سیتى و بەرشەلۆنە پلیتى قۆناغى 16 دەوێت و میلانیش بەدواى تۆڵەدا دەگەڕێت

زووم:

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و مانچستەر سیتی ئینگلیزى، هەوڵی سەرکەوتن بۆ قۆناغی شانزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەدەن، ئەوەش بە بردنەوە لە هەریەکە لە یانەکانى يۆنگ بۆيزى سويسري و شاختار دۆنيتسكى ئۆکرانى، هاوکات یانەى میلانی ئیتاڵیش بەدوای تۆڵەسەندنەوەو سەرکەوتندایە بەسەر پاریس سان جێرمان، کە لە گەڕى رابردوو بە سێ گۆڵ شکستی پێهێنا.

لە کۆمەڵەى حەوتەم و لەیاریگاى ئیتیحاد، یانەى سیتی لە گەڕى چوارەمى قۆناغى کۆمەڵەکان رووبەڕووى یۆنگ بۆیز دەبێتەوەو دەیەوێت بە بردنەوەى چوارەم لەسەر یەک بلیتى قۆناغە شانزەى خولە بە هێزەکەى یانەکانى ئەوروپا بەدەستبهێنێت.

پێشتر سیتی بردنەوەى بەرانبەر یانە سویسرییەکە لە یاریگاى خۆى بەدەستهێنابوو، ئەوەش بە ئەنجامى 3-1، لە گەڕى سێیەمى یارییەکانى قۆناغى کۆمەڵەکانى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا، کە هێرشەبەرى نەرویجى ئرلینگ هالاند لەو یارییە درەوشایەو دوو گۆڵی تۆمارکرد،

دوای بردنەوەشیان لە یۆنگ بۆیز لە گەڕى سێیەم، پیپ گواردیۆلاى ئیسپانى و راهێنەرى مان سیتى پەسنى تواناکانى هێرشبەرە نەرویجییەکەی کردو راشیگەیاند، پێویستە هەمیشە باش باشتر بێت، چونکە ئەو هێرشبەرێکى سەرسووڕهێنەرە.

ئێستا سیتی پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و بە سێ خاڵ پێش لایپزیگی ئەڵمانی کەوتووە، کە بە بردنەوەى لەیاری ئەم گەڕەدا بە تەواوى گەرەنتی سەرکەوتنی بۆ قۆناغی ١٦ دەکات.

هەر لە یارییەکانى قۆناغى کۆمەڵەکانى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا، لە کۆمەڵەی هەشتەمدا، بەرشەلۆنە هیواخوازە سەرکەوتنی چوارەم بەدەستبهێنێت، ئەوەش لەسەر حیسابی شاختار دۆنێسکی “خانەخوێ”، کە یارییەکانی لە یاریگای هامبۆرگ لە ئەڵمانیا ئەنجامدەدات، ئەوەش بەهۆی داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی.

یانە کەتەلۆنییەکە نایەوێت دەرفەتی سەرکەوتن بۆ قۆناغی 16 لەدەست بدات، کە لەدوای ساڵی 2021ەوە بۆ ئەو قۆناغە سەرنەکەوتووە، لەمشەویشدا ئەرکەکەى ئاسان نابێت.

بەرشەلۆنە بە کۆکردنەوەی نۆ خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و بە سێ خاڵ لە پێش پۆرتۆوەیە، کە بە بردنەوە لەمشەودا دەچێتە قۆناغی ١٦ و بلیتى قۆناغەکە مسۆگەر دەکات.

لە لایەکى تر، لە یاریگای سان سیرۆ، میلان هەوڵدەدات بە بردنەوە یەکێک لە بلیتەکانى یەکەم، یان دووەمى کۆمەڵەی شەشەم بەدەستبهێنێت، هەروەها دەیەوێت تۆڵە لەسان جێرمان بکاتەوە، کە لە پاریس بە ئەنجامی 3-0 لە گەڕى رابردوو لێیبردەوە، بەڵام ئەرکەکە ئاسان نابێت بۆ یاریزانەکانی ستیفانۆ پیۆلی ڕاهێنەر، کە لە هیچ کام لە چوار یاری ڕابردوویاندا لەخولى ناوخۆیی ئیتالیا سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە.

هاوشێوەی میلان، لازیۆی ئیتاڵیش بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا دەگەڕێت لە یانەی فاینۆردی هۆڵەندی، کاتێک لە کۆمەڵەی شەشەم میوانداری ئەو یانەیە دەکات، دوای ئەوەی لە گەڕى رابردوودا بە ئەنجامی 1-3 پێیدۆڕا.

فاینۆرد بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و تەنیا خاڵێک لەدوای ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانییەوەیە، کە میوانداری یانەی سێڵتیکی سکۆتلەندی دەکات، کە تەنیا خاڵێکى هەیە ، لازیۆش بە چوار خاڵ پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەى هەیە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button