ئایدۆلۆژیاى زایۆنیزم 

ئەم ماوەیە زاراوەى “زایۆنیزم” لە جەنگى نێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا زۆر بەرگوێ دەکەوێت. ئاخۆ مەبەست لە زایۆنیزم چیە؟ ئایا زاراوەکە چ جیاوازییەکى لەگەڵ زاراوەى جوولەکە یان ئیسرائیلدا هەیە؟

زایۆنیزم (Zionism)، ناوێکى تایبەتە بە نەتەوەپەرستی یان ناسیۆنالیزمى جوولەکە. واتە ئەو بزووتنەوە سیاسى و نەتەوەيیەى جووەکانە کە لە کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدە لەسەر دەستى چەند ئایدۆلۆژیستێکى جوو سەریهەڵدا لەپێناوى ئەوەى وڵاتێک بۆ جووەکان درووستبکرێت. زایۆنیزم، کە لە هەندێک زمانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا “سەهیۆنیزم”يشى پێ دەوترێت، لە وشەى “زایۆن” درووستکراوە. “زایۆن” ناوى تەپۆلکەیەکە لە ئۆرشەلیم یان ئەوەى وڵاتانى عەرەبى پێى دەڵێن “قودس”. ئەم تەپۆلکەیە، لە یادەوەریی جوولەکەکاندا شوێنى پشوودانى حەزرەتى داود بووە. وشەکە، وشەیەکى سیمبوڵى بووە بۆ ئەو جوگرافیا دێرینەى جوولەکەکان کە کاتى خۆى پێش زایین تێیدا ژیاون. لە کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدە، و بەدیاریکراوى لە وڵاتانى ئەورووپاى خۆرهەڵات، گرووپى جیاجیاى جوولەکە و کەسایەتیی ئاینى و نائاینى کەوتنە جموجووڵ بۆ برەودان بە زمانى عیبرى و بە کۆى ئەم گرووپانە دەوترا “عاشقانى زایۆنیزم”. یەکەمجار نوسەرێکى جوولەکەى نەمسایی بەناوى “ناتان بێرنباوم”، ئەم زاراوەیەى لە ساڵى ١٨٩٠ لە گۆڤارەکەى خۆیدا بەناوى “خۆ-ڕزگارکردن” بەکارهێنا. یەک لەو ڕاستییانەى بەردەوام لەمەڕ زایۆنیزم باسدەکرێت ئەوەیە کە زایۆنیزم، وەک ئایدۆلۆژیایەکى نەتەوەیی، بەڕووى ئەو دژایەتییەى جوولەکەدا هاتەئاراوە کە سەدان ساڵ بوو قڕدەکران. یەک لە زانا و سەرکۆمارە جوولەکەکان  بەناوى “حایم وایزمان” لەم بارەیەوە دەڵێت: “دژایەتیی جوولەکە، میکرۆبێکە چۆتى گیانى هەموو ئەو کەسانەوە کە جوولەکە نین”. دەشگوترێت فیکرى نەتەوەپەرستى لەپاش ڕووخانى ئیمپراتۆریەتە گەورە کلاسیکەکان، خزمەتى بە کۆکردنەوەى جووەکان کرد بیر لە وڵاتێکى سەربەخۆ بکەنەوە بۆ خۆیان.

زایۆنیزم، لەسەرەتاوە لە یەک گرووپ پێکنەدەهات و یەک بیروباوەڕى یەکسانیشى نەبوو. لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا، جۆرەها زایۆنیست هەبوون وەک: زایۆنیزمى گشتى، زایۆنیزمى ئاینى، زایۆنیزمى کرێکارى، زایۆنیزمى نۆژەنخواز و زایۆنیزمى سەوز. ئەم بزووتنەوە نەتەوەییە، پێش هەموو شتێک بیریان لەوە کردەوە لە جوگرافیا دێرینەکەى خۆیان کۆمەڵێک زەوى بکڕن و دواتر جوولەکەکانى جیهان بانگهێشتى ئەوێندەر بکەنەوە. ئەم پرۆسەیە نزیکەى پەنجا سالێکى خایاند، ئەویش لە ساڵى ١٨٩٧ـەوە تا ساڵى ١٩٤٨. بەر لەوە گرووپەکانى سەر بە “عاشقانى زایۆنیزم” لە ساڵى ١٨٨٤ یەکیانگرت و لە ساڵى ١٨٩٧ یەکەمین کۆنگرەى بەرفراوانى خۆیان بەست. سەرەتا هەندێک لە جوولەکەکان خۆیان گەیاندە ژێر دەسەڵاتى عوسمانییەکان و بڕێکیشیان خۆیان گەیاندە فەلەستین. دواى ئەم کۆچە، چاوەڕێ بوون لەڕووى نێودەوڵەتییەوە دەوڵەتێکیان بۆ درووستبکرێت و دانیان پیا بنرێت. هەر لە ساڵى ١٨٩١ـەوە، ئاڵاى ئەو دەوڵەتە کێشرابوو کە لە ساڵى ١٩٤٨ دامەزرێنرا.

