بۆچوونی دەمیرتاش لەبارەی شکستەکەی هەدەپە

زووم:

سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێت: بزووتنەوەی سیاسی دیموکراتی کورد، دوورە لە خوێندنەوەی دروستی گۆڕانکاری و دڵشکاوی نێو کۆمەڵگەی کوردی.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) گوتارێکی لەبارەی هۆکارەکانی کەمکردنەوەی دەنگی هەدەپە لەنێو کۆمەڵگەی کوردی بڵاوکردەوە، گوتارەکە بەم شێوەیەیە:

“پێویستە دۆخەکە زۆر بە باشی شیبکەینەوە و رێوشوێنی زیاتر بگرینە بەر، ماوەیەکی زۆر بوو زەنگەکە لێدرابوو، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش دوایین ئاگاداری بوو، رێگەی بێدەنگکردنی زەنگی ئاگادارکردنەوە و ژەنینی گۆرانی سەرکەوتن، لە رێگەی شیکارییەکی دروست و پراکتیزەکردنی دروستەوە دەبێت.

بە قۆناغێکی گرنگی هەڵبژاردندا تیپەڕین، گروپێک کە دەستی بەسەر دەوڵەتدا گرتووە، بەشێوەیەکی بێسنوور هەموو دەرفەتەکانی دەوڵەتی بەکارهێنا، بێ ئەوەی گوێ بە هیچ بەهایەکی ئەخلاقی بدات، بانگەشەیەکی گەورەی رەشکردنی بەرامبەری بەڕێوەبرد و یاری بە سندوقەکانی دەنگدان کرد.

بەڵام ئاسان دەبوو شکستی پارتەکەمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا تەنها بۆ ئەم هۆکارانە بگەڕێنینەوە.

لەسەر بنەمای پارێزگاکان و بازنەکانی هەڵبژاردن چاودێری ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیم کرد، دەنگەکانی پارتەکەمان لە 87 بازنەی هەڵبژاردندا کەمی کردووە، ناتوانین تەنیا لە نوسینێکدا بەتەواوی باسی هۆکاری ئەم پاشەکشێیە بکەین، پێویستە لەنێو پارتەکەدا گفتگۆی قوڵ و فراوان لەم بارەیەوە بکرێت، هەروەها راپۆرتی شیکاری مەیدانی و  زانستی لەم بارەیەوە ئەنجام بدرێن.

هەرچەندە من دەرفەتێکی زۆرم لەبەردەستدا نییە، بەڵام دەتوانم بەشێک لە بۆچوونەکانم بخەمەڕوو، ئەو بۆچوونانەی کە دەریدەبڕم لەسەر پرسی پراکتیکی وەک ستراتیژی و تاکتیکی هەڵبژاردن، حەز و ئارەزووی کاندیدەکان، توێژینەوەی مەیدانی نابێت، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی گشتیدا دەبێت.

سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکێک لە تایبەتمەندییە گەورەکانی بزووتنەوەی سیاسیی دیموکراتی کوردی ئەوەیە کە تەنیا پارتێکی هەڵبژاردن یان بزووتنەوەی هەڵبژاردن نییە، پارتێکە کە ساڵانێکە بەگوێرەی هەوڵدان بۆ چارەسەر، پرسی کورد و تێکۆشانی گەل و بزوتنەوەی گەل لە قاڵب دراوە  و بەو پێیە هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت.

سروشتی کارەکە بەم شێوەیەیە، بەڵام هەمان بزووتنەوە بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنێکا دەکات کە 63 ملیۆن کەس دەتوانن دەنگ بدەن و دەتوانێت ببێتە سێیەم فراکسیۆنی نێو پەرلەمان.

کاتێک لەم روانگەیەوە سەیری پرسەکە دەکەین، دەبینین لەگەڵ هەموو سەختیەکانیشدا پارتێک هەیە کە لەسەر پێ دەمێنێتەوە، پێویستە خاوەنداریکردنی گەل لە پارتەکە بەرز بنرخێنین.

