان: تورکیا بکەن بە ئەندامى یەکێتى ئەوروپا رازى دەبم سوید ببێتە ئەندامى ناتۆ

زووم، ئاژانسەکان:

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە بەرامبەر پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا، پێویستە وڵاتانی ئەوروپا رێگە بۆ تورکیا بکەنەوە ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.

بڕیارە سبەینێ لوتکەی ناتۆ لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا دەستپێبکات و دوو رۆژ دەخایەنێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی ئەستەنبوڵ، بەرلەوەی بەرەو لیتوانیا بکەوێتەرێ بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتى، لەم کاتە گرنگەدا، بیروڕا لەبارەی پرسی بەرگری و ئاسایشی جۆگرافیای ناتۆ لە لیتوانیا دەگۆڕینەوە و بڕیاری گرنگ دەدەین. پێداچوونەوە بەو بڕیارانەماندا دەکەین کە لە لوتکەی مەدریدا داومانە سەبارەت بە بەهێزکردنی پێهاتەی بەرگری ناتۆ و پشتیوانی هاوبەشی ئوکراین.
ئەو گوتى، ئێمە پێمان وایە کۆتاییهێنان بە شەڕ دەتوانێت پرۆسەی ئەندامێتی ئوکراین لە ناتۆدا خێراتر بکات.
پێویستە رێگە بۆ تورکیا بکرێتەوە بۆ ئەندامێتیی لە یەکێتی ئەوروپادا

سەرۆککۆماری تورکیا باسی ئەوەشی کرد کە لە لوتکەی ناتۆدا باسی ئەو سزا، کوت و بەندانە دەکرێت کە هاوپەیمانەکان دەخەنە سەر تورکیا و داوا دەکرێت ئەو هەڵانە راست بەنەوە و گوتی، “پێشکەوتنی پرۆسەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە سێ قوڵیەی کە لەنێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژۆکراوە. لێرەشەوە دەڵێم کە سەرەتا وەرن رێگە بۆ ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی تورکیادا خۆش بکەن و دواتر ئێمەش هاوشێوەی فینلەندا، رێگە بۆ سوید خۆش دەکەین ببێتە ئەندامی ناتۆ.”

پرسی کڕینی فڕۆکەی ئێف16

رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها باسی لە پەیوەندی تەلەفونی نێوان خۆی و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش کرد و باسی ئەوەی کرد کە لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا باسی پرسی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف16 بە تورکیا کراوە و گوتی، ” بایدن پێی راگەیاندم کە هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ رادەستکردنی فڕۆکەی ئێف16 بە تورکیا دەدات. گوتى، لە لیتوانیا لەگەڵ بایدن کۆدەبمەوە و ئەم پرسە جارێکی دیکە تاوتوێ دەکەین، بەڵام گرێدانی پرسی فڕۆکەی ئێف16 بە پرسی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا، نیگەرانمان دەدات و هیوادارین کۆتایی ئەم پرسانە بەخێر بگەڕێتەوە.

دوای هێرشی روسیا بۆ سەر ئوکراین، سوید و فینلەندا لە کۆتایی ساڵی رابردوودا داواکاری ئەندامێتی ناتۆیان پێشکەش کرد، جگە لە هەنگاریا و تورکیا هەموو وڵاتانی ئەندام، داواکاریەکەیان پەسەند کرد. تورکیا رایگەیاند، تاوەکو لە رووی شەڕی دژی ‘تیرۆر’دا ئەو دوو وڵاتە پشتگیریی لێنەکەن، پرۆسەکە قبوڵ ناکات و بەو هۆیەوە لیستێکی پێشکەش بە فینلەندا و سوید کرد کە ناوی ژمارەیەک ئەندام و بەرپرسی پەکەکە، فەتحوڵلاچیەکان و پارتە کۆمۆنیست و چەپەکانی تورکیای تێیدا بوو و داوای رادەستکردنەوەیان کرد. فینلەندا زوو یاسای تیرۆری لە وڵاتەکەیدا هەموارکردەوە و تورکیای رازی کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا سوید داواکاریەکانی تورکیای جێبەجێ نەکردووە و کێشەی نێوان دوو وڵاتەکە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، زۆر رووداوی ئاڵۆز لە سوید روویاندا و چەندین جار قورئان سووتێندرا و خۆپیشاندان دژی تورکیا ئەنجامدرا و ئەو رووداوانەش پرۆسەی ئەندامێتی سویدیان لە ناتۆدا دوا خستووە. سوید هەوڵێکی زۆریدا کە بەرلە لوتکەی ناتۆ ئەندامێتی وڵاتەکەی لە رێکخراوەکەدا پەسەند بکرێت، بەڵام سوید کاتی نەماوە و دوو رۆژی دیکە لوتکەکە بەڕێوە دەچێت و بە قسەی بەرپرسانی تورکیابێت، پیناچێت لەم لوتکەیەی ناتۆدا سوید ببێتە ئەندامی رێکخراوەکە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button