لەناو بزووتنەوەى زایۆنیزمدا، کەسایەتییەک هەبوو بەناوى “تیۆدۆر هێرزل”. هێرزل، کە ڕۆژنامەوان و چالاکوانێکى سیاسیی نەمسایی-هەنگارى بوو، بە باوکى «زایۆنیزمى سیاسیی مۆدێرن» دادەنرێت. ئەم کەسایەتییە، سەرەتا “ڕێکخراوى جیهانیی زایۆنیزم”ـى دامەزراند. دامەزراندنەکە هاوکات بوو بە کۆنگرەکەى سوییسرا لە مانگى ئابى ١٨٩٧. ئەو لە نامیلکەکەى خۆیدا بەناوى “دەوڵەتى جوو”، بیروڕاى خۆى لەمەڕ وڵاتى داهاتووى ئیسرائیل ڕووندەکاتەوە و دەنوسێت: «من بڕوام وایە نەوەیەکى سەیر و سەرنجڕاکێش لە جوولەکە سەرهەڵدەدەن. مەکابییەکان کارێکى تر سەردەردەهێننەوە. درەفەتم بدەنێ قسەکانى سەرەتاى خۆم دووبارەبکەمەوە: ئەو جوولەکانەى ئارەزووى دەوڵەت دەکەن، دەستیان پێى دەگات». دواى ئەو کۆنگرەیەى ساڵى ١٨٩٧، پێنج کۆنگرەى ترى گەشەپێدانى فیکرى زایۆنیزم تا ساڵى ١٩٠٥ بەسترا. کەسایەتییەکى تر لە بزووتنەوەى زایۆنیزمدا، “داود بن گۆریۆن”ـە. ئەم پیاوە دواى جەنگى جیهانیی یەکەم، و شکانى دەوڵەتى عوسمانى، سەردانى فەلەستین دەکات. سەرەتا لە ڕیزى کرێکاراندا خەبات دەکات و دواییش خەبات بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل دەکات و بەشداریی لۆبییەکانى ئەمریکاش دەکات. گۆریۆن، هەر خۆى دەبێتە یەکەم سەرەک وەزیرانى ئیسرائیل.

سەرەنجام، زايۆنيزم دوو بۆچوونى سەرەکیی لەسەرە: یەکەمیان پێى‌وایە پرۆژەیەکى ڕەوا و شەرعیی جوولەکەکانە بۆ ئەوەى ئەوانیش وەک دەیان دەوڵەتى تر ببنە خاوەنى دەوڵەتى خۆیان. ئێمە بێجگە لەوەى کە ئایدۆلۆژیاى ناسیۆنالیزم خۆى لەسەر “دەوڵەت-نەتەوە” درووستبووە و دەبێت هەر نەتەوەیەک خاوەنى دەوڵەتى خۆى بێت. بۆچوونێکى ڕەخنەگرانەى تریش هەیە پێى‌وایە زایۆنیزم لەبنەڕەتەوە پرۆژەیەکى داگیرکارانەیە و خاکى خەڵکێکى ترى داگیرکردووە. ئەمڕۆ بەرهەمى زایۆنیزم، دەوڵەتى ئیسرائیلە کە دەوڵەتێکى بەهێزى سیاسى و ئابورییە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و جوولەکەکانى ناو دەوڵەتى ئیسرائیل، زۆرینەى دانیشتووان پێکدەهێنن بە ڕێژەى سەدا هەشتا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button