بێگومان بۆ بزووتنەوەی سیاسی کورد، هەڵبژاردن پرسی هەبوون و نەبوون نییە، لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوو بێگومان گرنگە، بەڵام بزوتنەوەی سیاسی کوردی درەنگ لەم پرسە تێگەیشت، یاخود درەنگ هۆشی هاتەوە، بەڵام ئیدی لە ئاستێکی باڵادا کارلەکار ترازاوە.

پارتەکەمان، مانگێک بەرلە رۆژی هەڵبژاردن دەستی بە کارکردن بۆ هەڵبژاردن کرد، ئەمەش کارێکی نیوەناچڵ بوو وە کارێکی پەرشوبڵاوی ئەنجامدا.

بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە ساڵی 2014ەوە، واتە لەو کاتەوەی کە دەستیان بە پراکتیزەکردنی پلانی “چۆکدادان”ی کرد و تاوەکو ئێستا، بەتایبەتی لە پێنج ساڵی رابردوودا، بە شێوەیەکی ئەندازیاری جووڵایەوە.

دەسەڵات بە بەکارهێنانی دەرفەتەکانی دەوڵەت کە دەستی بەسەردا گرتبوو، دەستی بە توندوتیژی و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن کرد و دیسانەوە بە بەکارهێنانی هەمان ئامرازەکان پڕوپاگەندەیەکی بێ پچڕانی قێزەونی بۆ راگرتنی جەماوەرەکەی ئەنجامدا.

دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، لەژێر ناوی خۆماڵیبوون و نەتەوەییبوونەوە، تورکبوونێکی ئاکەپەییان بنیات  نا دەیان کەناڵی تەلەڤزیۆنی بەکارهێنا.

لە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانەوە کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی مێژوویی شێوێنراو بەرهەم هێنراون تاوەکو چیرۆکی قارەمانانە کە زیادەڕەوی تێیاندا کراوە، تا دەگاتە چالاکیی تەریقەتەکان، لە مەگەزینەکان و بەرنامەی ژنانەوە تا بەرنامەی گفتوگۆی ئایینی، لە سیستمی قوتابخانەکانەوە تا بەرنامەی هەواڵی، لە ریکلامەکانی سەر شەقامەکانەوە تاوەکو بواری موسیقا، هەموو بوارێکی چەندین ساڵە بەکارهێنا. هەوڵیدا مرۆڤێکی نوێ دروست بکات.

بەم کارە داڕوخانێکی کلتورییان خوڵقاند و جەماوەرێکیان دروست کرد کە نادادپەروەری، دزی، گەندەڵی، ستەم و بوختان وەک مەرجەکانی ئیسلام ببینن، هەروەها بەشێک لە ئەندامانی ئەم چینە هەندێک جار لە شەقامەکانیشدا ریپۆرتاژ ئەنجام دەدەن.

هەوڵیاندا ئەم چینەی کە باسم کرد لەنێو گەڕەکەکاندا بهێڵنەوە، بە بەکارهێنانی دەرفەتەکانی دەوڵەت گەڕەکەکانیان بەم شێوەیە کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام ئەو کەسانەی لە گەڕەکەکانی دیکە دەژیان وەک تیرۆریست ناسێنران، ئامانجیان ئەوە بوو کە دەنگی کەسانی گەڕەکەکانی دیکە نەگاتە ئەو کەسانەی کە لە گەڕەکەکانی ئەواندا دەژین.

لە کاتێکدا کە دۆخەکە بەم شێوەیە و دەتانەوێت لە وڵاتێکدا کە 63 ملیۆن دەنگدەر هەیە، %15ی دەنگەکان بە دەست بهێنن و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا %50ی دەنگەکان تێپەڕێنن، ناتوانیت بە رێبازێکی ناپیشەیی و ناپرۆفیشناڵ، هاوشێوەی کارکردن بۆ هەڵبژاردنی کۆمەڵەیەکی ناوخۆیی کە مانگێک پێش هەڵبژاردن دەست بە کاروباری هەڵبژاردن دەکرێت، سەرکەوتوو بیت.

بەم بۆنەیەوە دەمەوێت هەندێک بابەت روون بکەمەوە، لەم پێنج ساڵەی دواییدا، نامە بۆ ناوەندی گشتی هەدەپە دەنێرم، پەیام و گوتار دەنێرم و دەمەوێت تێیان بگەیەنم، بەڵام گوێی لێناگیرێت.

زۆر رووداو هەیە و لەم بڕوایەدام کە بە باشی گەل تێناگەیەندرێت و بۆیەش هەوڵ دەدەم خۆم دامەزراوەکان بەڕێوە ببەم، بەڵام زۆربەی کات دامەزراوەکانمان کار ناکەن.

هەندێک کەس تێنەگەیشتن، بەلام لە 1ی کانونی دووەمی 2023ەوە، بە دەرفەتە سنوردارەکانم، دەستم بە کەمپەینی هەڵبژاردن کرد، بەڵام ئەم هەنگاوە نەبووە زەنگێک بۆ جەماوەر و دامەزراوەکان.

لە سەرەتادا لە زیندانەوە هەولێکی نائاساییمدا کە بگەینە ئەو کەسانەی بڕیاری کوێرانەمان لەسەر دەدەن، نامە و پەیامم بۆ نزیکەی پێنج هەزار کەس نارد، هەوڵمدا، لە رێگەی هەزاران تویت و سەدان گۆتار و ریپۆرتاژەوە هەدەپە گۆڕەپانێک بۆ خۆی بکاتەوە، لەبەرئەوەی بۆشاییەکی گەورە هەبوو و کەسیش هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشاییەکەی نەدەدا یاخود، هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشاییەکەشی بدایە، سەرکەوتوو نەدەبوو.

بەڵام هەندێک لە هاوڕێیانمان لە بری ئەوەی لەم هەوڵانە تێبگەن، هەوڵیاندا خۆیان ببەنە پێشەوە، هەوڵیاندا بە بۆچوونەکانیان ئەم هەوڵانە لەبار ببەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کەموکورتیەکان، لاوازیەکان بە تەنیا بە رەخنە و پێشنیاز چارەسەر دەبن، نەک لە رێگەی هێرشی بێوەفاییەوە.

هەوڵمدا، پارتەکەمان و گەلەمان لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت، بەڵام بە داخەوە، بەهۆی کاریگەری ئەو کەسانەی لە باڵەخانەکاندا قسەی پڕوپووچ دەکەن، نەمانتوانی هاوسەنگی و یەکڕیزی دروست بکەن، لەبەرئەوەش بەر لە هەموو کەسێک کەموکورتی خۆم قبوڵ دەکەم و رەخنە لە خۆم دەگرم، پێویست بوو منیش زیاتر هەوڵ بدەم، پێویست بوو فشاریان لەسەر دروست بکەم کە هاوکاربن.

هەموو هاوڕێکانیشم پێویستە خۆیان رەخنەباران بکەن کە نەیانتوانی لە کاتی خۆیدا سیستمی ئاکەپە و مەهەپە شیبکەنەوە کە لەسەر من ئۆپراسیۆنی رەشکردنیان بەڕێوە برد.

بزووتنەوەی سیاسی دیموکراتی کورد، هاوشێوەی ئەوەی نەیتوانی شیکردنەوەی راست بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاکە بە گشتی بکات، هەروەها  دوور بوو لە خوێندنەوەی دروستی گۆڕانکاری و دڵشکاوی نێو کۆمەڵگەی کوردی.

ئاکەپە و مەهەپە لە 20ی تەمووزی 2016دا، دوای ئەو “کودەتایەی کە خۆیان کردیان”، ناوەندە سیاسی، کلتوری، راگەیاندن، ژنان و گەنجانی ئێمەیان داخست و دەستیان بەسەردا گرت و لە بری ئەوە سیستمێکی نەفرەتیان بنیاتنا.

لە هەموو شوێنێک بێکاری و گەندەڵی پەرەی پێدرا و منداڵە بچووکەکانیان بۆ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و کاری نائەخلاقی هاندا، لە ناکاودا ئەو گەنجانەی کە لەنێو پارتەکەماندا نرخیان هەبوو و بەهێز بوون، خۆیان بەبێ خاوەن بینیەوە، هەوڵیاندا بۆشاییەکانیان پڕ بکەنەوە، بەم شێوەیە بە هەزاران گەنجمان هەیە کە رووبەرووی کای نائەخلاقی، مادەی هوشبەر و سیخوڕی کراونەتەوە.

چینی ناوەڕاستی کوردیش، بەهۆی ئەوەی ترسی لە لەدەستدانی کارەکەی و نانەکەی هەیە، لە ئامانجە سیاسیەکەی بە خێرایی کشایەوە.

بەم شێوەیە نە شێوازی شۆڕشگێڕی و نە شێوازی ریفۆڕمخوازی نەیانتوانی جێگەی بگرنەوە، ئەوانەی ئەم بۆشاییەیان پڕ کردەوە ئەو کەسانە بوون کە تەنیا قسەی رادیکاڵیان هەیە و لەسەر مێزی (ئۆکەی) دادەنیشتن، ئەو کەسانەی جگە لە دروشم هیچیان پێ نەبوو، دەستیان بەسەر ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گرت و لە رووی لێهاتوویی و چەندایەتیەوە بوونە هۆکاری شکست، لە مامەڵەکردنی پاشایانە زیاتر، ڕۆڵی پاشایان بینی و بوونە دەسەڵاتداری ژینگەکە.

لێرە پێم وایە ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، شکست بەردەوام دەبێت، پێویستە ئێمە هەموو بابەتێک بکەینە کارمانەی سیاسی و چارەسەری بۆ کێشەی بچووکی کۆمەڵگا تاوەکو کێشەی گەورەی سیاسی بدۆزینەوە و رێکخستن بەهێز بکەین.

کوردەکان لە گوندەکانی شەمزینانەوە تاوەکو کوردانی ئەستەنبوڵ، تاوەکو ئێستاش بە شێوەیەکی بەهێز داوای مافی زمان، ناسنامە، کەلتوری دەکەن، کەس دەست لەم داواکاریانە هەڵناگرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کوردانە، لە ماڵپەڕی “ئامازۆن” پێڵاو، جلوبەرگی جوان دەبینن، گوێ لە موزیکی هەموو جیهان دەگرن، بە ئیرەییەوە سەیری کافێ و رێستۆرانەکان دەکەن، کورد کە پێشتر دوو بژاردەی هەبوو بۆ پێڵاوکڕینێک، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی بێسنور دەتوانێت پێڵاو هەڵبژێرێت، بەڵام قوروشێک پارەی لە گیرفاندا نییە، نابێت ئەم راستیە لەبیر بکەین، بەڵام نابێت خۆمان رادەستی ئەم راستیەش بکەین.

بە دروشم ئیدی کەس پێشناکەوێت، ئەگەر نەتوانرێت مۆدێرنیتەی دیموکراتی بۆ گەلێک کە مۆدێرنیتەی کاپیتالیست دەستی بەسەرداگرتووە شیبکرێتەوە و نەتوانرێت جێگرەوەیەک و ژیانێکی جوان و بەنرخ پێشکەش بکرێت، ناتوانرێت خۆمان لە شکستی کۆمەڵایەتی رزگار بکەین.

پێویستە ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر پارتەکەمان بە جددی وەرنەگرین و گرنگیان پێنەدەین، هیچ نرخێکی رەخنەی رووخێنەر و ئەو هەڵوێستە نییە کە رەنج نەکیشێت و بنیاتنەر نەبێت، پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسەش بکرێت، گومانم نییە کە گەلەکەمان بێ دوودڵی بەم شێوەیە دەجووڵێتەوە.

لەگەڵ ئەم هەموو کەموکورتیە، تاوەکو ئێستاش تێکۆشانێکی گەورە، رەنج و لەخۆبوردن و باجدانێکی گەورە هەیە، پێویستە لەو جۆرە هەڵوێستانەی کە زیان بە ئەم تێکۆشانە دەدەن دوورکەوینەوە و پێم وایە، بە هەنگاوێکی گەورەوە، وەڵامی پرۆسەکە دەدرێتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button